ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (#هەپەگە#) ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەربارەی دوایین چالاکییەکانی گەریلا لە بازید، چەلێ و گەڤەر زانیاری دا. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە 19 سەربازی تورکیا کوژراون و 10ی دیکەش بریندار بوون.
دەقی ڕاگەیەنراوی هەپەگە:
لە بازید 3 پەناگە و 2 سەنگەر ڕووخێنران؛ 10 سەرباز کوژران
(لە چوارچێوەی هەڵمەتی سەرکەوتنی شۆڕشگێڕیدا هێزەکانمان ڕۆژی 8ی تشرینی دووەم\17ی گەڵاڕێزان کاتژمێر 17 لە شارۆچکەی بازید-ی ئاگری دژی سوپای تورکی داگیرکەر لەسەر گردی برنێ ڕەش چالاکییەکیان کرد. لە شوێنێکی نزیکەوە لە سەربازانی سەر گردەکەیان دا و لە ئەنجامدا 3 پەناگە و 2 سەنگەر ڕووخێنران. لە چالاکییەکەدا 10 سەرباز کوژران و زیاتر لە 10ی دیکەش بریندار بوون. سوپای تورکیای داگیرکەر لە دوای چالاکییەکە بە ئۆبوس، هاوەن و تانک بۆمبارانی ناوچەکەی کرد و تەرمی سەرباز و بریندارەکانی خۆی بە چەندین کۆپتەری سکۆرسکی هەڵگرتەوە.
لە 2 قۆڵەوە لە چەلێ چالاکی کرا
هێزەکانمان ڕۆژی 8ی تشرینی دووەم\17ی گەڵاڕێزان لە ناوچەی چەلێی جۆلەمێرگ لە سوپای تورکیای داگیرکەریان دا لەسەر گردی خەرەگۆل. چالاکییەکە لە 2 قۆڵەوە دژی پەناگە و سەنگەرەکانی دوژمن کرا. لە ئەنجامدا 3 سەرباز کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. سوپای تورکیای داگیرکەر لە دوای چالاکییەکە ئۆبوس و هاوەنی هاویشتە ناوچەکە.
لە گەڤەر 6 سەرباز کوژران
ڕۆژی 7ی تشرینی دووەم\16ی گەڵاڕێزان کاتژمێر 12:30، هێزەکانمان لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر کە لە گردی شەهید ڕەحیمەی ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ ڕێگەی ئەمنی دروست دەکرد، چالاکییەکیان ئەنجام دا. لە 2 قۆڵەوە گورز لە ئامێرەکانی کار و سەنگەرەکانی سەربازانی دوژمن درا. عەفارەیەک لەناوبرا و 6 سەربازی دوژمن کوژران. دواتر سوپای تورکیای داگیرکەر ئۆبوس و هاوەنی هاویشتە ناوچەکە.)[1]
#09-11-2018#