ساڵێک بەسەر ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا تێپەڕدەبێت، لەو ڕۆژەدا کورد زیاتر لە 51% خاکی باشوری کوردستانی لەدەستدا و #کەرکووک# و ناوچە دابڕێندراوەکان کەوتنە دەستی سوپای عێراق و #حەشدی شەعبی#، تا ئێستا و ماوەی ساڵێکە حوکمی سەربازیی لەو ناوچانە بەردەوامە و لە ژێر دەستی سوپا و حەشدی شەعبییدان.
ڕۆژنیوز لەم دۆسیەیەدا تیشک دەخاتە سەر ڕووداوەکانی ناوچە دابڕێندراوەکان، ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەر و کاریگەریی و دەروهاویشتەکانی لە کەرکووک و ئەو ناوچانەی تر کە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەستیان بەسەردا گرت.
کەرکووک بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست دادەنرێت، مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا، لەڕووی سامانی سروشتیی و بەتایبەت نەوتەوە، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین شارەکانی جیهان هەژماردەکرێت، چوار پێکهاتەی سەرەکی لە کەرکووک دەژین (کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشور).
لەڕووی مەزهەبییشەوە دانیشتوانی شارەکە بەسەر سوننە و شیعەدا دابەش بوون، جگە لە بوونی کوردانی کاکەیی.
بەپێی سەرژمێرییەک کە لە ساڵی 2014 لە ڕێگای فۆرمی خۆراکەوە ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتوانی کەرکووک زیاترە لە 900 هەزار کەس، کە نەتەوەی کورد زیاتر 50%ی دانیشتوانی شارەکە پێکدەهێنێت.
زیاتر لە 40 گەڕەک لە کەرکووک بوونیان هەیە، هەرسێ شارۆچکەی (#داقوق#، دوبز، حەویجە)-ی لەسەرە، هەروەها 16 شارەدێ و زیاتر لە 500 گوند سەر بە کەرکووکن، کە پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان بەسەر شارۆچکە و شارەدێ و گوندەکاندا دابەش بوون.
کەرکووک بە چوارەم گەورەترین پارێزگا لە عێراق هەژمار دەکرێت، لە ساڵی 1927 لە کێڵگەی نەوتی باباگوڕگوڕ دەست بە دەرهێنانی نەوت کراوە، شارەکە خاوەنی چوار کێڵگەی نەوتی گەورەیە کە پێکدێن لە (باباگوڕگوڕ، زەمبور، بای حەسەن، هاڤانا)، بوونی ئەو کێڵگە نەوتییانە و سامانی سروشتی، کەرکووکی کردووەتە ناوەندێک بۆ ململانێی هێزە ناوخۆ و دەرەکییەکان.
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، کەرکووک لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە حکومەتی عێراق بووە، سەرجەم فەرمانگە حکومیەکان سەر بە ناوەند بوون، جگە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خوێندنی کوردیی، بەڵام کورد بەهێزترین پێکهاتەی شارەکە بووە، بە جۆرێک زۆربەی بەڕێوەبەری فەرمانگە و دامەزراوەکان کورد بوون، هەروەها دۆسیەی ئەمنیی شارەکە لە دەستی کوردا بوو، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن پشکی کورد بوون.
باڵادەستبوونی کورد لە شارەکە، نەبووە هۆکار بۆ سەقامگیربوونی کەرکووک لە ڕووی ئەمنییەوە، ڕۆژانە تەقینەوە و حاڵەتی کوشتن و ڕفاندن تۆمار دەکران، تا ئێستاش ئەو حاڵەتانە بەردەوامییان هەیە.
لەپێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەکان لە ئاستێکی باشدا بوو، نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان پێکەوە دەژیان، ئەمەش بووبووە جوانترین نمونەی پێکەوەژیانی دیموکراتییانە، وەک نەتەوەکانی کەرکووک خۆیان باسی لێوەدەکەن ئەو پێکەوە ژیانە ڕەگی داکوتاوە و هەمیشە وەک برا و خوشک دەژین، ئەو ناکۆکییانەی کە باسی لێوەدەکرێت سیاسییەکان دروستی دەکەن و ئەوان خوڵقێنەری فیتنەوە و ئاژاوەن.
لە سەرەتای ساڵی 2014 و لەگەڵ سەرهەڵدانی چەتەکانی #داعش# و داگیرکردنی شاری #موسڵ# و بەشێک لە شار و ناوچەکانی باکور و ناوەڕاستی عێراق، بەهۆی بەرگریی نەکردنی سوپای عێراق، چەتەکانی داعش توانیان شارۆچکەی حەویجەی سەر بە کەرکووک و شارەدێکانی (زاپ، ڕیاز، ڕەشاد، عەباسیە)ی سەر بە حەویجە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، وە هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووکیان دەکرد.
