بەرچاوڕوونی
پێشتر و هەر لەم هەفتەنامەیەدا، قسەمان لەسەر چەند لایەنێکی شیعە و شیعەگەری کردووە، بەتایبەت لە پەیوەست بە ڕۆڵی پاوانخواز و دەسەڵاتگەرایان لە ناوچەکەدا. لە نووسینی ئەمجارەماندا، قووڵتر لەو بابەتە دەدوێین، بە جۆرێک تیشک دەخەینە سەر شیعە وەک فیکری سیاسی و ڕەگە مێژووییەکانی ململانێی ناوماڵی شیعە، بەتایبەتی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان شیعەی ئێران و عێراق، لەنێویشیاندا سروشتی ناکۆکیی نێوان هەردوو حەوزەی (قوم و نەجەف) و مەرجەعی هەردوو وڵات، تەنانەت ململانێی ناو حەوزەیەک و مەرجەعەکان خۆیشیان.
لە ڕوانگەی منەوە، هەموو ئایین و ئایینزا و مەزهەبەکان لە یەک دووریدا وەستاون، واتە هیچ کامیان لەوەی دیکە بە گەورە و بەرزتر نازانم. هەر لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتن و تێڕاونینەشدا، وەک چۆن کۆی ئایین و مەزهەبەکان بە یەک چاو دەبینم، ئاواش بە یەک ئاست و هاوتەریب، ڕێز لە پەیڕەوکارانی هەموو ئایین و ئایینزا و مەزهەبەکان دەگرم. بۆیە کاتێ لەم نووسینەدا چەمک و دەستەواژەی (شیعە)تان بەرچاو دەکەوێ، بە هیچ جۆرێک مەبەست بێڕێزیکردن نییە بە باوەڕی ئایینیی شیعە و پەیڕەوکارەکانی. بەپێچەوانەوە، چونکە من ئەوە زۆر باش دەزانم، لە کۆی زیاتر لە چل ملیۆن کورد، نزیک بە دە ملیۆن کورد، پەیڕەوکاری شیعەن، کە هەرگیز ناکرێ بێڕێزی بە بیروباوەڕەکەیان بکەم، دیارە ئەم تێڕوانینەم بۆ هەموو ئایین و مەزهەبەکانی دیکەیش ڕاستە. بۆیە باسکردن لە (شیعە) لێرەدا، باسکردنە لە شیعەگەریی سیاسی، شیعەگەرییەک، کە وەک هەر ئایین و مەزهەبێکی دیکە، بە سیاسی و ئایدیۆلۆژی کراوە، نەک شیعە وەک باوەڕێکی ئایینی و خاوەن پرەنسیپ و سرووتی تایبەت و جیاواز بە شیعەکان.
ڕاستییەکەی، مێژوو و ڕووداو و ئەزموونەکانیش پێمان دەڵێن، ئەوە هەر فیکری سیاسیی شیعەگەری نییە، کە بەلاڕێدا چووە و بە بەرگی ئایینی و مەزهەبی، هەوڵی داوە پرسی ئیمامەت و مەرجەعیەت، بکاتە چەکی خۆسەپاندن و بە هۆیەوە کارەساتی خوڵقاندووە، بەڵکوو فیکری سیاسیی سوننەش، بە هەمان ئاقاری بەلاڕێداچوون و ترسناکدا چووە، بەتایبەتی لە پەیوەست بە پرسی ڕەوایەتیی حوکمڕان و دەسەڵاتداردا، کە دواجار لە بەرگی خەلیفە و بەتایبەتیش سوڵتاندا (وەک سێبەری خوا لەسەر زەوی!) جێی خۆی گرت و کارەساتی کەمی بە شوێن خۆیدا نەهێنا. وەک چۆن مێژووی مەسیحییەتیش لەمە بەدەر نییە.
کەواتە جەختکردنەوەی ئەم نووسینە لەسەر شیعە و شیعەگەری، بە هیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی مەزهەبی و جیاکاریکردن لەنێوان ئەم و ئەو مەزهەبدا، یا خوانەخواستە بێڕێزیکردن بە بیروباوەڕی پەیڕەوکارانی ئەم و ئەو مەزهەب، هێندەی هەوڵێکە بۆ ناسینەوەی ڕووخسار و ئەدگارەکانی ناکۆکی و ململانێی نێو ماڵی شیعە و هۆکار و ڕەگ و سەرچاوە مێژووییەکانی ئەو ململانێیە.
