لەبیقاعەوە بۆ قەندیل
مەحمود نەجمەدین
شەڕو ململانێی ناوخۆیی لەنێو حزبی کوردیدا پانتاییەکی فراوانی داگیرکردووە، بەجۆرێک دەفتەری مێژووی هەر حزبێکی کوردی هەڵبدەینەوە شڵپەی دێ لەخوێنا، سیخناخە لەشەڕ و کێبڕکێ و یەکتر سڕینەوە. سەرباری ئەو بارودۆخە ناهەموارەی گەلی کوردی تێدایە، کەچی سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕانی کورد لەهەموو پارچەکانی کوردستاندا سەرقاڵی ململانێ و یەکتر سڕینەوەن. لەباشوور حزبەکان لەگەڵ یەکتریدا و لەنێوخۆشیاندا سەرقاڵی یەکتر سڕینەوەن، حزبەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش هەر بەو شێوەیە سەرقاڵی یەکتر سڕینەوەن و کاری سەرەکی خۆیان، کە تێکۆشانە بۆ ڕزگاری گەلی کورد لە بیرکردووە.
لەدوای ڕاپەڕینی 1991ەوە بەشێک لەکوردستانی باشوور لەژێر چەپۆکی بەعس ڕزگار کرا، حکومەتێکی بچکۆلەو لۆکاڵی بەنێوی هەرێمی کوردستانەوە دامەزرا، وەک ئەوەی ئەم حکومەتە لۆکاڵییە بۆ شەڕ و یەکتر بڕینەوە و شەڕی ناوخۆیی دروستکرابێ. لەدوای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە شەپۆلێک لەشەڕی ناوخۆ لەنێوان لایەنە سیاسیە کوردیەکان بەرپا بوو. لایەنە شەڕکەرەکان پارتی و یەکێتی و حزبە بچکۆلەکان و پاشان شەڕی پەکەکەشی هاتەسەر. ساڵانێک لەم بەشە ئازادکراوەی کوردستاندا شەڕی براکوژی لاوانی ئەم وڵاتەی هاریوە. هەزاران گەنجی کورد بوون بەقوربانی و هەزارانیش لەماڵ و حاڵ و وڵاتی خۆیان هەڵهاتن و ڕویان لەتاراوگە کرد. هێشتاش ململانێکان بۆنی خوێنیان لێدێت. ئەوەتانێ لەم ڕۆژگارەدا، کە خەریکە گرێی بەختی کورد دەکرێتەوە و تروسکاییەک ڕووناکی و ئومێد لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەبینرێ و لەباکووریش دەنگۆی ڕاپەڕین هەیە و لەباشووریش بارودۆخەکە چاوەڕوانی هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێی بۆ کورد لێدەکرێت، کەچی ئێمە بۆ خۆمان سەرقاڵی یەکتر سڕینەوەین، شەڕێک دەکەین، شەڕی دوژمنەکانمانە.
