لە ڕۆژی 4 ی مانگی داهاتووەوە خولی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران دەڕۆنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئامانجی ئەمریکییەکان لە خولی دووەمی گەمارۆکان، کەمکردنەوەی قەبارەی هەناردەکاری نەوتی ئیرانە.
خولی یەکەمی گەمارۆکانی ئەمریکا لە مانگی 8ی ئەمساڵ جێبەجێکرا و کەرتی بازرگانی و دارایی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج. ئەمریکا داوای لە وڵاتان کردووە کاری بازرگانی و گواستنەوەی پارە بۆ ئێران ڕابگرن.
بەو پێیەی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گرینگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران و ئەو وڵاتە دوای تورکیا و چین سێیەم هاوبەشی بازرگانی هەرێمی کوردستانە، دوای جێبەجێکردنی خولی دووەمی گەمارۆکان و توندبوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەری نەرێنی بکەوێتە سەر ئابووری و بازرگانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، 69%ی کاڵا و خۆراکی پارێزگای #سلێمانی# ئێرانییە و لە پارێزگای #دهۆک#یش 65%ی کاڵا و خۆراکی هاوردەکراو تورکین، پارێزگای #هەولێر#یش لە نێوان کاڵای ئێرانی و تورکیدا 50 بە 50یە. گەمارۆکانی سەر ئێران نرخی کەلوپەل و خۆراک لە پارێزگای دهۆک زۆر بە کەمی دەجووڵێنێ بەڵام بەوپێیەی سلێمانی ناچارە ڕوو لە تورکیا بکات، نرخی کاڵا و خواردن بەهۆی کرێی گواستنەوە 25% بەرز دەبێتەوە.
لەکاتێکدا کەمتر لە یەک هەفتە ماوە بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، هەفتەی ڕابردوو شاندێکی ئەمریکی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
بەپێی مەلا یاسین، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئەمریکییەکان نایانەوێت لەبەر گەمارۆکانی سەر ئێران زیان لە هەرێمی کوردستان بکەوێت و هانی هەرێمی کوردستانیان داوە هەنگاوی گەورە بهاوێ لەبواری وەبەرهێنانی کشتوکاڵدا.
لە ساڵی 2015دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران 7 ملیار دۆلاری تێپەڕاند. ئەوەش ئێرانی هاندا بۆ ئەوەی لەو شارانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نزیکن لە سلێمانی و #هەڵەبجە#وە، ژمارەیەک کارگە دابمەزرێنێ.
تەنانەت ئێرانییەکان چاویان لەوە بوو قەبارەی بازرگانییەکە زۆرتر بچێتە سەرەوە و لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، وەزیری بازرگانیی ئێران گوتی بەنیازین ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەسەر سنوورەکان دروستبکەین، بەڵام گەڕانەوەی سزاکانی ئەمریکا ئەو پلانەی تێکدا.[1]
#29-10-2018#