بۆ بەرگرییکردن لە شاری کەرکووک، هێزەکانی #پێشمەرگە# بە درێژایی سنووری باشور و ڕۆژئاوای کەرکووک سەنگەری بەرگرییان لێدا و لە ناوچەکە جێگربوون و بۆ ماوەی زیاتر لە دووساڵ هاوشان لەگەڵ گەریلاکانی #هەپەگە# و یەکینەکانی ژنانی ئازادی ستار (یەژا ستار) بەرگرییان لە شاری کەرکووک کرد و چەندین جار هەوڵی داگیرکردنی کەرکووکیان لە لایەن چەتەکانی داعشەوە تێکشاند.
بڕیاری ڕیفراندۆم
ساڵی 2017، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، کاردانەوەی ناوخۆیی هەرێمی و جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا، حکومەتی عێراق هەڕەشەی توندی لە حکومەتی هەرێم دەکرد، جگە لەوەی کە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون، تورکیا زیاد لە جارێک هۆشدارییدا لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەمریکاش لەرێگەی ڕیکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەوکاتیەوە نامەیەکی ئاراستەی #مەسعود بارزانی# سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان کرد، داوایکردبوو ڕیفراندۆم دوابخات و واشنتۆنیش هەوڵی تەواو دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەگەر کێشەکانیش وەکو خۆیان مانەوە، دوای ساڵێک هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدات و ئەوکات ئەمریکا پشتیوانییان دەکات، بەڵام مەسعود بارزانی سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بڕیاری دا بە ئەنجامدانی لە 25-ی ئەیلولی 2017.
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە دابڕێندراوەکان، #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ی کردە دوو بەرەوە، جگە لە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری ئەوکاتی کەرکووک، یەکێتی لە کەرکووک هەر زوو هۆشداری دا لە تێکچوونی دۆخی کەرکووک و لەدەستدانی شارەکە.
ئەوکات ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک، لەکاتی کۆبوونەوەیەکی حزبە کوردستانیەکانی کەرکووک، ڕایگەیاند: میتی تورکیا پیلانی تێکدانی دۆخی کەرکووکی هەیە و نابێت ڕیفراندۆم لە کەرکووک ئەنجام بدرێت.
لە کەرکووک ڕیفراندۆم ئەنجامدرا.
دوای ڕیفراندۆم، کەرکووک بە دۆخێکی ناسەقامگیردا تێپەر دەبوو، ترس و دڵەڕاوکێ باڵای بەسەر کەرکووکییەکاندا کێشابوو، بەڵام فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە دڵنیاییان دەدا کە مەترسیی هیچ هێرشێک لەلایەن هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە بۆسەر کەرکووک بوونی نیە.
لە ڕۆژی 14ی ئۆکتۆبەر فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە نزیک گوندی مەکتەب خالید لە باشوری کەرکووک کۆبوونەوە، دواتر فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە دڵنیاییان دایەوە هاوڵاتیان کە هیچ مەترسییەک لەسەر کەرکووک بوونی نیە، بەڵام شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، لە گوندی بەشیر-ەوە لە سنووری شارەدێی تازە لە باشوری شاری کەرکووک دەستیان بە جوڵە کرد بەرەو شارەکە.
لە چەند شوێنێکی کەم نەبێت، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ڕووینەدا، لە کاتی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا زیاتر لە 50 پێشمەرگە شەهید بوون، ئەو ژمارە کەمە گەریلایەی کە لە سنوورەکەدا بوون هاوشان لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆبەخشی سنوورەکە دەستیان بە بەرگریی کرد، بەڵام بەهۆی کەمیی ژمارەیان ناچار بوون پاشکەشە بکەن، هەر لەو ڕۆژەدا لە داقوق هۆگر باران، کادری پارتی کرێکارانی کوردستان-#پەکەکە# شەهیدبوو.
لە بەرەبەیانی 16ی ئۆکتۆبەر، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەتەواوەتی کەرکووکیان کۆنترۆڵ کرد.
ترسی بەشێک لە کوردانی شاری کەرکووک لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، وای لە بەشێک لە دانیشتوانی کوردی شاری کەرکووک کرد شارەکە چۆڵ بکەن، بەو هۆیەوە زیاتر لە 200 هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەڵام دوای دوو ڕۆژ، بەشێک لە دانیشتوانی ئاوارەبووی شاری کەرکووک دووبارە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لەگەڵ ئەوەدا تا ئێستا نزیکە 500 خێزانی کەرکووک نەگەڕاونەتەوە بۆ شارەکە.
دوای 16ی ئۆکتۆبەر، جگە لە شاری کەرکووک، تەواوی شارۆچکە و شارەدێکانی سەر بەو پارێزگایە، جگە لە شارەدێی قەرەهەنجیر، کەوتە دەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی.