پەکەکە حزبێک لە ململانێ
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 27ی سەرماوەرزی 1978 بە بەشداری بیست و سێ ئەندامی کۆنگرە دامەزرا، ئەم حزبە سەرەتا بەکاری سیاسی دەستی پێکرد، تا ساڵی 1984بوو بە ڕێکخراوێکی چەکداری. ئەندامانی ئەم حزبەو سەرکردایەتییەکەیان دەستیان بەکار و چالاکی سەربازی کرد. کەسی یەکەمی ئەم حزبە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، تا ئەمڕۆ لەزینداندایە، بەڵام ئەو کاریزمایەکە، نەک زیندان بگرە مەرگیش کۆتایی پێناهێنێ، کادیرانی حزبەکەی بەجۆرێک قەناعەتیان بە ئۆجەلان هەیە،خراوەتە بازنەی یەکێک لەپیرۆزەیەکانیانەوە. واتە لەزیندواندا هیچ کەس پیرۆز نییە ئۆجەلان نەبێ. پەکەکە لەمێژووی دروستبوونییەوە تا ئێستا بەکۆمەڵێک هەوراز ونشێودا گوزەری کردووەو توانیوێتی لێی دەرباز بێت. ئەگەر هۆکارێکی دەربازبوونی لە قەیرانەکان ئەوە بێت، کە حزبێکی مەبدەئی و خاوەن دیسپلینە، ئەوە هۆکارێکی دیکەش بوونی ئاپۆیە. ئاپۆ ئەو پیاوەیە، کە لای هەموو پەکەکە یەک هێڵی سوورە، هەر گەریلایەک، ئەندامێکی ئەو حزبە ئەو هێڵە سوورە ببەزێنێ واتە لەپەیڕەو و پرۆگرامی حزب لایداوە و ئەوەش لە پەیڕەوی حزب لادات پەکەکە نییە، گەرچی بڕیاری لەم شێوەیە وێنەی دیکتاتۆرییانە نیشان ئەدات، بەڵام بەدیوێکی تردا ئاماژەیە بۆ دڵسۆزی و کادرانی ئەو حیزبە بۆ سەرۆکەکەیان و هاوکات نهێنی مانەوەیانە لەبەرانبەر ئەو دوژمنە سەرسەخت و دڕندەیە، کە هەموو هێزەکانی ناتۆ و ڕۆژئاوا پشتگیری لێدەکەن. ئەو حزبە بەهۆی ئەوەی، بڕیار و ڕێنمایی و دنیابینیان تەنیا لای یەک کەسە، کە ئەویش ئۆجەلانە زۆر لە کێشە و گرفتی مۆدێلی حیزبایەتی کوردیان ڕەتکردوەو توانیویانە خۆیان لە دەستتێوەردانی دوژمنان و نەیاران دوربگرن. ڕێگا نەدەن ئنشیقاق و دووبەرەکی لە ناویاندا دروست بێت. لە تەواوی کۆنگرە و کۆنفراسەکانیدا پەکەکە تووشی کێشەو باڵباڵێن و قەیرانی تەکەتولات بووە و لەکۆتاییشدا بەپلان و بڕیاری ئاپۆ کۆنترۆڵ کراوە. هەرکەس سەرپێچی بڕیارەکانی ئەو بکات پەکەکەیی نییە. پەکەکە زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ تەکەتولات دەکات ئەویش ئەوەیە هەر کەس پەکەکەی بەدڵ نییە، دەبێت بچێتە دەرەوەی پەکەکە و بۆخۆی بەجیا خەبات بکات. ئەوەش پەکەکەی بەدڵە دەبێ بە پەیڕەو و پڕۆگرامی پەکەکە ڕازی بێت واتە بە ئاپۆیەتی ئۆجەلان ڕازی بێت.
کاتێ مێژووی پەکەکە دەخوێنیتەوە سەرسام دەبی بەو وزە زۆرەی ئۆجەلان لەچارەسەرکردنی قەیرانی تەکەتولاتدا، کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو کوتلە جیاوازانەدا کردووە و چۆن کۆنترۆڵی کردوون و لەکۆتایی هەموو کۆنگرەیەکدا بە نەتیجە پەکەکە ئەو حزبەیە، کە ئۆجەلان بڕیاری لەسەر ئەدات، هەیمەنەی ئۆجەلان بەسەر حزبەوە بە ئەندازەیەکە تەواوی سەرکردایەتیان بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەیەک سەیری دەمی ئەو دەکەن. ئێستێشی لەگەڵدابێت لەزیندانەوە بڕیار ئەدات. ئەمە بەلای هەندێک خەڵکەوە دیکتاتۆرییەتە و بەلای هەندێکی دیکەوە تەبایی ناو حزبە، لای کادیرانی پەکەکەش ئینتیما و ڕاستگۆییە بۆ مەرجەعەکەیان. جا کام بۆچوونە ڕاستە ئەوە شتێکی دیکەیە و ئەوەی گرنگە بەم سیاسەتە پەکەکە ماوەتەوە و بەردەوام پەل دەهاوێت و بەردەوامە لەسەر پەلهاوێژی و بەئاسانی دەتوانێ کۆنترۆلی دەوروبەری خۆی بکات.
