دۆزینەوەی ددانی منداڵێکی نیاندەرتاڵ لە باوەیوانی #کرماشان#، کە لە هەمانکاتدا شوێنەواری مرۆڤی هۆشمەندیشی تێدایە، ئەمەش ئەگەرەکانی پێکەوەژیانی ئەو دوو جۆرە مرۆڤەی بۆ یەکەمجار و لە یەککاتدا دەخاتە ڕوو.
دوێنی لە مەراسیمی پەردەلادان لە سەر ددانی منداڵێکی نیاندەرتاڵ بەڕێوەچوو، کە ساڵی پار دۆزرایەوە لە ئەشکەوتی باوی یوان لە گوندێک بە ناوی یوان کە40 کم لە کرماشان دوورە و دەکەوێتە ناوچەی ناودەروەن، شوێنەوارناس سامان حەیدەری گۆران، ئاشکرایکرد، هەر لەو شوێنەدا شوێنەواری ژیانی مرۆڤی هۆشمەندێش دۆزراوەتەوە.
سامان حەیدەری، لە مەراسیمەکەدا ڕایگەیاند، کە ئەوە بۆ یەکەمجارە لە ئێران شوێنەواری ئێسک و پروسکی مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ دەدۆزرێتەوە و یەکەمجارە لە مێژوی مرۆڤایەتی و سەرجەم لێکۆڵینەوەکاندا شوێنەواری دوو جۆری مرۆڤ کە لە یەک شوێندا و لە یەک کاتدا پێکەوەژیاون، دۆزراوەتەوە.
هەروەها، وتی: پێش کرماشان شوێنەواری مرۆڤی نیاندەرتال لە پێنج شوێنی دیکە دۆزراوەتەوە، کە ئەو شوێنانە لە ڕۆژئاوای ئاسیا، ناوەند و ڕۆژئاوای ئەوروپایە، لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان پێشینەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەگەڕێننەوە بۆ 430 هەزار ساڵ لەمەوبەر کە لە ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵات بڵاوبوونەتەوە.
سامان حەیدەر، سەرپەرشتیاری تیمی شوێنەوارناسی مەیدانی باوەیوان دەڵێت: زانستی بۆماوەیی پێمان دەڵێت ڕووداوی پێکەوەژیانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هۆشمەند لە 60 هەزار ساڵ پێش تا لەناوچوونی نیاندەرتاڵەکان ڕوویداوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەم دوو جۆرە مرۆڤە 39 هەزار ساڵ لەمەوبەر یەکتریان دیبێت و تێکەڵاوییان ساز کردبێت.
گۆران تیشک دخاتە سەر ئەوەیکە سەڵمانی ئەو تیئۆریە دەبێتە هۆکاری دووەمین شۆڕشی شوێنەوارناسی جیهان و کرماشان وەک یەکەم ناوەند لە جیهاندا دەناسرێت کە مرۆڤی نیاندرتاڵ و مرۆڤی هۆشمەند تێدا پێکەوە ژیاون.
هەروەها لە کۆتایی قسەکانی هۆشداری دەدات لە سەر ڕاکشانی جادەی کرماشان #سنە# بە ناو ئەو مەیدانە شوێنەوار ناسییە و ئەگەری لە ناو چوونی شوێنەوارەکە وەک مەترسی لە سەر مێژۆی مرۆڤایەتی دەستنیشان دەکات.[1]
#29-10-2018#