ڕونکردنەوەیەک لە #وەزارەتی خوێندنی باڵا# و توێژینەوەی زانستی
لە ڕێکەوتی (13/10/2018) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: (860) سەرباری ئەوەی (50) شوێنیان لە فۆرمەکانی پێشکەشکردن لە سیستمەکانی وەرگرتن بەتەواوەتی پڕکردۆتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لیستی شوێنەکانیان ڕەوانە نەکردوه واتە (Submit)یان نەکردوە، بۆیە ناویان لە هیچ شوێنێک نەهاتۆتەوە، بەڵام کەناڵی ڕوداو وەک بڵێی (شانە هەنگی لە کونەدار دۆزیوەتەوە) و بەدەر لە کاری ڕۆژنامەوانی سەرقاڵی شێواندنی ڕاستیەکانە.
(زەینەب موئەید حوسێن کامل محمد)، کە دوەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانە لە بەشی زانستی، یەکێکە له و (860) دەرچوەی کە (50) هەڵبژاردەی بەتەواوەتی پڕکردۆتەوە، بەڵام لیستی شوێنەکانی ڕەوانە نەکردوه واتە (Submit) نەکردوە، هەربۆیە ناوی ئه و بەڕێزەش بەڕیزبەندی (40) له و لیستە هەیە، کە پێشتر بڵاومان کردۆتەوە و، سکاڵاشی تۆمارکردوە و، وەک خۆی سکاڵاکەی وەرگیراوە و، بەڕونی کێشەکەی بەخۆی و خانەوادەکەشی وتراوە، کە هۆکاری نەهاتنەوەی ناوەکەی پەیوەندی تەنها بەوەوە هەبوە کە لیستی هەڵبژاردەکانی ڕەوانە نەکردوە.
بۆیە هاوشێوەی دەرچوانی دیکە، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی سکاڵای دەرچوانی پۆلی دوانزە، ئەنجامی سکاڵای (زەینەب موئەید حوسێن کامل محمد) وەک هەر دەرچوەیەکی دیکە ڕادەگەێندرێ و لە شوێنی شایستەی خۆی وەردەگیرێ و، بەهیچ شێوەیەک مافی نافەوتێ.
لەبەرئەوە، ئەگەر کەناڵی ڕوداو خۆی بەخەمخۆری ئه و قوتابیە و هاوڵاتیان دەزانێ، وەک چۆن قسەی ئه و دەرچوەی وەرگرتوە باشتر بو بەدوداچونی بۆ کێشەی بکردایە و لێدوانی وەزارەتیشی لەوبارەیەوە وەربگرتایە و، بۆ بینەرانی ڕونبکردایەوەتەوە کە ئایا وەزارەت سکاڵاکەی بەهەند وەرگرتوە یاخود بەپێچەوانەوە، بۆیە داوا لەسەرجەم دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن دەکەین وردبن لە بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ڕاستیەکان بەبینەران و خوێنەران و بیسەران
وەزارەتی خوێندنی باڵا
#31-10-2018#