تەونی جاڵجاڵۆکە!
تێگەیشتن لە ململانێ ناوخۆییەکانی ماڵی شیعە، هەروا کارێکی سادە و ئاسان نییە، بەڵکوو پێویستی بە قووڵبوونەوە و ڕۆچوون بەناو مێژووی حەوزە و مەرجەعیەت و ململانێی بەرژەوەندییە ئایینی و ئابوورییەکانیان هەیە. واتە ئەوە هەر بە تەنیا چەمکی (ویلایەتی فەقیه) و ململانێی مێژوویی نێوان نەجەف و قوم نییە، کە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان جەمسەرەکانی شیعەکان بێت، بەپێچەوانەوە، ئەمانە بەشێکن لە کۆی ململانێیەکی قووڵتر. بەتایبەتی ئەگەر لەو ڕاستییە ئاگادار بین، کە شیعە مەزهەبێک نییە، بەڵکوو لەناو خۆیدا دەیان و سەدان ڕێچکە و ڕەوت و ڕیبازی جیاوازە!
ڕەنگە ئەمە بۆ خوێنەر سەیر بێت، بەڵام بە وردبوونەوە لە پرسەکە و بینینی دیوە شاراوە و ڕەهەندە پەنهانەکانی ململانێیەکە، باشتر هێڵە گشتییەکانی ئەو فرە ڕەوتی و ڕێچکەیی و مینبەرییەمان لەناو جیهانی شیعەدا بۆ دەردەکەوێ. ئەوەی ئاراستە و قەبارەی ئەو ململانێیەش دیار دەکات، جگە لە کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و جوگرافی، پێشوەختە پاشخان و ڕوانگەی مەرجەع و پشکی خومسە. بۆیە بەبێ تێگەیشتن لە بایەخ و کاریگەریی (خومس) لە بڕیاری سیاسی و ئایینیی شیعە، هەروەها بەبێ تێگەیشتن لە مەرجەع (شوێنکاتی دەرکەوتنی، زەمینەی پەروەردە و گۆشبوونی، هەلومەرجی پێگەیشتن و گەشەکردنی، پاشخان و ڕوانگە ئایینی و سیاسییەکەی)، زۆر ئەستەمە لە سروشتی ململانێ و ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە بگەین.
جگە لەمە، شەڕ و ململانێی ناو ماڵی شیعە، فرە بەرە و مینەرە، شەڕی (ئایەتوڵا و مەرجەعە بە ڕەچەڵەک عەرەب و ناعەرەبەکان، عەمامەبەسەرەکان و ئەفەندییەکان، عەمامەپۆشە دەرچووەکانی زانکۆ و حەوزەکان، عەمامە ڕەش و عەمامە سپییەکان… هتد و..)، ئینجا ڕۆڵی پشکی خومس لە یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێیانەدا. بۆیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی شیعە و ناکۆکییەکانی ناویدا، کە پرسێکی تا ئەوپەڕی ئاڵۆزە، دەبێ لەو پێدراوەوە بێت، کە شیعە یەک مەزهەب، یان یەک ئایینزا نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک ڕێچکە و ڕێبازی جیاوازە، هەر یەکێکیان مەرجەعێک ئاراستەی دەکات و بەڕێوەی دەبات.
بەکورتی، هەر مەرجەعێکی تەقلیدی شیعە، بۆ خۆی خاوەنی ڕێبازێکی تایبەت بە خۆیەتی. بۆ خۆی خاوەنی بڕیار و فەرمانی تایبەتی خۆیەتی، بۆ خۆی لایەنگر و سوپا و بەرژەوەندیی تایبەت بە خۆی هەیە. کەوابوو ئاساییە لە یەک کاتدا، هەر بۆ نموونە لە نەجەفدا چوار مەرجەعی تەقلید ببینین، یەکێکیان بەناو عەلمانی بێت، یەکێکی دیکە شیعەیەکی توندڕۆ بێت، یەکێکی تر شیعەیەکی میانڕۆ و نەرم بێت، ئەوەی تریان شیعەیەک بێت، هەواداری ئێران بێت. تەنانەت شیعەیەکی لایەنگری سعوودیەش بدۆزینەوە. بە مانایەکی دیکە، شیعە پشت بەو ئایەتوڵایە دەبەستێ، کە شوێنکەوتەیەتی، ئەو چ بفەرمووێ و فەرمان بکات، بڕیارەکە هی ئەوە. لەو نێوەشدا خومس سەنگی مەحەکە لە یەکلاکردنەوەی باڵانسی هێز و بڕیاری ئایینی و سیاسیی هەر مەرجەعە و ڕێچکە و ڕەوتێکی ناو دونیای شیعە!
