لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو نزیکەی 500 کەس لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
بەڕێوەبەرایەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە #سلێمانی# دەڵێت: بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ڕوو لەزیادبوونە تەنیا لە شەش مانگی ڕابردوو لە سلێمانی 200 کەسیان دەستگیرکردووە، هێڵی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەریش ئێران و عێراقە، هاوکات لە سێ ساڵیشدا 74 کەس بە تەواوی لەبەکارهێنانی ئەو ماددەیە دوورخراونەتەوە و چارەسەریان بۆ کراوە.
لەهەرێمی کوردستان بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ڕوو لەزیادبوونە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێژەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکرووە، ساڵی ڕابردوو لەسنووری پارێزگای سلێمانی 310 کەس دەستگیرکراون، بەڵام ئەوانەی لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ دەستگیرکراون لەساڵی ڕابردوو زیاترن.
جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: لەسنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 200 کەسمان بەتۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە، دەستمانگرتووە بەسەر ماددەی تریاک و حەشیش و هیرۆین، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر کێڵگەیەکی ماددەی هۆشبەردا.
هێڵی بازرگانیکردن بەماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستانەوە دەستپێدەکات، لە ئێران و عێراقیش مامەڵەی گەرمی پێوەدەکرێت. هەرچەندە ئامارەکانی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ڕوو لەهەڵکشانە، بەڵام تاوەکو ئێستا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، نەبوونەتە بازاڕێکی گەرم بۆ ساخکردنەوەی ئه و ماددانە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەرێمەیان وەک پردێکی پەڕینەوە تەماشاکردووە بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا.
قسەی باوی نێو خەڵک بۆ توشبووان به و مادە هۆشبەرانە ئەوەیە دەگوترێت کەسی تووشبوو ئەستەمەبتوانێت بگەڕێتەوە سەر ڕێگەی جارانی، بەڵام ئەمە بەلای توێژەرانی دەروونییەوە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە.
سەلاح حەسەن، توێژەری دەروونی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: ئێمە توانیومانە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، 74 سزادراو و تووشبوو بەماددەی هۆشبەر لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی چارەسەر بکەین و بیگەڕێنینەوە سەر ڕێگەکەی جارانی، بەشێکیان ماوەی سزاکەیان تەواو کردووە و وەک کەسێکی ئاسایی گەڕاونەتەوە نێو کۆمەڵگە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2018دا، لەسنووری پارێزگای #هەولێر# و سلێمانی و #دهۆک# 472 کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بدەستگیرکراون.[1]
#18-10-2018#