بەڕێزان/ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران
بابەت/ سکاڵا و سزا
ئاماژە بە خاڵی (یەکەم) لە بڕگەی (شەشەم) لە ماددەی (57)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەموارکراو: هەرکەسێک سندوقەکانی دەنگدان یان وەرەقەکانی دەنگدان یان تۆمارەکانی دەنگدانی لەلا بێت و بیشارێتەوە یان لەناویان بەرێت یان خراپیان بکات یان تێکیان بدات یان بیاندزێت یان ئەنجامەکان بەهەر ڕێگەیەک بگۆڕێت ئەوا سزا دەدرێت بە حەپس بۆ ماوەیەک کەلەیەک ساڵ کەمتر نەبێت و غەرامەیەکیش لە (100.000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت.
ئاماژە بە خاڵی (8) لە قۆناغی سێهەم لەڕێکاری ژمارە (1) کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی فۆرمی ژمارە (53) و خاڵی (8) لە ڕێنمایی بۆ ڕێکخەری بنکەکان تایبەت بە ڕێکاری ژمارە (1) کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی فۆرمی ژمارە (53) بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی نافەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: هەر ڕێکخەرێک یان فەرمانبەرێکی کۆمسیۆن کەمتەرخەم بێت سزا دەدرێت بە حەپس بۆ ماوەیەک کەلەیەک ساڵ کەمتر نەبێت و غەرامەیەکیش لە (100.000) سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (500.000) پێنج سەد ¬هەزار دینار زیاتر نەبێت.
وەک بەڕێزتان ئاگادارن لەڕۆژانی هەڵبژاردنی 28 و 30/9/2018 ژمارەیەکی زۆر سەرپێچی و لادان و کەمتەرخەمی ڕوویداوە لەزۆربەی بنکەکانی دەنگدان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان، هەروەها ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانی کۆمسیۆنیش تووشی هەڕەشە و لێدان و سوکایەتی بوونەتەوە، کە بەداخەوە لەهەندێ لەو شوێنانە فەرمانبەرانی کۆمسیۆنیش بەشێک بوون لەو پێشێلکاری و ئازاردانە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. بۆیە داوا دەکەم لە ئەنجومەنی کۆمسیاران وەک ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی هەستێت بە:
1) تۆمارکردنی سکاڵا لەدادگاکان لەسەر ئەو کەس و لایەنانەی کە بەکاری گێرە شێوێنی و لادان و کەمتەرخەمی هەستاون بە فەرمانبەرانی کۆمسیۆنیشەوە.
2) هەروەک پێشتر بڕیاردرا بوو دۆسیە لە دادگاکان بکرێتەوە بۆ سەندنەوەی مافی ئەو کارمەندانەی کۆمسیۆن کە بەهەرشێوەیەک لەشێوەکان زیانیان بەرکەوتووە و ئازاردراون.
3) قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ ئەو کارمەندانەی کۆمسیۆن بکرێتەوە کە لەپێناو سەرخستن و پاکی پرۆسەکەدا قوربانیانداوە و توشی ئازار و ئەشکەنجە و سوکایەتی بوونەتەوە، لەهەندێ شوێن مۆبایل و کەرەستەکانیان زیانی بەرکەوتووە یان دزراون.
4) وەک کەمترین سزای سەرەتاییش هەموو ئەو کارمەندانەی کە بەشێک بوون لەو پێشێلکاریانە و هاوکار بوون بۆ ساختەکاری و لادان و کەمتەرخەم بوون، شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت و بخرێنە لیستی ڕەشەوە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا بەهیچ شێوەیەک نەبنەوە بەکارمەندی کۆمسیۆن.
ئەمەی سەرەوە کەمترین کارە کە ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاری لەبارەوە بدات و جێبەجێی بکات. بەپێچەوانەوە هیچ متمانەیەک بەو کۆمسیۆنە نامێنێت کە نەتوانێت پابەند بێت بە بڕیارو پەیڕەو و ڕێکارەکانی خۆیەوە.
ئەگەر کۆمسیۆنیش بەو ئەرکەی هەڵنەسا، جێگای خۆیەتی کە ڕێکخراوەکانی بواری هەڵبژاردن و مافی مرۆڤ کەمپین بۆ ئەم کارە پێکبهێنن و دەستەیەک لەیاساناسان و ڕۆژنامەنوسان تەرخان بکەن بۆ بەدواداچوونی ئەم کەیسانە و ئێمەش لای خۆمانەوە پشتیوانیان لێدەکەین و هەموو زانیاریەکی پێویست دەخەینە بەردەستیان، بەتایبەت ئەو سکاڵایانەی کە لەو بارەیەوە بەردەستن.
لەکۆتاییدا: سەرەڕای سەختی ڕێگاکە و نائومێدکردنی خەڵکی بە هەزاران شێواز، بەڵام ئەرکی کەسە دڵسۆزەکانە زیاتر لەخەمی داهاتووی ئەم هەرێمەدا بن و هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر تا کارەکان بچنەوە سەر ڕێچکەی ئەسڵی خۆیان و کار بکەن بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو لەکەشێکی باشتری ئابوری و دیموکراسی و ئازادیدا بژین و لەمپەر و کۆسپەکانی ڕێگا کۆڵیان پێنەدات.
اسماعیل حمەعلی خورماڵی
بڕیاردەری ئەنجومەنی کۆمسیاران
#04-11-2018#