لە فیکری سیاسییەوە بۆ مەزهەبی ئایینی
پرسی شیعە و دەرکەوتنی لە مێژوودا، پرسێکی هەمەلایەن و ئاڵۆزە، بابەتێکە لە بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەنووسیدا جێی نابێتەوە، بەتایبەتی کە بەسەر ڕا و بۆچوونگەلێکی جیاوازدا دەکەوین، کە پێویستیان بە بەراوردکاری و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە مێژووییەکان هەیە. بە کورتی، ئەمە بابەتی لێکۆڵینەوە و کتێبە، تا کاری ڕۆژنامەنووسی. لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵ دەدەین بەپێی توانا، بەرچاوی خوێنەر لەبارەی بابەتەکە ڕۆشن بکەینەوە و پەردە لە ڕووی زۆر پرس و باسی دیکەی پەیوەست بە جیهانی شیعە و شیعەگەری لا بدەین.
شیعە (کە بە مانای گرووپ، کۆمەڵە، تایەفە دێت) لە ڕۆژی سەرهەڵدانیەوە، پێ بە پێی مێژوو و قۆناغەکان و بەگوێرەی بارودۆخ و هەلومەرجەکان گەشەی کردووە، تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ. بە جۆرێک شیعەگەری سەرەتا وەک ڕوانگەیەکی سیاسی دەربارەی شایستەیی و ڕەوایەتی لە حوکمڕانی و دەسەڵاتدا دەردەکەوێت، دوای ئەوە بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی دەگۆڕێت، کە دەسەڵاتی باو ڕەت دەکاتەوە، دواتریش دەبێتە گرووپ، یان مەزهەبێکی ئایینیی سەربەخۆ. ئیتر هەر لە ڕوانگەی ئەم پرۆسەی گەشەکردنەیشەوە، ئاوڕێک لە مێژووی دوور و نزیکی ململانێکە دەدەینەوە، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ بە (شیعەی دوازدە ئیمامی) دەناسرێت و باوە، کۆی ئەو مێژووە و هەڵکشان و داکشان و تەنیا ڕووخسار و ڕەهەندی شیعە و شیعەگەری نییە.
بەگوێرەی زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییەکان، شیعە سەرەتا وەک فیکرێکی سیاسی، کە پەیوەستە بە ڕەوایەتی و شیاوی و شایستەیی دەسەڵات و حوکمڕانیکردن، سەری هەڵداوە. ڕوونتر بڵێین، سەرهەڵدانی شیعە بەرهەمی ئەو پرسیارە سەرەکییەیە، کە دەکرێ بە دەربڕینی جیاواز بیخەینە ڕوو، ئەویش ئەوەیە: “ لەدوای پێغەمبەر، کێ مافی ئەوەی هەیە شوێنی بگرێتەوە؟ یان کێ شیاوی ئەوەیە ببێتە شوێنگرەوەی پێغەمبەر؟ یاخود کێ ڕەوایەتی و شایستەیی وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەوی هەیە؟”
ئەم پرسیارە دەسپێکی داگیرسانی بڵێسەی ئاگری ململانێ و ناکۆکیی سیاسییە لەناو مێژووی ئیسلام و تەنانەت خودی ئیسلام خۆیشیدا. پرسیارێک ڕێگای بۆ دەرکەوتنی بۆچوونی جیاواز، کێشە و ململانێ، گومانکردن لە باوەڕی ئایینیی یەکتر، یەکتر تەکفیرکردن و بە زیندیق ناوبردن، دواجار بۆ شەڕ و کوشتار لەنێو موسڵماناندا کردەوە. ئەو پرسیارەی هەر زوو موسڵمانەکانی دابەشی سەر سێ بەرەی جیاواز کرد. بەرەی یەکەم، پێی وابوو شایستەیی و ڕەوایەتیی وەرگرتنی دەسەڵاتی موسڵمانان بۆ کەسوکار و بنەماڵەی پێغەمبەرە (بەرەی عەبباس و عەلی). بەرەی دووەم، ئەو شیاوی و شایستەییەی بە لایەنگر و ئەنسارەکانی مەدینە (بەرەی سەعدی کوڕی عوبادە) ڕەوا بینی. هەرچی بەرەی سێیەمیشە، ڕەوایەتی و شیاویی شوێنگرەوەی پێغەمبەری، بەوانە شایستە دەبینی، کە یەکەم کەس بوون، بوونە موسڵمان و شوێن پێعەمبەر کەوتن (بەرەی ئەبوبەکر).
