دواڕۆژ، عیماد جەباری
بەپێی ئامارێک کە دواڕۆژ دەستی کەوتووە، دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو کە هێزە عێراقییەکان مەلەفی ئەمنی #کەرکووک#یان گرتەدەست ڕووداوە ئەمنییەکان لەشارەکە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زیادیکردووە.
بەپێی ئەو ئامارە کە لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستکەوتووە، لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ لەسەنتەری شاری کەرکووک زیاتر لە 761 ڕووداوی ئەمنی ڕویانداوە لەتاوانەکانی کوشتن، ڕفاندن، تەقاندنەوەی بۆمب، تەقینەوەی ئۆتۆمبێل، دزینی ئۆتۆمبێل و هەڵکوتانە سەر ماڵان بەچەکەوە.
هەر بەپێی ئەو ئامارە زیاتر لە 360 تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل و دزینی ماڵان تۆمارکراوە کە ئەگەر بەسەر ساڵەکەدا دابەشبکرێت ئەوە ڕۆژی دزییەک کراوە و تەنها لە 10 مانگی ئەمساڵیشدا 85 ئۆتۆمبێل دزراون کە 35 ئۆتۆمبێڵیان گەڕێندراونەتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
ئازاد جەباری، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە دواڕۆژی وت: هێزە عێراقییەکان بەشێکیان چەکدارانی #حەشدی شەعبی#ن و بەجلوبەرگی #وەزارەتی ناوخۆ#وە دەرکەوتوون، ئەزمونیان نییە و ئامارەکانیش گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن کە ناتوانن ئاسایشی کەرکووک دابینبکەن و خۆشیان دانیانناوە بەو شکستەیاندا.
وتیشی: لەئێستادا پێویستە چاو بەپلانی ئەمنی هێزەکاندا بخشێنرێتەوە و #پێشمەرگە# و ئاسایش لەمەلەفی ئەمنیدا بەشداری پێبکرێت، چونکە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان کەرکووک خۆیان بەدانانی گومرک و مشەخۆرییەوە سەرقاڵ کردووە.[1]
#16-10-2018#