لە ماوەی ڕابوردوودا، 3 بانگەوازی بە جیا لە لایان ژمارەیەک کەسایەتی ئاکادیمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ پۆلێک لە کەسایەتییه نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و هەروەها کەسایەتییەکی خەمخۆری کوردایەتی، دوویان ڕوو لە پارت و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و یەکیان ڕوو لە پارتی ئازادیی کوردستان بە تایبەتی، گەیشتووەتە سەرکردایەتی پارتی ئازادیی کوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستان، وێڕای پێشوازیی و قەدرزانیی لە ناوەرۆک و داخوازی هەر سێ بانگەوازەکە، سەرنجی خاوەنانی بەڕێزی بانگەوازەکان و هۆگرانی دیکەی ڕزگاریی کوردستان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەکێشێ:
1- بانگەوازەکان پێیان لە سەر پێویستیی دامەزراندنی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی بۆ وەدەسهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگرتووە. هەروەها داوای دەسپێکردنی گفتووگۆی حیزبەکانیان لە مەڕ ئه و بابەتە کردوە. پارتی ئازادیی کوردستان هەر وەک لە ڕۆژی لە دایکبوونییەوە و لە یەکەم بەیاننامەیدا، پێویستیی چێکردنی بەرەی یەکگرتووی کوردستانی، خستووەتە ڕوو؛ ئێستاش هاودەنگ و هاوڕا لە گەڵ واژۆکەرانی به پەرۆشی ئه و بانگەوازانە، لە سەر پێویستیی دامەزراندنی بەرەیەکی یەکگرتوو، لە پێناو وەدەسهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس، پێدادەگرێتەوە و هەر ئەمڕۆ بە بەشداری میدیا و ژۆرنالیستی ئازاد و سەربەخۆ، ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە ودەسپێکردنی گفتووگۆ لە گەڵ هەموو لایەنەکان، لە سەر ئه و پرس و بابەتە.
2- پارتی ئازادیی کوردستان گشت ئه و هەڕەشە و دەرفەتانەی بەڕێزانی واژۆکەری بانگەوازەکان سەبارەت بە ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خستوویانەتە ڕوو، بە درووست و ڕاستەقینە دەزانێ و لە گەڵ ناوەرۆکی پێشنیار و ڕێکار و داخوازەکانیانە بۆ زاڵبوون بە سەر هەڕەشەکان و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان.PAK هەر ئەمڕۆ ئامادەی هەڵگرتنەوەی هەنگاوی بەکردەوەیە.
3- پارتی ئازادیی کوردستان هەر لەم ماوەیەدا زیاتر لە جارێک، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی سەربازیی و بەرپەرچدانەوەی هاوبەشی پیلان و پلانەکانی تاران دەربڕیوە. لێرەدا و لە وەڵامی بانگەوازی بەڕێزاندا، ڕادەگەیەنین کە هەر ئێستا ئامادەین هێزەکانی #پێشمەرگە#مان، ئه و هێزانەی کە خاوەنی ئەزموونی شەڕی پارتیزانی و شاریی لە گەڵ داگیرکەرانی بەرفەرمانی تاران و قاڵبووی سێ ساڵ شەڕی سەرکەوتووانە لە گەڵ #داعش# و خاوەنی نەبەردی مێژوویی پردێن، بە هەموو چەک و چۆڵەکانیانەوە بخەینە چوارچێوەی سوپای میللی کوردستان وبەر فەرمانی فەرماندەییەکی بان حیزبیی، یان هاوبەش لە گەڵ حیزبەکان.
4- ئێمە پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە چاو دۆخی پڕش و بڵاو و لێکترازانەکانی دەیەی ڕابردووی ئه و لایەنانە، بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە پێوەندییەکانیاندا دەزانین؛ بەڵام بە وەڵامدەری پێویستییەکانی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نابینیین. ئه و ناوەندە بێجگە له و ئیرادانەی لە ناوەکەی هەیە، هەتا ئێستا ستراتیژێکی دیاریکراو وستراکچێرێکی ڕێکخراوەیی نییە. ئێمە یەکێتی و یەکگرتوویی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی(لە سەر بنەمای خەبات بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردی ڕۆژهەڵات لە ڕێگای هەڵبژاردن یان ڕێفراندۆمێکی ئازادەوە) و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چێ کردنی دەزگای دیپلۆماسی و ئاسایشی و ڕاگەیاندنی هاوبەش دا دەبینین. پارتی ئازادیی کوردستان، لە سەر ئەم پرسە و لە پێناو پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی و هەر بابەتێکی پێوەندییداری دیکە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئامادەی گفتووگۆلە تەک ناوەندی هاوکاریی و لایەنەکانی دەرەوەی ئه و ناوەندەیە.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
کۆمیتەی پێوەندییەکان
13ی ڕەزبەری 2718
#05-10-2018#