هاونیشتمانانی بەڕێز!
کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان!
ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!
لە درێژەی گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدامی تێکۆشەرانی ئازادیخوازی کورد، ڕۆژی 16ی ڕەزبەر، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی، حوکمی لە سێدارەدرانی #هیدایەت عەبدۆڵڵاپوور#،زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری #ورمێ#، لە لایەن لقی 47ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسەند کرا.
ئەوە لە کاتێکدایە کە دیوانی باڵای وڵات پێشتر حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدۆڵڵاپووری ڕەت کردبووە و بە پارێزەر و بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە ناوبراو بێ تاوانە، بەڵام مخابن لەژێر گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، بۆ جاری دووەم، بڕیاری لە سێدارەدرانی دەرکرا.
هیدایت عەبدوڵڵاپوور، لە ڕێکەوتی 26ی جۆزەردان ساڵی 1395ی هەتاوی، وێڕای شەش هاووڵاتی دیکەی شاری #شنۆ# و دەورووبەری دەستگیر کرا.
دوا بە دوای شەپۆلی کەم وێنەی ناڕەزایەتیەکان و بێزاریی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە ڕێژیم وهەروەها بەرینبوونەوەی خەباتی گەلی کورد دژ بە سیاسەتی هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانیان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕەوتی زیندانی کردن و ئێعدامی چالاکان و ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی چڕتر کردووەتەوە. تێکۆشەران و زیندانیانی سیاسیی کورد وێڕای بێبەشبوون لە مافی بەرگریکردن لە خۆیان، لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دەکرێن و تاوانی ئەمنییەتییان دەخرێتە پاڵ و حوکمی ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێڕان، هاوکات ئەوڕۆ کە 10ی ئۆکتۆبر؛ وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە حوکمی سێدارەیە، وێڕای مەحکوومکردنی بڕیاری ناڕەوای ئێعدامی زیندانیی سیاسیی کورد هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و تێکۆشەرانی ئازادیخوازی کورد، داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە دژ بە سیاسەتی لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانیان و سەرکوتی سیستماتیکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوەستنەوە و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان هەڵببڕن.
لە هەمانکاتدا داوا لە ڕێکخراوەکانی داکۆکی کاری مافی مرۆڤ و کۆڕ و کۆمەڵە مرڤدۆستەکان دەکەین کە بەرامبەر بە تاوانەکان و سیاسەتی دژە مرۆیی ئەم ڕێژیمە بێدەنگ نەبن و هەڵوێست بگرن. داواکاریشن بە هەر ڕێگایەکی مومکین کە بۆیان دەکرێت، فشار بخەنە سەر ڕێژیم بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە ئێعدام و سەرکوتی ڕۆڵەکانی گەلی کورد.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
17ی ڕەزبەری 1397ی هەتاوی
#10-10-2018#