رێنمایی گشتیی:
1. تاوەکو بکرێت بە هەموو شێوەیەک دووربکەوە لەو باڵەخانانەی ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە نێو ڕێڕەوەی سەرەکیی لافاوەکە.
2. دیواری ئەستوور و تووندووتۆڵی وەکو بەربەست لە دەوروبەری خانووەکەت دروستبکە ئەگەر لەناوچەیەک دەژیای، کە ئەگەری ڕوودانی لافاوی لێ زیاتربێ لە ئەوانی دیکە تاوەکو هەڕەشەی هاتنە ژوورەوەی ئاو بۆ ناو خانووەکەت دووربخەیتەوە.
3. دیواری خانوو یان نهۆمەکانی زەمینی بە دیواری ئەوتۆ دروستبکرێن کە دژە دزەکردنی ئاو بن بۆ دوورخستنەوەی نەک تەنها ئاوی لافاو بەڵکو هەموو جۆرە شێوەیەک کە کاردەکاتە سەر تەواوی پەیکەری بیناکە.
4. بەدواداچوونی بەردەوامی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی زۆری ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکەتدا.
$لەکاتی نزیکبوونەوەی ڕوودانی لافاو:$
- پێشوەختە جانتایەک ئامادەبکە و هەموو دیکۆمێنتە کەسییە گرنگەکانت و چەند جۆرە دەرمانێکی پێویستی تێدا کۆبکەوە.
- ئەگەر بەرپرسانی حکومەت داوایانلێکردی ماڵەکەت جێبهێڵیت، ئەوا دەستبەجێ و بەبێ دواکەوتن جێیبهێڵە.
- تاکو پێتەکرێ بڕۆ ناوچە و شوێنە بەرزەکان.
- ئەگەر پێتکرا ئەوا کەلوپەلە بەهادار و گرنگ و پێویستەکانت زووتر بگوازەوە نهۆمی سەرەوە یان هەر ژوورێک کە لەسەرووی نهۆمی زەویدا بێت.
- دەستبەجێ سویچی سەرەکی کارەبای ماڵەوەت بکوژێنەوە.
$لەکاتی ڕوودانی لافاو:$
1. بەهیچ شێوەیەک بەنێو تەوژمی ئاوە بەخووڕ ڕۆیشتووەکاندا مەڕۆ، ئەگەر قووڵایشیان کەمبێت. چونکە ئەگەر قوڵایی ڕێڕەوێکی لافاو تەنها 15 سانتیمەتر بێت، ئەوا دەستبەجێ دەتخاتە سەر زەوی و دەکەویە نێو تەوژمی ئاوەکە.
2. ئەگەر ناچاربوویت لەنێو ئاودا بڕۆیت، ئەوا تاوەکو پێتدەکرێ بەنێو ئەو ناوچانەدا بڕۆ کە تەوژمی لێ نییە و دارێکیش بەدەستەوە بگرە و بەردەوام لە ئاستی قووڵایی هەنگاوەکانی پێش خۆت دڵنیابە ئینجا هەنگاو بنێت.
3. بەهیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێل لە ناوچە نقومبوو یان نیمچە نقومبووەکاندا لێ مەخوڕە، کاتێک لەناو ئۆتۆمبێل بوویت و بە ئاو گەمارۆ درای، دەستبەجێ جێیبهێڵە و تاوەکو پێتدەکرێ بەرەو ناوچەیەکی بەرزتر بڕۆ.
4. ئەگەر بە تەواوی تەڕ ببوویت، ئەوا بەهیچ شێوەیەک دەست لە هیچ جۆرە کەلوپەل و ئامێر و کەرەستەیەک مەدە، کە پەیوەندی بە کارەباوە هەبێت بە تایبەتیش ستوونەکان.
$لەدوای وەستانی لافاوەکە:$
- بەردەوام بەدواداچوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکە بۆ زانینی سنووری کارتێکردنی لافاوەکە و ئەو ناوچانەی کە زۆر پێیوە کاریگەربوون.
- بەهیچ شێوەیەک لەناوچە نقوومبووەکاندا نزیکە مەبەوە، چونکە زۆرجار ئەو جۆرە ناوچە و ئاوەکانیان بە ماددەی کیمیایی جۆراوجۆری ژەهراویی یاخود بە نەوت و بەنزین و ئاوی زێرابەکانەوە پیسبوون، ئەوە جگە لە هەڕەشەی بەردەوامی بەرکەوتن بە تەزووی کارەبا لە هێڵە لێکئاڵاوەکاندا.
- تاکو بکرێ تەنانەت لە ناوچە وشکەکانیش لە هێڵەکانی کارەبادا دووربکەوە.
- بە هیچ شێوەیەک لەو باڵەخانانە نزیک مەبەوە کە بە تەواوی بە ئاوەوە گەمارۆدراون.
- تاوەکو دەسەڵاتدار و دەزگای بەرپرس ڕێگەت پێنەدات، لە خۆتەوە دووبارە مەگەڕێوە نێو ماڵەکەت.
- بۆکس و مەنهۆڵ و زێرابەکان شوێنی یەکجار زۆر مەترسیدارن و لەو حاڵەتانە بەهیچ شێوەیەک لێیان نزیک مەبەوە.
- هەر شتێک کە تەڕ بووبێت، بەڵام بواری دووبارە بەکارهێنانەوەی هەبێت، ئەوا پێش بەکارهێنانەوەی بە ماددەی تایبەت پاکی بکەرەوە پێش ئەوەی بەکاری بهێنیتەوە.
#29-10-2018#