بڕیارە لە #گەرمیان# شارێکی گەورەی پیشەسازی دروستبکرێت، ڕووبەری ئەو پرۆژەیە 2400 دۆنمه و، هەلی کار بۆ 25 هەزار کەس دابیندەکات
ئیدارەی گەرمیان بانگهێشتی سەرمایەدارانی باشووری کوردستان دەکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە بواری بازرگانی و پیشەسازیدا لەم پرۆژەیەدا بکەن کە ئامانجی پرۆژەکە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دابینکردنی هەلی کارە بۆ زیاتر لە 25 هەزار کەسی
بێکار.
یونس ئەحمەد جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: ''پرۆژەکە لەڕووی ئابووریی و دابینکردنی هەلی کارەوە بۆ دەرچووانی زانکۆ گرنگی خۆی هەیە و بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە گەرمیان و کوردستانيش دەبووژێتەوە.
شاری پیشەسازی گەرمیان نەخشەی بنەڕەتی و ماستەرپلانەکەی تەواو کراون، وەبەرهێنانی گەرمیان چاوەڕێی ئیدارەی گەرمیانە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دۆسیەی پڕۆژەکەیان ڕادەست بکات. دوای تەواوکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی، دەستدەکرێت بە دیاریکردنی شوێنی کارەگەکان بەمەستی بونیات نانیان، زەوی پڕۆژەکەش بێبەرامبەر دەدرێت بە وەبەرهێنەکان.
روبەری پرۆژەکە 2400 دۆنمە و دەکەوێتە دەشتاییەکانی نێوان هەرسێ گوندی گردەگۆزینه، شێخلەنگەر و دێبنەوە. پرۆژەکە لە هەشت بەش پێکدێت، خۆراک، کارەبا، کانزاکان، پترۆ کیمیایی، کاغەز، ئاو و بەشی چاککردنەوه و نیشتەجێبوون.
واپێشبینی دەکرێت زیاتر لە 1500 کارگەی گەوره، مامناوەند و بچوک لە پرۆژەکەدا دروست بکرێن. بچووکترین ڕووبەری دیاریکراو بۆ دروستکردنی کارگەیەک 3000 هەزار مەترە.
پرۆژەی ڕیسایکلین لەم پرۆژەیەدا دروستدەکرێت، ئاوی بەکارهاتووی کارگەکان دەپاڵێوێت و بەشێک بۆ خواردنەوە و بەشەکەی دیکە بۆ ئاودانی و سەوزایی نێو پرۆژەکە بەکاردەهێنرێت.
بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەک، کارەبا قیرتاو و شۆسته و ئاو و ئاوەڕۆ و سەوزایی تەواوبکرێن. تێچوی هەموو ئەوانەش بهپێی خەمڵاندنی بەشی هونەری ئیدارەی گەرمیان 116 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.[1]
#17-10-2018#