ئۆجەلان وەک مەرجەع
لەنێو ڕیزەکانی پەکەکەدا ئۆجەلان ئەو کاریزمایەیە، کادیرانی ئەو حزبە لە هەموو حاڵەتێکدا وەک مەرجەع گەڕاونەتەوە بۆ قسەی ئۆجەلان. تەنانەت دەوڵەتی تورکیاش لەکێشەی کورد دا ئۆجەلان وەک مەرجەع دەبینێ بۆنموونە کاتێ زیندانیانی سیاسی مان دەگرن ئۆجەلان دەتوانێ بە پەیامێک ئەو مانگرتنە کۆتایی پێبێنێ، کاتێکیش دەوڵەت داوای ئاشتی دەکات ئۆجەلان وەک مەرجەعێک داوا لەگەریلا دەکات، کە لوولەی چەکەکانیان داگرن. وەختێکیش قسە دێتەسەر مەدەنییەت سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەموو ئەندام پەرلەمان و سەرکردەکانی حزبەکەی بۆ پرس و ڕا دەچنە ئیمرالی. هەرچی ساڵح موسلیمیشە قسەی تێدانییە خوێنکاری ئۆجەلانەو ئەسڵەن شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی پەکەکەیە. کەوایە ئۆجەلان ئێستا مەرجەعێکە بۆ باکوور و ڕۆژئاوا. ئیتر گرنگ نییە ساڵح موسلیم سەرۆکی بەرەی ڕۆژئاوایە یان کەسێکی دیکە، قەریلان سەرپەرشتی باڵی سەربازی دەکات یان جومعە جەمیل بایەک، سەڵاحەدین دەمیرتاش سکرتێری باڵی مەدەنی حزبەکەیە لەناو شارەکان یانژی عوسمان بایدەمیر. لەیلا زانا دەبێ بەسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد یان بارزانی. لەهەموو ئەو مەسەلانەدا ئۆجەلان وەک مەرجەع دەردەکەوێ و زیاتر قسەی خێر ئەکات، ئەمەش سیاسەتی تازەی ئۆجەلانە لەقۆناغی ئیمرالیدا. شەڕ لەنێوان باڵەجیاوازەکانی حزب یان لەنێوان پەکەکە و پارتیدا ڕوودەدات ئۆجەلان پتر وەک مەرجەع دەور دەبینێ. ئیتر ئۆجەلان نایەوێت وەک سکرتێر ڕۆڵ ببینێ، پتر وەک مەرجەعێک قسە دەکات تەنانەت زۆر جار دەوڵەتی تورکیاش کاتێ تووشی تەنگەژە دەبن پەنای بۆ دەبەن.
نازانم ئێستێ ئۆجەلان سەبارەت بەدۆخی زیندان چۆن بیردەکاتەوەو تا چەند ئاسوودەیە، لێ من وابیر دەکەمەوە زیندان بۆ ئۆجەلان ئاوی حەیات بوو. ئەگەر زیندان نەبوایە، ئۆجەلان وەک سەرکردەیەکی ئاسایی دەرئەکەوت، ئەگەر دەرفەتی چوونە ئەوروپاشی سەری بگرتایە وەک سەرکردەیەکی پەناهەندە دەبینرا. بەڵام ئۆجەلان، کە لەزیندانە شتێکی ترە، جارێ لە ساتی یەکەمی گیرانییەوە وەک سەرکردەیەکی کورد سەرنجی هەموو دنیای بۆ خۆی ڕاکێشا و سۆز و خۆشەویستی هەموو مرۆڤێکی کوردیش بۆ خۆی ڕاکێشا. بەمەش ئۆجەلان بوو بە سەرکردەیەکی ستەم لێ کراو.