سەرەڕای جیاوازیی ڕا و هەڵوێستی ئەم سێ بەرەیە لەسەر ئەوەی کە کێ شایستە و شیاوترە بۆ ئەوەی شوێنی پێغەمبەر بگرێتەوە و جڵەوی کاروباری موسڵمانان بگرێتە دەست، بەڵام هەرچۆنیک بێت و بە هەر هۆکاریکەوە بێت، کە لێرە شوێنی باسکردنی نابێتەوە، زۆربەی هەرە زۆریان بە (ئەبوبەکری سددیق) وەک شوێنگرەوە (خەلیفە)ی پێغەمبەر، ڕازی بوون، یان ڕازی کران!
قۆناغی دووەمی شیعەگەری، کە لە فیکری سیاسییەوە دەبێتە ڕەوتێکی سیاسیی دیار، ئەو سەردەمەیە، کە بە (هاشمییەکان) ناسراوە و ئەویش بریتین لە هەردوو بەرەی عەبباسییەکان و عەلەوییەکان (دیارە عەلەوییەکانی تورکیا و سووریا، کە بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە، نەسیڕیان پێ دەگوترێ، لەو عەلەوییەی لە پێشەوە ناومان برد جیاوازن). هەڵوێستی ئەوانیش لە پشتیوانیی ئەهلی بەیت دەردەکەوێت، کە دژایەتیی دەسەڵاتی ئومەوییەکان دەکات. کاتێکیش عەباسییەکان گەیشتنە دەسەڵات، پاشماوەی هاشمییەکانیان پەراوێز خست و زەبرێکی کوشندەیان لێ دان و لە جومگەکانی دەسەڵات و بواری حوکمڕانیدا دووریان خستنەوە، لەو سەردەمەدا شیعەگەری زێدەتر چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی وەرگرت.
کاتێکیش بزووتنەوەی شیعەگەری بە هۆی شاڵاوی ڕاوەدوونان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بووە بزووتنەوەیەکی نهێنی، ئەمجارە پەرەیان بە چەمکی ئیمامەت دا، بەمەش شیعەی ئیمامی، کە لە بنەڕەتدا ڕەوتێکی سیاسی بوو، بەرگێکی ئایینیی پۆشی و لە سێبەری ئەو چەمکەدا، وردە وردە و بە خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیی باو، بناغە فیکرییەکانی خۆی داڕشت. لەو قۆناغەدا شیعەی ئیمامی وێڕای پابەندبوون و دەستگرتن بە بنەما و کۆڵەگەکانی باوەڕی ئیسلامی لە باوەڕبوون بە یەکتاپەرستی، موحەممەد وەک دوا پێغەمبەر، قورئان وەک کتێبی ئاسمانی و ڕۆژی دوایی و زیندووبوونەوە، هاوکات ئیمامەتی کردە یەکێک لە کۆڵەگەکانی باوەڕی موسڵمانان. بەو مانایەی، هەموو موسڵمانێک پێویستە پابەند و گوێڕایەڵی ئیمامی سەردەمەکەی خۆی بێت. ئیمامێک کە لە هەڵە و گوناه بەدەرە، ئیمامەتێک کە زنجیرەکەی لەگەڵ بزربوونی، یان دیارنەمانی گەورە (الغيبة الکبری) ئیمامی دوازەدەهەم (ئیمام حەسەن ئەلعەسکەری - 260 ک)دا کۆتایی دێت. بەمەش شیعەگەری، کە لە فیکرێکی سیاسی دەستی پێ کرد، بووە ڕەوتێکی سیاسی و دواتر بۆ مەزهەبێکی ئایینی گۆڕا و گەشەی کرد و جۆرێک لە پیرۆزیی ئایینیی بە خۆی بەخشی.
