لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری 2017، هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش لەڕووی ئابوورییەوە زەرەرێکی زۆریان بەرکەوت و عێراق لە هەناردەنەکردنی نەوتی #کەرکووک# زیاتر لە 5 ملیار دۆلار زیانی کردووە.
لەدەستدانی زیاتر لە 50%ی خاکی هەرێمی کوردستان گەورەترین زیانی نیشتمانی و ئابووری، لە هەرێمی کوردستان داوە، هەروەها هەناردەنەکردنی نەوتی کەرکووک لەرێگەی بۆری کوردستان-جەیهان، زیانی گەورەی لە داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق داوە.
پێش 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 دا نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 57 دۆلار بوو. بەو پێیەی نرخی نەوتی کوردستان 10 دۆلار خوارەوەی برێنت دەفرۆشرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو نرخە و بە هەناردەکردنی ڕۆژانە 520 هەزار بەرمیل نەوت نزیکەی 775 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبوو، بەڵام دوای 16 ئۆکتۆبەر ڕۆژانە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل لە هەناردەکاری نەوتی هەرێمی کوردستان کەمبووەوە و بووە هۆکاری دابەزینی بەرچاوی داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە پێش 16 ی ئۆکتۆبەر و لە سەرەتای 2017 دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ڕوویکردبووە پاشەکەوتکردنی مووچە، بەڵام لەدەستدانی دوو کێڵگەی نەوتی گەورەی بای حەسەن و هاڤانا، گورزێکی گەورەی لە سامانە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دا. هاوکات بووە هۆکاری کەمبوونی متمانەی کۆمپانیا نەوتییەکان بە هەرێمی کوردستان لەبەر ئەو ڕەوشە سیاسییە نوێیەی کە هاتە ئاراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بوو، پێدانی حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان دوابخات و گەڕاندنەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانیش ڕابگرێت.
بەڵام گۆڕانکارییەکان لە بازاڕی جیهانی نەوتدا یاوەری هەرێمی کوردستان بوو. لە سەرەتای ساڵی 2018 بەدرێژایی 9 مانگی ڕابردوو، نرخی نەوت لەسەرخۆ بەرزبووەوە. هەرچەندە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستیدا گەیشتە 350 هەزار بەرمیل، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی نەوت، بووە هۆکار بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت دوای چاکسازییە ئابوورییەکان، داهاتێکی ئەوتۆ بەدەستبهێنێت کە لەگەڵ ئەو داهاتەی کە لە بەغداوە بە فشاری نێودەوڵەتی مانگانە دەنێردرێت، بتوانێت مووچەی کارمەندان دابین بکات و دەست بە جێبەجێکردنی هەندێ پرۆژەی خزمەتگوزاری گشتیش بکاتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، بەهۆی ئەوەی هێشتا حکومەتی عێراق ڕازی نەبووە نەوتی کەرکووک لەرێی بۆری کوردستان-جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، زیانێکی گەورە لە داهاتی عێراق کەوتووە.
مانگی ڕابردوو، سەفین دزەیی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی بەغدا ڕازی نییە بە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک، زیانی ماددی زۆری بەرکەوتووە. حکومەتی عێراق بەهۆی هەناردەنەکردنی نەوتی کەرکووک لەرێی بۆری کوردستان لە ماوەی یەکساڵ زیانی زیاتر لە 5 ملیار دۆلاری بەرکەوتووە، کە یەکسانە بە 6%ی کۆی داهاتەکانی عێراق.[1]
#18-10-2018#