لەناو کورد و گەلێک لەمیللەتانی ڕۆژهەڵاتدا دوو جۆر مرۆڤ قبوڵکراون و دەتوانن سۆزی خەڵک ڕاکێشن، ئەویش مرۆڤێک کە ستەم لێکراوبێت، مرۆڤێک سەرکردەو پاڵەوان بێ، لەم دۆخەیدا ئۆجەلان هەردوو خەسڵەتەکەی تێدایە. ئۆجەلان لەناو پەکەکەدا ئەو پاڵەوانەیە کە بڕیار دەدات و بۆچوونی ئەو لەسەرو هەموو بۆچوونەکانی دیکەوەیە. وەختێکیش لەپیلانێکی نێودەوڵەتیدا گیرا ئۆجەلان وەک سەرکردەیەک، مرۆڤێکی ستەملێکراو دەرکەوت. زیندان ئۆجەلانی لەزۆر بەڵای گەورە ڕزگار کرد، بۆ نموونە لەخەمی تەکەتول و باڵباڵێن، لەتانەوتەشەری دیکتاتۆربوون. بوونی کاتێکی زۆریش، کە ئۆجەلان لەزیندانە واتە ناتوانێ بەشداری هیچ چالاکییەکی سیاسی بکات، ئێ کەوایە دەبێ بخوێنێتەوە و بیر بکاتەوە و کتێب بنووسێ، ئەمەش واتە ئۆجەلان زیندان کردی بەنووسەرێکی بەناوبانگ و بیرمەندو مونەزیرێکی سیاسەت. لەهەموو ئەمانەش گرنگتر ئۆجەلان زیندان کردی بەمەرجەعێکی زۆر گەورە بۆ باکوور و ڕۆژئاوا. ئۆجەلانی سەردەمی بیقاع سەرکردەی حەوت سەد بۆ هەزار گەریلا بووە. بەڵام ئۆجەلانی زیندان سەرکردەی باکوور و ڕۆژئاوایە و کەم تا زۆر کاریگەری لەسەر بەشەکانی دیکە و یانژی حزبەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە. ئۆجەلان ئێستا وەک پەکەکەییەک قسە ناکات، بەڵکو وەک مەرجەعێک بڕیار ئەدات، مەرجەعێک لە ئیمرالییەوە بڕیار ئەدات ئاگربەست بکرێ یاخود نا. ئێستا ئاپۆ مەرجەعێکە هەموو ئەو حزب و ڕێکخراوانە سیاسی و سەربازییانەی باکوور و ڕۆژئاوا بەبڕیاری ئەو هەڵدەسووڕێن. ئەمەش سیاسەتێکی سەرکەوتووی ئەم پیاوەیە، کە بۆ هەر قۆناغێک جۆرێک بیرکردنەوەی هەیە و شێوەیەک چالاکی بەرجەستە دەکات. قۆناغی شەڕی چەکداری، خەباتی مەدەنی، ململانێی پەرلەمانی. ئایا ئۆجەلان ئەگەر لەزیندان نەبوایە دەیتوانی ئەو گەمە سیاسییە بکات؟ ئایا تووشی قەیرانی لەتبوون و لەیەکترازان نەدەبوو؟
وێنە لای پەکەکە
یەکێ لەسیاسەتەکانی پەکەکە دروستکردنی وێنەیە، لەناو ئەم حزبەدا جگە لەئۆجەلان هیچ کەس مافی پاڵەوان بوونی نییە، تەنێ شەهید ئەو مافەی هەیە، چوون شەهید چەند تەقدیس بکرێ ئاساییە، بەڵام کەسانی زیندوو لەنێو پەکەکەدا ناتوانن بگەنە پلەی ئاپۆ و شەهید هەر چەند ئازا و ژیریش بن، دەشێ پلەی بەرز وەربگرن لەنێو حزبدا، بەڵام وەک تەقدیس کردن