حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە مۆڵەتی تاوکێ کە دوو کێڵگەی تاوکێ و پێشخابوور لە خۆدەگرێت، ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی ڕاگەیاندووە سەبارەت بە هەوڵی کۆمپانیاکانی کارکەر لە مۆڵەتی تاوکێ، کە بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی پێشخابوور بۆ ڕۆژانە زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل نەوت لە ماوەی تەنیا 18 مانگدا.
لە ڕاگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، کە زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی پێشخابوور توانیویەتی قەرەبووی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی تاوکێ بکاتەوە.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە مانگی حەوتی ساڵی 2017 دا، ڕۆژانە 109 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ ڕۆژانە 80 هەزار بەرمیل. ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ئێستا لە هەردوو دوو کێڵگەی تاوکێ و پێشخابوور ڕۆژانە 126 هەزار بەرمیلە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕایگەیاندووە کە وێستگەیەکی هەناردەکردنی نەوتی لە شێخان دامەزراندووە، کە توانای گواستنەوەی بۆری نەوتی کوردستان بەرزدەکاتەوە بۆ ڕۆژانە 900 هەزار بەرمیل. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە ئێستا ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.[1]
#04-11-2018#