سەبارەت بە سلێمانی و ناسناوە ڕۆشنبیرییەکەی...
ئارام سدیق
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاوڕێیەکی هونەرمەند لە دەروازەی شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی لە ڕێی هەوڵێکی هونەرییەوە، ڕستەی (سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری) گۆڕی بۆ (سلێمانی پایتەختی وڕێنە)، بێگومان من ناچمە نێو ئەو باسەی سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیرییە یان نا، یان پایتەختی چ شتێکی دیکەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بەلای منەوە چەند سەرنجی کورتە لەسەر کارێکی لەم شێوەیە:
یەکەم سەرنج ئەوەیە ئایا ئەو هاوڕێیەی گوزارشتێکی وەکو پایتەخیتی ڕۆشنبیریی ڕەتدەکاتەوە خۆی چ شتێکی لە کایەی ڕۆشنبیریی ئەم شارەدا پێشکەش کردووە؟ ئایا کارە داهێنەرەکانی ئەم هاوڕێیە هێندە زۆر و گرنگ و لەم شارەدا بێ بایەخ سەیرکراون، یان ئەم کردەیە تەنها کاردانەوەیەکی بێ بنەما و بۆشە. من ئاگاداری وردەکاری تەواوی کاری ئەو هاوڕێیە نیم و کەمتر قسەم لەسەر کارەکەی ئەوە، بەڵکو هەست دەکەم کاری ئەم هاوڕێیە ئەوەندە کاردانەوەی ئەو لیشاوە قسەیەیە، کە لەسەر ئەم شارە دەکرێت و هەوڵن بۆ سووک سەیرکردن و قێزەنکردن و ناشیرینکردنی سیمای ئەم شارە ئەوەندە هەڵقوڵاوی هەستێکی هونەریی خاوێن و داهێنەرانەی یاخیگەر نییە، چونکە زۆرن ئەوانەی بە لێشاو دەڵێن ئەم شارە شاری ڕۆشنبیریی نییە، خۆشیان لە زەلکاوی نەفامی و گەندەڵی و کارنەکردندا چەقیون و تەنها هەنگاوێکی ڕۆشنبیرییان نەناوە و ئەوەی لە هەگبەیاندایە تەنها قسەی بێکردارە و خۆیان جگە لە مشەخۆر بەسەر جەستەی ڕۆشنبیریی کوردییەوە هیچی دیکە نین.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کێ ناوی پایتەختی ڕۆشنبیریی لەم شارە ناوە ئایا ئەوانەی ئەم ناوەیان لەم شارە ناوە کێن و چی لە کایەی ڕۆشنبیریی دەزانن؟ و چیان بۆ کایەی ڕۆشنبیریی لەم شارەدا کردووە؟ ئایا ئەمە تەنها ناوێکی بۆش و ساختەیە و بۆ مەرامی سیاسی و لەم شارە نراوە یان نا؟ لێرەدا دوو گریمانە دەخەینەڕوو ئەگەر ئەم ناونیشانە (پایتەختی ڕۆشنبیریی)ە لە دڵسۆزی کەسانێکەوە درابێت لەم شارە بەو پێیەی ئەم شارە خاوەنی قوتابخانەی شیعری بابان و هاوکات گرووپی ڕوانگە و ڕەهەند و دەیان بڵاوکراوە و کەناڵی تەلەفزیۆنی و شاعیرە ئەوا هێشتا کەموکورتە بەو پێیەی کار نەکراوە بۆ دەرکەوتنی سیمای ڕۆشنبیریی ئەم شارە و ناتوانرێت سیمای ڕۆشنبیریی بە کوچە و کۆڵان و شەقامە سەرەکییەکانییەوە ببینرێت. دووەم گریمانە ئەگەر بۆ مەرامی سیاسی و حزبیش ئەمە کرا بێت دیسان غەدر لەم شارە کراوە، چونکە ناکرێ هەر حزبێک ئارەزووی هەبوو ناسناوێکی بۆش و ساختە بۆ شارێک دابتاشێت، بەبێ ئەوەی ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی شارەکە بێت و کار بۆ ئەو ناسناوە بکرێت یان بکات.
خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج ئەوەیە هەموو ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی لە دە ساڵی ڕابردوودا باسیان لە وەهمی ڕۆشنبیربوونی سلێمانی، یان گوزارەی پایتەختی ڕۆشنبیریی هەبووە، بەشی هەرە زۆریان بە وشەیەک و پیتێک و هیچ کارێکی هونەری خزمەتی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییان لەم شارەدا نەکردووە. بەشی هەرە زۆریان جگە لە نووسەر و هونەرمەندی دەردەدڵکار و لە خۆڕازی و ساختە هیچی دیکە نەبوون. ئەگەر هەموو ئەوانەی بەحسان بە تەنگ ڕۆشنبیرییەوەن لەم شارەدا هەر یەکە و لەلای خۆیەوە بە کارێکی هونەریی، یان بە نووسینێکی داهێنەرانە، یان لانی کەم بە پاکڕاگرتنی ژینگەکەی و خاوێنهێشتنەوەی شەقامەکانی دەتوانن خزمەتی ئەو پاشگرە بکەن، کە بەناوی ئەم شارەوە لکێنراوە و ئەوان لایان وایە کە شایستەی نییە، بەڵام ئەوان یەکەم کەسن ئەو شایستەییەی لێ دەسێننەوە، نەک کەسانی دیکە.