نا، تەنێ کەسایەتی ئۆجەلان وەک موقەدەسێک سەیر دەکرێ، کە قسەی گەڕانەوەی نییە. جا بۆیە لەنێو ئەم حزبە دا وێنەی گرنگ ئاپۆ و شەهیدە، ئەگەر چاوێک بەمێژووی پەکەکەدا بخشێنینەوە دەبینین، وێنەیەکی دیکە کە ئەم حزبە گرنگی پێئەدا، وێنەی ژنە وەک پاڵەوان و قارەمانی داستانەکان. وێنەی کۆبانی، وەک شاری بەرخودان. ئەگەر دیقەت بدەین دەبینین پەکەکە گرنگی زۆر دەدات بەداستان و شەڕەکان. هەڵبەت گومانی تێدا نییە ئەم حزبە داستانی گەورەی تۆمار کردووە، بەڵام لەڕووی ڕاگەیاندنەوە ئەم حزبە کار لەسەر ئەو داستانانە دەکات و وێنەیەکی وای بۆ دروست دەکات، جیهان سەرسام دەکات. بۆ نموونە شۆڕشگێڕێکی وەک موسا لەکۆبانی. گومانی تێدا نییە موسا ئەو قەناس بەدەستەیە کە بۆ داعش بوو بووە گرێیەک و ترسێکی گەورە، بەڵام پەکەکە هات وێنەی موسای خستە بەرچاوی هەموو دنیا و تەنانەت وێنەیەکی فانتازی و سیحر ئامێزی پێبەخشی، بەجۆرێک، کە موسا قەناس بەدەستەکەی کۆبانی پتر وێنەی حەمەدۆکی تێدا دەبینین. موسا ئەو گەریلایەیە، کە داعش لێی دەترسان، ئەو داعشەی، کە جیهانی ترساندووە لەترسی کوڕێکی گەنجی قەناس بەدەست هەڵدەلەرزێ، وەختێکیش موسا دیار نامێنێ پەکەکە دیوێکی سیحری یانژی فانتازی دەداتە موسا، بەجۆرێک، کە هەندێک پێیان وایە موسا شەهید بووە و هەندێکی تر دەڵێن پەکەکە شاردویانەتەوە و نایانەوێت ببینرێت. هەندێک دەڵێن لەکۆبانێ یە، ئیتر وێنەیەکی وەها دراوە بەموسا، کە پتر لە حەمەدۆک دەچێ و لەخەیاڵدانی داعشدا موسا حەمەدۆکە دەشێ زیندوو بێ دەشێ مردووبێ، ترسێکە لەدڵی واندا هەمیشە هەیە و ئەفسانەیەکیشە هێشتا زیندووە، هەر وەک حەمەدۆک، کە هێشتا زیندووە، تەنانەت دوای مردنی یەشار کەمالیش حەمەدۆک زیندووە ئەوەتا ڕۆژانە لەنێو تورکیادا حەمەدۆک شەڕ دەکات، ڕاپەڕین هەڵدەگیرسێنێ. وێنەیەکی دیکە، کە پەکەکە ئیشی لەسەر کردوە وێنەی ژنانی کۆبانێ یە. ئینکاری ئازایەتی ژنانی کۆبانی ناکرێ، کە چۆن داعشیان هێنایە زەلالەت. لێ ئینکاری زیرەکی ڕاگەیاندنی پەکەکەش ناکرێ، چەند ورد و وەستایانە توانیان بەوێنەی ژن و کۆبانێ دنیا بتەننەوە. بە ئەندازەیەک کە ئەم حەرەکەیە لەگەڵ ئەوەی لەسەر خەتی وڵاتانی دژە ئەمریکایە کەچی ئەوەتا ئەمریکا یارمەتییان ئەدات. پەکەکە لەسەرەتای دروستبوونییەوە ئیش لەسەر وێنە دەکات.
