دیارە جگە لە نەجەف و قوم، حەوزەی زانستی کە (زنجیرەی پلەبەندیی ئایینی تیایدا بریتییە لە حوجەتولئیسلام، سیقەتولئیسلام، ئایەتوڵا، ئایەتوڵا عوزما)، لە زۆر شوێنی دیکەیش هەبوون. بۆ نموونە، لە ڕۆژهەڵاتی سعوودیە، لە ئەفغانستان، لە لوبنان، تەنانەت لە مەشهەدی ئێرانیش هەبوو (کە دوای شۆڕشی گەلانی ئیران دئی شا نەما) و لە زۆر شوێنی دیکەیش هەن، بەڵام ئەوەی گرنگن، دوو حەوزەکەی قوم و نەجەفن، بەتایبەتی ئەوەی نەجەف، ئەویش لەبەر بوونی مەزارگەی یازدە ئیمامەکە لەوێ، بە مەزارگەی (ئیمامی عەلی)شەوە، ئەمەو جگە لە گۆڕستانە بەناوبانگەکەی (وادی ئەلسەلام)، کە گەورەترین گۆڕستانی دنیایە.
نەجەف بە هەموو سەروەریی خۆی (بە گۆڕستانەکەی، بە مەزارگەی ئیمامی عەلی) لەبەرامبەر مەزارگەیەک، کە گوایە خوشکێکی (ئیمام ڕەزا) لە قوم نێژراوە. مەرجەعەکان لە نەجەف و لە قومیش زۆرن، قوتابیی بێگانە لە نەجەف و لە قومیش زۆرن، ئەو قوتابییانە پەیامبەر، باڵوێزی ئەو حەوزانەن، کە دوای دەرچوونیان دەنێردرێنە شوێنی دیکە. هەموو ئەوانە لە ڕووکەشدا وەک شتی سادە و ئاسایی دێنە بەرچاو، بەڵام لە ڕاستیدا مانای دیکەی قووڵیان هەیە، بەڵام ئەمە تێگەیشتنی وردی بۆ مێژوو دەوێ.
سەرەڕای جیاوازیی بۆچوون لەبارەی دێرینی و پێشینەیی هەردوو حەوزەکە لە ڕووی مێژوویی و سەرهەڵدانەوە، بەڵام لە دونیای ئیسلامیدا حەوزەی نەجەف ناسراو و ناودارترە، تەنانەت کەسایەتی و پیاوە ئایینییە کاریگەرەکانی دونیای شیعە، کە دواجار ڕۆڵیان لە حەوزەی قومیشدا هەبووە، دەرچووی حەوزەی نەجەفن، بۆ نموونە (ئەلحەکیم، ئەلخوئی، ئیمام خومەینی، شاهرودی و سیستانی و…). جیاوازی و ململانێ سیاسییەکەی نێوان ئەم دوو حەوزەیەی لەبارەی مەرجعیەتەوە لێ دەربچێ، دەنا وەکووتر لە پەیوەست بە میتۆد و بابەتەکانی خوێندن، هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەنێواندا نییە.
زانیارییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ڕەگی ناکۆکی و ململانێی نێوان ئەم دوو حەوزەیە بۆ سەرەتای سەدەی ڕابردوو، بە دیاریکراویش بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کە (ئەلحائری) حەوزەی ئایینیی قومی دامەزراند. لەو سەردەمدا حەوزەی نەجەف ناوەندی زانستی و چالاکیی فیکری شیعە و بنکەی بڵاوکردنەوەی شیعەگەرایی و کاری سیاسی بوو، بەتایبەتی کە زیاتر لە 20 قوتابخانەی ئایینی، کە دەیان هەزار قوتابییان هەبوو، سەر بەو حەوزەیە بوون، تا ئەو ئاستەی نەجەف بووە ناوەندێکی گرنگی چالاکیی سیاسی و ئایینیی خاوەن بۆچوون و هەڵوێست لە پەیوەست بە دەسەڵات و پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو جیهانی ئیسلامی، بە جۆرێک کە دەوڵەتی عوسمانی نەیتوانی کۆنتڕۆڵی بکات.
ڕوونتر بڵێین، ناکۆکی و ململانێی ڕاستەقینەی نێوان ئەم هەردوو حەوزەی (نەجەف و قوم) بۆ سەردەمی شۆڕشی مەشرووتەی ئێران (1908) دەگەڕێتەوە. ئەو شۆڕشەی بەدوای خۆیدا جیاوازیی قووڵ و گەورەی خستە نێوان ڕاوبۆچوونی قوتابییە ئێرانییەکان و موجتەهیدە عێراقییەکان لە نەجەف، دەربارەی پشتیوانیکردن، یان نەکردنی شۆڕشەکە. ئەو کاتەش دەوڵەتی عوسمانی سەرگەرمی هەنگاوەکانی سنووردارکردنی کاریگەریی شیعە و بەتایبەتی چالاکییەکانی حەوزەی نەجەف بوو، تا گەیشتە سنووردارکردن و بەرتەسککردنەوەی ئەنجامدانی چالاکییە فیکری و ڕۆشنبیرییەکان و ڕێوڕەسم و سرووتە ئایینییەکانی شیعەکان لە عێراقدا. ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی عوسمانی، هانی گەورە موجتەهیدی شیعی (موحەممەد تەقی ئەلشیرازی) دا، کە بیر لە کۆچ و سەرهەڵگرتن بەرەو ئێران بکاتەوە. بەدوای ئەویشدا (ئەبو حەسەن ئەلئەسفەهانی)ش ڕووی کردە ئێران. (ئەلحائری) وەک کاریزمایەکی دیاری شیعەکان و بزوێنەری سەرەکیی چالاکیی ئەکادیمری قوتابخانە ئایینییەکانی عێراق، کە چاوەڕێ دەکرا دوای کۆچکردنی ئەو دوو کەسایەتییە ئایینییەی شیعە بۆ ئێران، لە عێراقدا سەرکێشی و پێشڕەویی شیعە بکات، ئەویش ڕووی کردە ئێران و هانی قوتابییەکانیشی دا عێراق جێ بهێڵن. هەموو ئەوانە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە لاوازکردنی کاریگەریی حەوزەی نەجەف و بە هۆیانەوە ئۆتۆریتەیەکی گەورەی لەدەست دا.
