بەپێی ئه و پلانە ئەمنیە توندوتۆڵەی کە دانرابوو لەکاتی ئاشکراکردنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی #سلێمانی# و بەهەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش و هاتوچۆو و لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانیدا، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو بەهۆی دەربڕینی خۆشی (تەقەکردن) وە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ڕوینەداوە.
هەر بەپێی ئه و پلانە ئەمنیە هەرکەسێک لەکاتی دەربڕینی خۆشیدا پەنا بباتە بەر تەقەکردن بەتوندی ڕوبەڕوی یاسا دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داوا لەهاوڵاتیان دەکات لەکاتی بینینی کەسی تەقەکەردا دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی ئاگاداربکەنەوە بە ژمارەی هێڵی گەرمی (104) بەشی پۆلیسی فریاکەوتن، (105) بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا مەفرەزەکانمان بگەنە شوێنی ڕوداوەکە.
بەناوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی ترەوە سوپاسی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەکەین کە ئەمشه و لە کاتی ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پابەند بون بە ڕێنماییەکانی پۆلیسی سلێمانی و هێزە ئەمنیەکانی ترەوه و خۆیان بەدوورگرت لە تەقەکردن.
#04-10-2018#