رێکخراوەکانی ژینگەی سنووری #گەرمیان# دەڵێن، ژینگەی ناوچەکە بەهۆی دووکەڵی کارگەکانی دەرهێنانی نەوت مەترسیی لەسەرە و نەخۆشکەوتنی چەندین هاونیشتمانی لێکەوتووەتەوە. هەروەها ئاوی ڕووباری سیروانیش پیسبووە.
لە زانکۆی گەرمیان کۆنفرانسێک لەبارەی مەترسییەکانی سەر ژینگەی ناوچەکە ئەنجامدرا. توێژەران دەیانەوێ لەڕێگەی توێژینەوەکانیانەوە خەڵک و بەرپرسان لە مەترسی ئه و دووکەڵەی لە کاتی دەرهێنانی نەوتدا تێکەڵ بە هەوا دەبێت، ئاگاداربکەنەوە.
زۆرینەی بەشداربووان دەڵێن، خەڵکی ناوچەکە هێندەی زیان بە تەندروستییان دەگات، هێندە سوود لە لایەنە ئابوورییەکەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە نابینن.
بێستون ژاڵەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی گەرمیان دەڵێت ''فشاری جدیمان لەسەر گازپرۆم دروستکردووه، کاری ئەو یارمەتیدانی تیپێکی وەرزشی و ئەنجامدانی پڕۆژەی بچوک بچووک نییە، بەڵکو دەبێ بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت، ئێمە بە توێژینەوەی زانستی بۆیان دەسەلمێنین کە ژینگەی ئێرەیان پیسکردووە، بۆیە دەبێ لەگەڵ هەڵگرتنی ئه و مەترسییە هاوکاری بوژاندنەوەی ناوچەکە بکەن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەی گەرمیانی ڕاسپاردووە چاودێری وردی کۆمپانیا نەوتییەکانی سنورەکە بکەن.
هەڤاڵ ئیبراهیم، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان دەڵێت ''لە فەرمانگەی ژینگەی گەرمیانەوە ئامێری پێوانەی پیسبونی ژینگە دادەنرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تاوەکو چەند ئەو کۆمپانیایانە بوونەتە زیان بۆ ژینگەی ناوچەکە. ئەگەر دەرکەوت کاریگەری نەرێینیان هەبووە، ئەوا بۆ چارەسەرکردنی لەگەڵیان کۆدەبینەوە.
جگە لە هەوا و ژینگەی ناوچەکه، ئاوی ڕووباری سیروانیش ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە.
عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، پسپۆڕی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت ئه و مادانەی تێکەڵی ئاوی سیروان دەبن بەهیچ شێوەیەک بە پاڵاوتن جیانەبنەوە، دەشگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ و چارەسەرناکرێن، بە پێوەری ئه و تاقیکردنەوانە بێت کە لەسەر ئاوی سیروان دەکرێن، به هیچ شێوەیەک ئه و ئاوە بۆ خواردنەوه شیاونییە.[1]
#08-11-2018#