ئەمساڵ لە سنوری پارێزگای #هەڵەبجە# شەش کارگەی تەکاندنی هەنار کراونەتەوە، کە ڕۆژانە نزیکەی 15 تۆن هەنار دەتەکێنن، خاوەن باخەکانیش هێنانی کارگەکان بە کارئاسنی دەزانن بۆ بەرهەم هێنانی ڕوبەهەنار
شاری هەڵەبجە بە بەرهەمی هەنار بەناوبانگە، ساڵانە سەدان تۆن هەرنار لە هەڵەبجە بەرهەمدێن، ئەوەش وایکردووە، کە چەندین کارگەی تایبەت بە تەکاندنی بەرهەمی هەنار بکرێتەوە و خاوەن باخەکانیش بۆ کردنی هەنارەکانیان بە ئاوی هەنار یاخود ڕوبەهەنار، ڕوو لەو کارگانە بکەن.
هێنانی کارگەی تایبەت بە تەکاندنی بەرهەمی هەنار مێژوویەکی کۆنی نییە، بەڵکوو بۆیەکەمجار لە ساڵی 2015 لەلایەن هاوڵاتییەکی شاری هەڵەبجەوە کارگەکە لە ئێرانەوە هێنرایە شارەکە و لە توانایدا هەبوو لە ماوەی 12 کاتژمێردا نزیکەی 10 تۆن هەنار بتەکێنێت و لە ئامێرێکی تریش دەنکە هەنارەکان بهاڕێت و ئاوەکەی و دەنکی هەنارەکە لە یەک جیا بکاتەوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2015 ژمارەی ئەو کارگانە زیادیان کردوو لەمساڵدا شەش کارگە بە قەبارەی گەورەتر لە کارگەکەکانی پێشوو کاردەکەن.
خاوەن باخەکان هەموو بەرهەمی هەنارەکانیان ناهێننە ئەم کارگانە بۆ تەکاندن، بەڵکوو ئەو هەنارانە دەهێنن کە بەکەڵکی فرۆشتن نایەن و لە جۆری باش نین بۆیە دەهێنرێنە ئەم کارگانە و دەتەکێندرێن و دواتر بە ئامێرێکی تایبەتی تر دەنکەکانیان دەهاڕدرێت و ئاوەکە و دەنکە هەنارەکە لەیەک جیا دەکرێنەوە و ئاوی هەنارەکە دەکرێتە دەبەی تایبەت.
عومەر محەمەد، یەکێک لە خاوەن باخە هەنارەکانی گوندی تەپەکوڕەی سەر بەشارەدێی خورماڵ، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕێگەی هێنانی ئەم کارگانەوە کارئاسانییەکی زۆر بۆ ئێمەی خاوەن باخەکان کراوە بەتایبەت ئەو خاوەن باخانەی، کە هەنارەکانیان زۆر باش نییە و بە کەڵکی فرۆشتن نایەت دەیهێننە ئەم کارگانە و لە ماوەیەکی زۆرکەمدا بۆمان دەتەکێنن و ئاوەکەی دەبەینەوە و دواتر لە ماڵەوە ئاوی هەنارەکە دەپاڵێوین و دەیکەینە ڕوبەهەنار.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕابردوودا ئەرکێکی زۆر دەکەوتە سەرشانی خاوەن باخەکان بەتایبەت ژنان کە ئەرکی تەکاندن و دواتر گرتنی ئاوی هەنارەکە لە ئەستۆی ژناندا بووە بەڵام ئێستا ئەو ئەرکەمان لە کۆڵ بووەتەوە لە ڕووی پاک و خاوێنیشەوە ئەمە پاکترە و بە بەرچاوی خۆمانەوە هەنارەکەمان بۆ دەتەکێنن.
ئەگەر چی یەکەم کارگەی تایبەت بە تەکاندنی هەنار توانای تەکاندنی هەناری لە ماوەی 12 کاتژمێردا تەنها نزیکەی 10 تۆن بوو، بەڵام ئەو کارگانەی ئێستا هێنراونەتە هەڵەبجە توانای کارکردنییان زیاترە و لە ماوەی 12 کاتژمێردا زیاد لە 15 تۆن هەنار دەتەکێنن، هەروەها نرخی یەک کیلۆ تەکاندنی هەناریش بە 100 دینار دیاریکراوە.
دیاری باقی، یەکێک لە خاوەن کارگەکانی تەکاندنی هەنار لە هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت، بەهۆی زۆری بەرهەمی هەناری هەڵەبجە و هەروەها دروستکردنی ڕوبەهەنار لە لایەن هاوڵاتیانی ناوچەکەوە بیرمان لەوە کردەوە کە ئەمساڵ ئەم کارگەیە بهێنینە شارەکە، هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا چەند کارگەیەکی دیکە هەبوون هەمان کاری ئێمەیان کردووە بەڵام فریای هەموو بەرهەمی هەناری ناوچەکە نەکەوتوون.
لەم کارگانەدا لەهەر تەنێک هەنار زیاتر 200 لیتر ئاوی هەنار دەردەهێندرێت، ئەو ڕێژەیەش نزیکەی 80 کیلۆ ڕوبەهەنار-ی لێ دروستدەکرێت.
کاتێک ئاوی هەنارەکە دەگیرێت، هەندێک لە خاوەن باخەکان، توێکڵی هەنارەکە و دەنکی هەنارەکە دەبەنەوە و تێکەڵ بە ئالیکی ئاژەڵی دەکەن و دەیدەنە ئاژەڵەکان.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجەوە بە ڕۆژنیوزدراون، ساڵانە لە ڕووبەری هەشت هەزار و 500 دۆنم زەوی، زیاتر لە 20 هەزار تۆن هەنار بەرهەم دەهێنرێت، بەشێکی زۆری ئەم هەنارانەش لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێم ساغ دەکرێنەوە و بەشێکی تریشیان دەکرێنە ڕوبەهەنار و بەو شێوەیە دەفرۆشرێت.[1]
#05-11-2018#