سەردەمی ئینگلیزیش لە عێراقدا قۆناغێکی دیکەیە کە ڕۆڵی لە تێکدانی باڵانسی هێز و کاریگەریی نێوان هەر دوو حەوزەدا دەگێڕێت و بە قازانجی قومدا دەشکێتەوە. سەرەتا بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی دۆخی عێراق و بەتایبەتی باشووری عێراق بکات، ئینگلیز بایەخێکی زۆری بە حەوزە و مەلاکانی نەجەف دا، بەڵام لە شۆڕشی تامباکۆ، کە لە ئێراندا و لە دژی ئینگلیز بەرپا بوو و مەلاکانی نەجەف تێیدا بەشدار بوون، ئینگلیز لەو هاوکاری و گرنگی پێدانیان پاشگەز بووەوە. هەروەها هۆکارێکی دیکە کە ئینگلیزی لە هاوکاریکردنی شیعەی عێراق سارد و پاشگەز کردەوە، شۆڕشی بیست بوو. دوای ئەوەی تێگەیشت کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هێزە زۆر ئەستەمە.
لەکاتێکدا کەسایەتی و پیاوە ئایینییە شیعە بەناوبانگەکانی حەوزەی نەجەف، وردە وردە بارگە و بنەی خۆیان بۆ ئێران دەپێچایەوە و لەگەڵیشیاندا قوتابییەکانیان. لەولاوە و لە ئێران، حەوزەی قوم دەمێک بوو کەوتبووە خۆی، تاکوو ببێتە ناوەندێکی بەهێزی ئایینیی شیعەکانی ئێران. مردنی (حوسێن بروجوری) وەک تاکە مەرجەع لەلایەک، هەروەها چوونی (ئەلحائری) بۆ ئێران لەلایەکی تر، بەتایبەتی کە ئەو کاتە و دوای مردنی (ئەسفەهانی)، دەسەڵاتی ئایینی بۆ ئەو گوێزرابووەوە، ئەم مەیل و ویستەی قوم زیاتر و گەورەتر بوو. ئەم ڕەوشە لە ڕۆژان و ساڵانی دوای ئەم کۆچەی پیاوە ئایینییەکانی شیعە لە عێراقەوە بۆ ئێران، ڕۆڵێکی گەورەی لە لەدەستدانی ناوبانگی قوتابخانە ئایینییەکانی سەر بە حەوزەی نەجەف و خودی حەوزەکەدا گێڕا. بە جۆرێک سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوەش دەکەن، سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران 1979 و داڕشتنی کۆڵەگە و بناغەکانی دەوڵەتی شیعی لەو وڵاتە، نەک هەر پێگەی حەوزەی قومی لەناو شیعەکاندا بەرزتر کردەوە، بەڵکوو بەهۆی فەتوا ئایینی و سیاسییەکانی ئیمامەکانی و زۆربوونی مەرجەعەکانی تەقلید تیایدا، سەرنجی شیعەکانی دونیای بەلای خۆیدا کێش کرد و ڕۆشنایی و چاوەکان هەموویان کەوتنە سەر قوم. لەسەرووی هەموو ئەمانە و لە هەموویان گرنگتر، بوونی (ئیمام خومەینی) وەک وەلی فەقیه، خاڵی بەهێز و یەکلاکەرەوە بوو، بەتایبەتی کە ئەو کاتانە حەوزەی نەجەف و پیاوە ئایینییەکانی شیعە لە عێراقدا بووبوونە نێچیری ستەمکاریی بەعس.
لەم گۆشەنیگایەوە، دەتوانین بڵێین، هەرچی پەیوەندیی بە قووڵبوونەوەی زیاتری ململانێی حەوزەکانەوە هەیە، بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران دەست پێ دەکات، بە جۆرێک لەو سەرەدەمەدا دژایەتییەکی تەواوی نەجەف دەکرێت. بەگوێرەی زانیاریی هەندێ لە سەرچاوەکان، ئەمەش پەیوەندیی بە هۆکارێکی مێژووییەوە هەیە، چونکە کە ئیمام خومەینی لەلایەن (شا)وە لە ئێران دەرکرا و هاتە عێراق، پێشوازییەکی گەرمی لێ نەکرا، بۆیە ئەم پێشوازییە ساردەی نەجەف وەکوو گرێیەک مابووەوە. تەنانەت باس لەوە دەکرێت، بۆ ئەوەی حەوزەی قوم ببێتە چەق و سەنتەری بڕیاری ئایینی و تەنانەت سیاسیی شیعە، کار و هەنگاوێکی سەرەکیی ئیمام خومەینی، کە هاتە سەر حوکم، جگە لە هەوڵەکانی بۆ لاوازکردنی ڕۆڵی حەوزەی نەجەف، نەهیشتنی هیچ ڕۆڵێکی حەوزەکانی ئەفغانستان، سعوودیە و لوبنان بوو.