50 پسپۆری ئابووری ئێران، زەنگی مەترسی لێدەدەن و هۆشداری ئەوە بەهەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران دەدەن، کە ئابووری ئێران هەرەس دەهێنێت، حکومەت و پەرلەمان و دادگا ئاگادار دەکەنەوە بارودۆخەکە زۆر لەوە مەترسیدارترە کە پێشبینی دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی ئیلینای ئێران بڵاویکردوەتەوە ئه و پسپۆرە ئابووریانە نامەیەکی کراوەیان ئاڕاستەی حکومەت کردوە و دەڵێن: داڕمانی بەهای تمەن کاریگەری وێرانکەری دەبێت ماوەی 75 ساڵە بەهای دراوی وڵات بەوشێوەیە دانەبەزیوە.
ئه و پسپۆرانە ڕونیدەکەنەوە ئه و سیاسەتە ئابوورییە هەڵانەی گیراوەتەبەر، مەینەتیەکانی خەڵکی ئێرانی زیاتر کردووە.
جەختدەکەنەوە، سیاسەتەکانی بەڕێوەبردنی دراو و نەختینە کە ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتوەتە 60% هەڵەیە، هەروەها بەڕێوەبردنی بازاڕی پێداویستییە سەرەکییەکان و دانانی نرخی هەڕەمەکی لەلایەن بازرگانان و هاوردەکاران لە سێ مانگی داهاتوو مەترسیە ئابوورییەکان زیاتر دەکەن.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهای دراوی ئێران بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی دۆلارێک گەیشتە 120 بۆ 200 هەزار ڕیاڵ.
بۆ پاڵپشتیکردنی ڕیاڵ و دابەزاندنی بەهای دۆلار، هەفتەی ڕابردوو، حکومەتی ئێران بڕێک دۆلاری زیادەی خستەبازاڕەوە و کۆمەڵێک ڕێوشوێنیشی ڕاگەیاند، وەک ڕێگەدان بە بازرگانان و نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی قورس هاوردە بکەن، کەمێک بەهای تمەن بەرزبووە، بەڵام لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دووبارەی بەهای دراوی ئێرانی بەرامبەر دۆلار دابەزییەوە.[1]
#09-10-2018#