بەڕێزان سەرۆک و جێگرەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
بەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
سەرەتا پیرۆزباییتان لێدەکەم بەو ئەرکەی پێتان سپێردراوە، هیوای ئارامی بۆ گەلی عێراق دەکەین.
ساڵێک بەسەر ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر تێپەڕبوو، کە سەرۆکوەزیران بە سەرپێچیکردنی ماددە 9 بڕگەی ئا ی دەستوور، دووبارە وەکو ڕژێمی پێشووی بەعس هێزی بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسە سیاسییەکان بەکارهێنا، کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، لەبری ئەوەی بێت و #داعش# لە خوارووی #کەرکووک# دەربکات، ئامانجی ئەوەبوو بێت دەسەڵات لە کەرکووک بکاتە دەسەڵاتێکی سەربازی.
لە مانگی 12ی ساڵی 2017 داوام لە سەرۆکوەزیرانی ئەوسای عێراق کرد کە بارودۆخی کەرکووک ئاسایی بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێکی نەبوو، دووبارە هەمان یاداشتم ئاراستەی سەرۆککۆمار و جێگرەکانی و سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی کرد، بەهەمان شێوە هیچ وەڵامێکیان نەبووە.
لە ڕووی متمانەم بە دادگای عێراقەوە، بەتایبەتی دادگای فیدراڵی، لە 15-3-2015 سکاڵام دژی سەرۆکوەزیرانی پێشوو تۆمارکرد، بەڵام بەداخەوە دادگای فیدراڵی لە بری ئەوەی بە 15 ڕۆژ وادەی بەرزکردنەوەی داوایەکە دابنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەکەی دانەناوە.
لە ماوەی ئەوساڵەدا دامودەزگا سەربازییەکانی حکومەتی فیدراڵی بە هاوکاریکردنی سەرۆکوەزیران و چەند وەزیرێک لەگەڵ ئیدارەی کەرکووک، کە ئێستا ئیدارەیەکی نادەستووری و نایاساییە، هەڵساون بە دووبارە گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە، کە سەدام حوسێن بە 35 ساڵ نەیتوانی ئەمکارە بکات، ئەمانیش پەرەیان پێیدا.
لە ئاساوارەکانی ساڵی ڕابردوو کە بەسەر شاری کەرکووک داهاتووە، کوشتن و شەهیدکردنی سەدان کەس و ئاوارەکردنی 150 هەزار کەس بۆ هەرێمی کوردستان، کە بە سوپاسەوە پێشوازیان لێیانکرد.
هاوکات دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنی فەرمانبەران و ئەشکەنجەدان و زیندانکردن و ڕاگرتن و دوورخستنەوەیان لە کاری وەزیفی بەهۆی ئینتیمای سیاسییەوە.
تا ئێستا 30 بەڕێوەبەر لە ئەرکەکانیان دەرکراون، ماڵ و بارەگای حیزبی و کەسایەتییە دیارەکان لەناو شاری کەرکووک کراونەتە بارەگای سەربازی بۆ ئەو سەربازانەی لە کەرکووکن.
بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە زیاتر بەرەو ئاقارێکی خراپتر نەچێت، داوا لە بەڕێزتان دەکەم بە زووترین کات ئەم داواکاریانەمان بکەنە ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردن و دەرکردنی بڕیاری دروست بۆ ئاساییکردنەوەی باردۆخی شاری کەرکووک.
1. نەهێشتی ڕواڵەتە سەربازییەکان، کە تاوەکو ئێستا لەنێو شارەکەدا ماوەتەوە، سزادانی هەر کەسێک کە بەشداری هەبووە لەو بارودۆخەی لە 16ی ئۆکتۆبەر و دوای 16ی ئۆکتۆبەر ڕوویاندا.
2. داوا دەکەیەن ڕۆڵتان هەبێت لە کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ئەوەی کارەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین.
3. ڕادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنی بە دەسەڵاتی مەدەنی.
4. ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارو ڕێکارانەی لە کەرکووک لەلایەن ئیدارەی ئێستای کەرکووک دەرکراون و لەلایەن دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکان لە ڕێگەی نەزاهە و ڕەقابە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دژەتیرۆر، جێبەجێ دەکرێن و هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکان و خەڵک دەستگیر دەکەن.
5. قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی سەرجەم ئەو کەسانەی لە ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر و دوای 16ی ئۆکتۆبەر زیانیان پێگەیشتووە.
ئێمەش هەموو هەوڵ و توانایەکمان لەگەڵتان دەخەینە گەڕ و هاوکار دەبین.
#08-10-2018#