(ئا) هاواری بۆ پۆلیس برد کە ژنەکەی کوژراوە، بەڵام پۆلیس هەر لەنێو ماڵەکەی (ئا) تۆمەتبارەکەیان دۆزییەوە و قۆڵبەستیان کرد. زۆری نەبرد (ئا) دانی بە تاوانەکەیدا نا و کاتێکیش پۆلیس لێیان پرسی بۆ کوشتت؟ گوتی: خیانەتی لێکردووم.
رۆژی 23/10/2018 ژنێکی تەمەن 38 ساڵ بەناوی کافیە، دانیشتووی گەڕەکی ڕەحیماوای شاری #کەرکووک# و دایکی شەش منداڵ، لەنێو ماڵەکەیدا کوژرا. (ئا)، تەمەن 42 ساڵ کە هاوژینی کافیەیە، دەستبەجێ پۆلیسی ئاگادار کردەوە کە ژنەکەی کوژراوە. بەڵام پۆلیس هەر لەوێ (ئا)ی بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی دەستگیر کرد.
عەقید نەوزاد ستار شەریف، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ڕەحیماوا لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی ڕاگەیاند: ڕۆژی 23ی ئەم مانگە پیاوێک ئاگاداری کردینەوە کە ژنەکەی لەنێو ماڵەکەیدا کوژراوە. دوای چوونی تیمەکانی لێکۆڵینەوە، دەرکەوت ئەو ژنە هەر لەلایەن ئەو پیاوەوە کوژراوە کە پۆلیسی ئاگادار کردبووەوە.
گوتیشی: ژنەکە گوللەیەکی دەمانچە لە سەری دراوە، پۆلیس دەستی بەسەر دەمانچەکەدا گرتووە.
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنی ژنەکە، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ڕەحیماوا گوتی: ئەو پیاوە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی پۆلیسدا ئیعترافی کردووە کە ژنەکەی کوشتووە، گوایە خیانەتی لێکردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراوی بە پۆلیس نەداوە کە ژنەکەی خیانەتی لێکردبێ، بۆیە پۆلیس لە لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبێ، تا ڕاستیی هۆکاری کوشتنی ژنەکەی بۆ ئاشکرا دەبێ.
کەسوکاری ژنەکە ئامادەنین قسە لەسەر ئەو دۆسیە بکەن. کامەران کە برای کافیەیە، تەنیا ئەوەندەی گوت کە خوشکەکەم خیانەتی لە هاوژینەکەی نەکردووە. ئێمە چاوەڕێین دادگا یەکلایی بکاتەوە خوشکەکەم لەسەر چی کوژراوە و هەموو ئەوەی لەبارەی هۆکاری کوشتنی خوشکەکەم لێرە و لەوێ باس دەکرێ، ڕاست نین.
لە دادگاکانی عێراق کە کەرکووکیش کار بە یاساکانی دەکات، تاوەکو ئێستا کار بە یاسای شەرەفپارێزی (غسل العار) دەکرێ. ئەو پیاوانەی بە پاساوی شەرەفپارێزی ئافرەت دەکوژن، سزایەکی کەمیان دەدرێ بەراورد بەو کەسانەی کە بە ئەنقەست کەسێک دەکوژن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کار بەو یاسایە ناکرێ و کوشتنی ژنان لەژێر هەر ناوێکدا بێ بە کوشتنی ئەنقەست دادەنرێ.
جوان حەسەن، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ و کاروباری ئافرەتان و منداڵان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پێیوایە یاسای شەرەفپارێزی، هاندەرە بۆ کوشتنی ئافرەتان. جوان حەسەن بە (رووداو)ی گوت: بەشێک لە هۆکاری کوشتنی ژنان لە شارەکانی عێراق بۆ ئەو یاسایانە دەگەڕێتەوە کە تا ئێستا لە دادگاکانی عێراق کاریان پێدەکرێ، لەوانە قانوونی (غسل العار). ئەمە بووەتە هاندەرێک یاخود ڕێگەخۆشکەر بۆ کوشتنی ژنان لەلایەن کەسوکاریانەوە. کە بەپێی ئەو یاسایە بکوژ سزایەکی کەمی دەدرێ.
جاران لێژنەکەی جوان بەدواداچوونی وردی بۆ دۆسیەکانی هاوشێوەی کافیە دەکرد و دەیزانی ساڵانە چەند ژن لە کەرکووک دەکوژرێن و بۆچی دەکوژرێن، بەڵام ئێستا بەدواداچوونیان زۆر کەمبووەتەوە و هیچ ئامارێکیشیان لەبارەی ژمارەی ئەو ژنانە نییە کە ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ لە کەرکووک کوژراون.
جوان حەسەن دەڵێت: ئێستا بارودۆخی کەرکووک بە جۆرێکە کە بەدواداچوون بۆ کەیسەکان زۆر قورس بووە، پێشتر ئێمە و ڕێکخراوەکان سەردانی دادگامان دەکرد و ئامارمان وەردەگرت و بەدواداچوونمان بۆ دۆسیەکان دەکرد، بەڵام ئێستا ناتوانین.
راکان سەعید، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، بە بڕیارێک چالاکیی سەرجەم ئەو ڕێکخراوە مەدەنیانەی ڕاگرتووە کە لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەو مەرجە ڕێگەی کارکردنیان پێدەدات کە مۆڵەت لە بەغدا وەربگرن.
جوان حەسەن پێیوایە ئەو دۆخە ئەمنی و سیاسییەی لە کەرکووک هەیە کێشەی دەروونی بۆ زۆر خێزان دروستکردووە: هەندێک لەو پیاوانەی بەهۆی ئەو دۆخەوە تووشی جۆرێک لە شڵەژانی دەروونی بوون، نازانن دەروونی خۆیان بەچی بەتاڵ بکەنەوە، زۆر جار پەنا دەبەنە بەر ئازاردان یان کوشتنی ژن و منداڵەکانیان. بۆیە جوان حەسەن گومانی لەو دۆسیانە هەیە کە تۆمەتبارەکە بەپێی یاسای شەرەفپارێزی دادگایی دەکرێ و دەڵێت ئەوە تەنیا پاساوێکە بۆ ئەوەی سزاکەیان سووک ببێ.
جوان حەسەن، پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە ڕێگەچارەیەکی گونجاو دەزانێ بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان.
ئەو پرۆژە یاسایە شەش ساڵە پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کراوە، بەڵام پەسەند نەکراوە.[1]
#29-10-2018#