گوندى کونەگورگ
کونەگورگ، گوندێکە سەربە شارەدێی (#ئیلنجاغی گەورە#) ی شارۆچکەی (#تەقتەق# )ی شاری #هەولێر#
$کونەگورگ لەچییەوە هاتووە؟$
کونەگورگ وەک زاراوە بەماناى (لانەى گورگ)دێت، بەڵام ئەم یەکلاییکردنەوەى ناوەکەى لەماناوە، ڕێگرنەبووە لەوەى بیروبۆچونیتر سەبارەت بەناوەکەى هەبێت، چونکە بۆچونێک هەیە دەڵێت خاکى ئەو شوێنە گرەکەى (گڵ) گرەجانێکى باشى هەبووە بۆ خۆشوشتن و نەخۆشى هەستیارى (حەساسیە)، لەو وراتى کۆیەش هەندێک جار بەم حاڵەتە وتراوە (کونەگر)، دەکرێت ئەو کونەگرە گۆڕانى بەسەراهاتبێت و بووبێت بە (کونەگورگ).
$سنوورى گوندى کونەگورگ$
بەدوورى (7)کیلۆمەتر لە باکوورى شارۆچکەی تەقتەق هەڵکەوتووە، هاوسنوورە لەگەڵ گوندەکانى (باغەجنێر و پەڵکانە لە ڕۆژهەڵات و تاڵەبانى گچکە و شیواشۆکى خوارێ لە خۆراواو داربەڕوو لە باکوور و تاڵەبانى گەورەش لە باشوور)، کەرتێکى کشتوکاڵى ژمارە (36)ى هۆبەى کشتوکاڵى تەقتەقە، تێکڕاى ڕووبەرەکەى (6884)دۆنمە و (615)دۆنمى شیاوى چاندنە و (1115)دۆنمى پاوان و لەوەڕگایەو (25)دۆنمیش حەرەمى گوندەکەیە.
لە دیارترین پارچە زەوییە پشتاوەکانى (بانى باندار، بانى کونە سیخورە، بانى سەرچارگە، بانى بەرەوپشت ڕێ، بانى بەلێگیس، بانى عەدە، بانى سۆرگور)، هەروەها چەند بەراوێکیش لە مێژوویدا هەبووە وەک (بیرۆکە و چاراوان وهەنجیرە وبییەکە و دۆرى خانى )ئەمڕۆ لەبەر بێ ئاوى ئەو بەراوانە نەماون، هەروەها چەند گردێک لەئاقارى ئەو گوندە بوونیان هەیە وەک گردەکانى (گردى کونە سیخورە و گردى قشپلە و گردى خانیان وگردى قەتار وگردى بەڕوولانە و گردى چراخ)، لە دیارترین پارچەى شوێنەوارى (کەندى کەیلان)ە، کە خەڵکى گوندەکە پێیان وایە پێش شوێنى ئەمڕۆى کونەگورگ، لەسەردەمانى زوو لە (کەیلان)بوون، هەروەها جگە لە گۆڕستانى (بان شاخ) کە ئەمڕۆ مردووى لێ دەنێژن کە (حاجى عوسمان) زەوییەکەى داوە بۆ گۆڕستان لەرێى خودا (لەراهى خوا)، چەند گۆڕستانێکیترى هەیە وەک (گۆڕستانى بانى باندارە) کە گۆڕستانێکى زۆر کۆنە و هەروەها یەک چاکیش لە گوندەکەدا هەیە بەناوى (شێخ ڕەسوڵ)کە پێیان وایە بۆ سەردەمى یاوەرانى پێغەمبەر (د.خ)دەگەڕێتەوە، بیروبۆچون وباوەڕیان وایە کە ئەگەر چڵەدارێک لەچڵەکانى ئەو 25بنەدارەى سەرگۆڕستان وچاکەکە بکەیتەوە، ئەوا دووچارى شکستێکت دەکات، بەڵام ئەگەر هەر لەژێر سێبەرى دارەکان بۆ چاخواردنەوەوشیولێنان بەکارى بهێنى گوناح نییە و قبوڵیەتى.
$پێکهاتەى دانیشتووانى گوندى کونەگورگ$
خزمانى گوندى کونەگورگ هەموویان لەیەک تیرەن ئەویش (پاڵانى)یە، حاجى خورشیدى باپیرەیان ئەو گوندەى ئاوەدانکردووەتەوە، لە دیارترین کێخواکانى (کێخوا ئەحمەدى کوڕى حاجى خورشیدى کوڕى ئەحمەد)، و لە کەسایەتییە کوردەوارى و جوتیارییەکانى ( کێخوا خورشیدى کوڕى ئەحمەد وئۆمەرحسێن سۆفى خدر و خدرگاڕەشە)، لە خوێندنى ساڵى 1970-1971 قوتابخانەى لێکراوەتەوە، یەکەم بەڕێوەبەرى (مامۆستا سالار)بووە، لە ساڵى 2013 ژمارەى خێزانەکانى (3)خێزان و (26)سەرخێزان بووە، لەڕووى کارە خزمەتگوزارییەکانەوە هەژارە و تەنیا کارەباى نیشتمانى هەیە. [1]