هەر لەناو ئەو مێژووەشدا دوو ئاراستەی دیکە هەن، کە جەخت لەسەر لایەنگریی ئەهلی بەیت دەکەنەوە، یەکەمیان لە ڕوانگەی سیاسییەوە، بەوەی کە زۆر لە سیستەمی خەلافەت پەست بوون (حەمدانییەکان، بزووتنەوەکانی تۆڵۆنی و ئەداریسە و غەزنەوی و موڕابیتەکان). دووەمیشیان لە ڕوانگەی سۆز و خۆشەویتسییەوە (بۆچوونەکانی ئیبن خەلدوون و شافیعی وەک نموونە).
ڕەوت، یان مەزهەبێکی دیکە، کە گوایە شیعەن و لە ڕاستیشدا شیعە نین، زەیدییەکانی یەمەنن، یان مەزهەبی زەیدیی (زەیدی کوڕی زەینولعابدین)، کە بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە، لە باری فیکری و باوەڕەوە، زۆرتر لە فیقهی سوننە نزیکە و لەژێر کاریگەریی موعتەزیلەشدا بووە. زەیدی، کە دژایەتییەکی سەرسەختی ئەمەوییەکانی دەکرد، شایستەیی و شیاویی بە عەلی کوڕی ئەبو تالیب و نەوەکانی ڕەوا دەبینێت، بەڵام لە چەند خاڵێکی گرنگدا لە شیعەی دوازدە ئیمامی جیاوازە، کە دوو لە گرنگترین خاڵەکان بریتین لە (ئیمامەت و غەیبە). بەپێچەوانەی دووەم، مەزهەبی زەیدی، جگە لەوەی ئیمام لە هەموو خەسڵەت و تایبەتمەندییێکی بەپیرۆزکراو دادەماڵێ، هاوکات پێی وایە ئاساییە، کە لە سەردەمێکدا چەندین ئیمام هەبن. هەروەها لە شیعەی دوازدە ئیمامیدا ئەوەی بڵێت: غەیبە (ونبوونی مەهدی) نییە، ئەوە کافرە. دەی زەیدی بڕوایان بەم بابەتە نییە. بۆیە بەم پێودانگە بێت، زەیدییەکانی یەمەن، نەک هەر شیعە نین، بەڵکوو بە تێگەیشتنی شیعەگەری، گرووپێکی لادەریشن، بەڵام دواجار ئەوە بەرژەوەندیی سیاسییە بڕیار دەدات، کە زەیدی شیعەن، یان نا!
عەلەوییەکانیش هەروا، لە ڕوانگەی شیعە، ئەوان بە ڕەهایی و زۆر لە زەیدییەکان خراپترن، چونکە تەنیا ئیمامێکیان قەبوڵە، کە ئەویش (عەلی)یە. وەکووتر (ئیسماعیلی)یەکانیش پێشتر بە لادەر دادەنران و دواتر وەک شیعە ناسێندران. بۆیە تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە هەر وا ئاسان نییە.
قۆناغێکی دیکەی گەشەکردنی شیعە، بریتییە لە سەردەمی سەفەوییەکان (کە بەپێی هەندێ سەرچاوەی مێژوویی، تورکی شافیعی ئازربایجانن) و کاریان لەسەر چەمک و گوتەزای سۆفیگەریی فەلسەفی کرد و شیعەگەرییان کردە پرس و کێشەیەکی فارسی. وەک چۆن عوسمانییەکانیش لەو سەردەمدا سوودیان لە سۆفیگەری وەرگرت، بۆ ئەوەی جێ پێی دەسەڵاتی خۆیان قاییم بکەن. هەر لە سەردەمی سەفەوییەکانیشدا (1501-1722) بوو، کە شیعەگەری بە کۆمەڵێک ڕێوڕەسم و نەریت و سرووتی ئایینی ڕووپۆش کرا و تۆخ کرایەوە و لەوێوە شیعەگەریی فارسی، بووە خاوەن ناسنامە و کەسایەتیی تایبەت و جیاواز لەو شیعەگەرییەی عەرەبی، کە لە عێراق و وڵاتە عەرەبییەکان و چەند وڵاتێکی دیکەدا هەبوو.