خوێنەرانی ئازیز ئەم کتێبەی بەردەستتان دیدارێکە لەگەڵ ئەدیب و سیاسەتمەدار محەمەد ئەمین پێنجوێنی. کە بە پردی باکوور و باشوور ناسراوە، ئەم پیاوە هەم لەبورای ئەدەب و هەم لەبواری سیاسەتدا جێ دەستی دیارە و ساڵانێکی زۆرە لەناو سیاسەتدایە وەک خۆی دەڵێ لەگەنجێتییەوە دەستم بۆ سیاسەت و ئەدەب بردووە، مامۆستا محەمەد لەپێنجوێنەوە سەری هەڵدا و گەیشتە نێو ڕیزەکانی حزبی شیوعی و شەمەندەفەری سیاسەت ئەوی بۆ نێو ڕیزەکانی گەریلاکانی پەکەکە برد، پێنجوێنی ساڵانێک وەک ڕاوێژکارو کەسایەتییەکی نزیک لەپەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕاوێژی پێکراوە. محەمەد ئەمین پێنجوێنی لەم دیدارەدا باس لەمێژووی پەکەکە و کێشە و گرفتەکانی دەکات، لەبارەی شەڕە نەویستراوەکانی حزبی کوردییەوە دەدوێت کە ڕۆژگارێک کوردستانی تووشی نارەحەتی و قەیران کرد. ئەم دیدارە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی پەکەکە و شەڕی قێزەون و جەرگبڕی حزبە کوردییەکانە، ئەو شەڕەی، کە بووە بەپەڵەیەکی ڕەش بەتەختی نێچەوانی کوردەوە، لەبارەی مێژووی شەڕ و ئاشتەوایی و دانووسانەکانە. لەم دیدارەدا مامۆستا محەمەد باسی چەند وێستگەیەک لە شەڕی براکوژی نێوان حزبە کوردییەکانی باشوور و شەڕی باشوور و باکوور دەکات. یەکێ لەو وێستگە گرنگانە، کە دەکرێ شیکاری زیاتر و زۆرتری بۆ بکرێ. وێستگەی ڕێککەوتنی دەوڵەتی تورکیای سەردەمی ئۆزاڵە لەگەڵ پەکەکەدا، کە جەلال تاڵەبانی نێوەندگیری کردووە. ئەو وەختە مام جەلال ڕۆڵێکی زۆر گرنگی بینیوە لەنێوەندگیری پەکەکەو تورکیای سەردەمی ئۆزاڵ دا، محەمەد ئەمین پێنجوێنی باس لەو ڕێککەوتنە دەکات، کە بڕیار وابووە ئەگەر سعودییە ڕەزامەندی لەسەر بێت کوردستانی باشوور بخرێتە سەر باکوور و فیدرالییەتێک یان حوکمێکی خۆجێی یان هەبێ، بەڵام سعودیە بەوە ڕازی نەبووە خاکی عەرەب بخرێتە سەر تورکیا، بەناڕەزایی سعودییە ئەم پرۆژەیە شکستی هێناوە. ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، هەڵوەستەی لەسەر بکەم، ئەوەیە ئەو وەختە جەلال تاڵەبانی و ئۆجەلان دەستیان بۆ بابەتێک بردووە، کە زۆر حەساس و ترسناک بووە، لێ زۆر ژیرانە چووەنەتە نێو ئەو بابەتەوە وەختێکیش زانیویانە ئەوە کارێکی ئەستەمەو نابێت و ناشێت زۆر ژیرانە لێی هاتووەنەتە دەرەوە و نەیانهێشتووە گەل تووشی قەیران و نەهامەتی بێت. بەڵام ئەوەتا ئێستێ حوکمڕانەکانی ئەمڕۆی کوردستان تەنێ لەسەر هەناردەکردنی نەوت کوردستانیان تووشی ئەم دۆخە مەترسیدارە کردووە، ئەمە لەکاتێکدا دۆسێی ویلایەتی موسڵ زۆر گەورەتر و مەترسیدارترە وەک لەدۆسێی نەوت.
ئەم دیدارە لەبەرواری 6/12/ 2014 سازداوەو بەزنجیرە لەرۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاو بووەتەوە