یاداشتەکانی مستەفا چاوڕەش
کۆبوونەوەی فرانکفۆرتی یەکێتی
ساڵی 1977 دکتۆر فواد مەعسوم هاتبوو بۆ کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕێکخستنەوەی کارەکانی یەکێتی. ئێمەش هەڤاڵەکان لە هۆڵەنداوە چووبووین و ئەمانە بووین: من خۆم، فواد حسێن، عەلی ئیحسان، مەحموود دەروێش، چیا عەباس. لە وڵاتانی تریشەوە هاتبوون: لە بەریتانیاوە د.فازڵ تەیب. دکتۆر ئازاد نەجمەدین و محەمەد سابیر. دکتۆر فواد قسەی بۆ کردین کە ئێستا لە کوردستان شۆڕش دەستی پێکردووەتەوه و هەڤاڵەکان لە دەرەوەن. ناوی چەندین کەسی دیاری هێنا، کە چالاکیی باشیان هەیه. ئەوەی پێویست بوو، بۆی باس کردین. له و کۆبوونەوەیەشدا قسە زۆر کرا لەسەر شۆڕش و خەباتی نوێ. دکتۆر فواد وتی دۆخی شۆڕش لە ڕووی دکتۆرەوە باش نییە. ئەگەر پێشمەرگەیەک بریندار ببێت، نە دەرمان هە یە نە دکتۆر. منیش لە کۆبوونەوەکەدا وتم بیکەن بە بڕیار و داوا لە دکتۆرەکان بکەن بڕۆنەوه. هەر کەسێک نەڕۆیشتەوە، لێی قبوڵ مەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی یەکێتین. هەر لەوێدا من دکتۆریش نەبووم بە کاک دکتۆر فوادم وت من لە ئێستاوە ئامادەم بۆ گەڕانەوه، هەر واشم کرد. له کاتی پشووداندا یەکێک لە دکتۆرەکان وتی بۆچی تۆ پێشنیاری ئەوە دەکەی ئیجرائات بکرێ؟ وتم باشە ئێوە لەشولارتان عەیبی نییە بۆچی ناڕۆنەوە؟ به هەرحاڵ، کۆبوونەوە تەواو بوو. لەگەڵ دکتۆر فواد ڕێک کەوتم بۆ گەڕانەوە. کە گەڕایەوە، نامەیەکی لە سوریا وە بۆ ناردم بۆ گەڕانەوە، پاش چەند ڕۆژێک خۆم حازر کرد و خواحافیزیم لە برادەرەکان کرد. سواری تەیارە بووم بۆ سوریا ، به مەرجێک زاهیری براشم لە بەریتانیا عەمەلیات کرابوو، بەجێم هێشت. ئەوانەی لە کۆبوونەوەکەش بووین و لە هۆڵەنداوە چووبووین، گەڕاینەوه. زاهیر دوایی گلەیی لێکردم کە بەجێم هێشتووە. ئه و لەسەر حەق بوو. پێش هاتنەوەش به هۆی بارودۆخی زاهیری برام کە جیاواز بوو لەبەر سووتانەکەی، شوقەیەکیان داینێ لە بالمامیر لە نهۆمی هەشتەم، ژمارەی شوقەکەمان 824 بوو. بیناکە ناوی دیڤلستاین بوو.
پێش هاتنەوە چەند برادەرێکی ئەفسەر کە بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولیان کردبوو، لە سوریاوە هاتن بۆ هۆڵەندا. تاکو ئێستاش هەر لە هۆڵەندان، ملازم فەرەیدون حەمەڕەشید خەڵکی سلێمانی و ملازم عەلی مستەفا خەڵکی کەرکووک بوو. کە هاتن، چووین بۆ فڕۆکەخانەی ئەمستردام (سیخپوڵ) بۆ پێشوازیکردنیان. ویستیان گلیان بدەنەوە، ئێمەش سووکەناڕەزایەتیەکمان دەربڕی و کارەکەمان بۆ ئاسان کردن، هەروەها سلێمان قەسابیش لە ئەڵمانیاوە هات. ماوەیەکی زۆر لە هۆڵەندا مایەوە. ئەویش لە شۆڕشی ئەیلوولدا سەرلق بوو و پێشمەرگەیەکی ئازا بوو.