قایمقامی شارۆچکەی #چۆمان# سەر بە پارێزگای #هەولێر#، ڕایگەیاند: بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 13 پرد و 13 پرۆژەی ئاو ڕووخاون و کارەبای چەندین گوند و ڕێگای زیاتر لە 25 گوند تێکچون و تا ئێستاش نەتوانراوە چاککبرێنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لافاوێکی بەهێز لە بناری #قەندیل# و ناوچەی باڵەکایەتی ڕوویدا و زیای مادی زۆری لێکەوتەوە، لە بارەی زیانەکانی باڵەکایەتیشەوە، ئەحمەد قادر، قایمقامی شارۆچکەی چۆمان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
ئەحمەد قادر دەڵێت: بەهۆی ئه و لافاوە چاوەڕوان نەکراوەی لە 26ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا، زیانێکی زۆری مادی بەر خەڵک و پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی وەک پرد و ئاو و کارەبا گەیاندووە، هەروەها بە سەدان دۆنم ڕەز و باخی هاوڵاتیان بە تەواوی لەناوچوون و زیاتر لە 25 خانوی هاونیشتیمانیان به تەواوی تێکچوون و زیانیان بەرکەوتووە.
دەشڵێت: بە گشتی 13 پردی سەرەکی پەڕینەوە لە ناوچەکە پەکی کەوتووە و ڕووخاون، پرۆژەی کارەبا پەکی کەوتووە لە زۆرێک لە گوندەکان و 13 پرۆژەی ئاویش به تەواوی لەناوچوون.
هۆکاری تێکچوونی پردەکان و ستونەکانی کارەباشی لە ناوچەکە بۆ ئەوە گێڕایەوه، کە لافاوێکی گەورەی سەر سوڕهێنەر بووه و بەشێکی زۆری ئه و پردانەشی بردوون کە بەشێوەی ستاندارد و ڕێکوپێک دروستکرابوون.
باسی لەوەش کرد: پێدەچێت بەشێکی کەم هۆکاری تێکچوونی پردەکان کەمتەرخەمیی بووە لە دروستکردن و کوالێتی خراپ لە دروستکردنیان، ئه و لافاو و کارەساتەش لە چاوەڕوانی ئێمە و هیچ کەسێکدا نەبووە.
قایمقامی شارۆچکەی چۆمان ئەوەشی ڕاگەیاند: تێکچوون و داڕمانی ئه و ستونانەی کارەبا و پردانە بوونەتە هۆکاری پچڕانی ڕێگا و هاتوچۆی 25 گوند، کە لە ئێستادا تەنیا بەشێکیان ڕێگەیەکی کاتی و سەرەتایی پەڕینەوەیان بۆ دروستکراوە، ئەوانی تر لەگەڵ سەروی خۆمان لە پەیوەندیداین کە بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بکرێت و دەست بکەینەوە بە دروستکردنیان.[1]
#02-11-2018#