لە میانی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، نەجمەدین کەریم پارێزگاری ئەوکاتی کەرکووک و ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، شارەکەیان بەجێهێشت، دواتر بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق، ڕاکان جبوری وەک پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت دەستنیشان کرا، دواتریش ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرداگرتنی کەرکووک ناونرا (چەسپاندنی یاسا).
هەرزوو ڕاکان جبوری، بە پشتگیریی سوپا و هێزە ئەمنییەکان، دەستی کرد بە هەڵمەتی داگیرکردنی زەویە کشتوکاڵەکانی کورد لە دەوروبەری کەرکووک، هەروەها چەندین فەرمانبەر و بەڕێوەبەری کوردی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە، ئەمەش بەوتەی خۆی بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک، بۆیە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە کورد لە کەرکووک دةيان پۆستی باڵای لێسەندراوەتەوە.
دۆخی ئەمنیی شارەکە و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ناسەقامگیرە و دەیان تەقینەوە و حاڵەتی ڕفاندن و کوشتن ڕوویانداوە و قوربانییان لێکەوتووەتەوە، ناوبەناو چەتەکانی داعش جووڵە و کردداری تیرۆرستیان هەیە و سوودیان لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرگرتووە کە لە دەوروبەری کەرکووک و بەشێک لە ناوچە دابڕێنراوەکان دروستبووە، بەتایبەت لە داقوق هەڕەشەی جدییان لەسەر گوندە کاکەییەکان دروستکردووە، بەشێوەیەک بەشێک لە دانیشتوانی کاکەیی ئەو ناوچەیە ناچاربوون بەهۆی هەڕەشەکانی داعشەوە گوندەکانیان چۆڵبکەن.
لە شارۆچکەی #خانەقین# و شارەدێی گوڵاڵەش داعش بە هەمانشێوە جموجوڵی هەیە و مەترسیی لەسەر دانیشتوان دروستکردووە، هێزە عێراقییەکان چەند جارێک لەناوچە جیاجیاکان ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجامداوە بۆ ڕاوەدوونانی چەتەکانی داعش، هەر ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە وای لە کورد کردووە داوا بکات هێزە کوردییەکان بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەدەستیداوە.
تورکیاش بە بیانوی پاراستنی تورکمانەکانی کەرکووک، بەناوی پاسەوانەوە هێزێکی 500 کەسیی بۆ بەرەی تورکمانی پێکهێناوە، کە هەنگاوی لەو شێوەیە ڕۆڵی دەبێت لە ئاڵۆزترکردنی دۆخی کەرکووک.
هەر لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، دۆخی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەبەردەم مەترسیدایە، بەو پێیەی هەردوو حکومەتی هەرێم فیدراڵ یارمەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی نادەن، بۆیە هەم مامۆستایانی خوێندنی کوردی هەوڵدەدەن ڕاژەکانیان بگوازنەوە سەر حکومەتی فیدراڵ، هەم خوێندکارانیش دەیانەوێت خوێندنی کوردی بەجێبێڵن و گرفتی ئەوەیان هەیە دواتر نە لە زانکۆکانی هەرێم، نە لە زانکۆکانی سەر بە حکومەتی فدراڵیش دەتوانن بخوێنن.
بەم دواییانەش حکومەتی عێراق بڕیاریدا چەند خاڵێکی گومرگی لەنێوان کەرکووک و شارەکانی تری هەرێم دابنێت، کە لەئەگەری دانانی ئەو خاڵە گومرگییانە لەرووی ئابوری و داهاتەوە زیان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگات و ئەگەری هەیە سەر بۆ بەرزبوونەوەی نرخی شمەک و کاڵا بکێشێت.
دوای 16ی ئۆکتۆبەر کەرکووک لەرووی ئیداریشەوە گرفتی گەورەی بۆ دروستبووە. تا ماوەی پێشوو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەی نەدەکرد، بەڵام لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەنجومەنەکە دوو کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی ئەنجامداوە، بێ ئامادەبوونی ئەندامانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە ئەنجومەنی پارێزگا، بەو پێیەی ئامادە نین بگەڕێنەوە کەرکووک، ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنەکەش لە #هەولێر#ە و بەهەمانشێوە ئامادە نییە بگەڕێتەوە کەرکووک.
بەڵام بڕیارە پێکهاتەکانی کەرکووک دووبارە دەستبکەنەوە بە دابەشکردنەوەی پۆستە گرنگ و سەرەکییەکانی ئەو پارێزگایە، لەو چوارچێوەیەشدا کورد سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و یەکێتی بە پشکی خۆی دەزانێت، پارتیش لەگەڵ ئەوەی هیچ بەرپرس و ئەندامێکی نەگەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام دەڵێت کاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.[1]
#17-10-2018#