مەریوان سەلاح حیلمی
لەبەرگی 3 و لە لاپەڕە 91 دا نوسەر باسی (داود بەگ) و دوکانی کاک (فازیلی خەیات) دەکات لە هەڵەبجە بەم شێوەیە دەنوسێت :(داود بەگ لە یادەوەری مندا، چەند وێنەیەکی دیکەشی هەیە، ئه و بەیانیانی هەموو ڕۆژێک بە جیبێکی تایبەت لە (عەبابەیلێ) وە بۆ هەڵەبجە دەرۆیشت و لە دوکانی (فازیلی خەیات) بەیاری تاوڵە دەیگوزەراند و ئێوارەش بەهەمان جیب دەگەڕایە وە گوند و لەحەساری ماڵە گەورەکەیدا دادەبەزی)
لێرەدا پشکۆ نەجمەدین زۆر بە ڕووکەشی دیمەنێکی تۆمار کردووە بە بێ ئەوەی کەمێک خۆی هیلاک بکات و تۆزێک بچێتە ناو واقیعی ئه و دوکانەوە کە خەڵک هاتوچۆی کردووە. ئه و دوکانەی باسی دەکات دوکانی: (بەرگ درووی پیاوان بووە بۆ قات و پانتۆڵ کە بۆ ئه و سەردەمه و دواتریش واتە لە چلەکان و تا کۆتایی پەنجاکانی سەدەی بیست دا تاکە دوکان بووە لەهەڵەبجە و شتێکی گرنگ و سەرنج ڕاکێش بووە، پاشان لە شەستەکاندا (بەکر مستەفا و سەید عەبدوڵڵا) دوکانی خەیاتیان داناوە، کە پێشتر شاگردی کاک فازیلی خەیات بوون)دواتریش (قادر عەلی)دوکانی خەیاتی داناوە، بەکورتی لە چلەکاندا کاک(فازیلی خەیات) کاری تێدا کردووه و لە پەنجاکاندا بووە بە هی خۆی، ئه و دوکانە تاوەکو ئەوکاتەی داخراوە (لەکۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان) مەڵبەندی ڕۆشنبیران و شاعیران و مامۆستایان و فەرمانبەران و کەسایەتیە ناسراو و ناودارەکان بووە، یەکیک له و کەسایەتیانە (داود بەگی باوکی کەریم بەگ بووە)کە لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی بیست هاتوچۆی ئه و دوکانەی کردووە، هاوکاتیش شوێنی شاعیرانی وەکو (فایەق بێ کەس، ئەحمەد هەردی، کەمالی، ناتیق، صاڵح هەژار، حیلمی، قانع، صاڵح شارەزووری، شێخ سەلام، ع. ع. شەونم، ئەحەی لار، کاردۆخی، حەسیب قەرەداخی(کە ئەوکات مراقیبی ئیعاشە بوو لە هەڵەبجە) هتد...
هەروەها مامۆستایان و فەرمانبەران بەگشتی هاتوچۆی ئه و دوکانەیان کردووه و لەوێ گفتوگۆی ڕۆژانه و ڕۆشنبیریان کردووە، دیارترینیان : (صادق بەهادینی شاعیرو نوسەر م.سەعدەدین)، هەروەها شوینی هاتوچۆو دانیشتنی (قایمقام : شێخ حەمە ئەمینی شێخ ئەوڵا و حاکم ڕۆستەم و حاکم ئەحمەد و حاکم عومەر) و چەندین حاکم و قایمقامی تر بووە.
هەروەها شوێنی هاتوچۆی کەسایەتیەکانی وەکو (لەتیف قادرو بارام بەگی باوکی هونەرمەند پەیوەند جاف و سەعدی بەگی قادر بەگی تەوێڵەیی و ئەفراسیاو بەگی کوڕی ئەحمەد موختارجافی شاعیر، حاجی فەرەج ناسراو بە حاجی فەرەجی زەڕە(باوکی شەهید خالید و شەهید مەحمود)، کەریم بەگی کوڕی داودبەگ و مەلا ئەحمەدی بامۆکی، دیاری بەگ، مەحمود بەگی ئەوڕەحمانە فەنی کە(مەلاک) بوو، نوری حیلمی، شێخ کەمالی عەبابەیلێ، نوری حەلاو، ئاجی مەیفرۆش : (کەسایەتی ئەرمەنی و پیرێکی سپۆرت بوو)، حەمە سەعید فەنی (حەمە سەعیە فەنی سەرسپی)، مەحمود بەگی حسێن بەگ، کاک مەحمود عەلی مراد، عەبدوڵای مەلا تایەر، صباح بەگی حەمە سەعید بەگ و نوری برای، کاکە حەمەی مەلا کەریم، حەمەی مەحمود ئەفەندی، ئەنوەر بەگی جەمیل بەگ، کاک عومەری حەمەصاڵح بانەیی، مامۆستا مەلا عەبدول لەتیف بامۆکی، ئەحمەد دلاوەر، جەمال خەفاف، سەید کازمی سەید جەواد، شێخ سەعیدی موفتی، عارفی حاجی فەرەج (عارفی چایچی)، مامۆستا شێخ فاتح شێخ ئەحمەد، شێخ عارفی شێخ ئەحمەد، شێخ عەینەدینی شێخ نەجمەدینی عەبابەیلێی، شێخ حەمە تۆفیق، شێخ ماجیدی شێخ حەسەن، شێخ ماجیدی شێخ ئەحمەد، غەفور پشدەری (مدیر مال)ی هەڵەبجە بووە، ئەحمەد موراد خان، مامۆستا شێخ صاحب محەمەد زەکی عەبابەیلێی، شێخ عبداللەی شێخ ئەحمەد عەبابەیلێی... هتد
ئەم دوکانی خەیاتیە بەتەنیشت چایخانەی (ئازادی)یەوە بووە، زۆر جار کەسایەتیەکان لەبەردەم دوکانەدا تاوڵەیان کردووە، بەڵام بەگشتی ئه و دوکانە شوینی گفتوگۆ و بیرورا گۆڕینەوه و شیعر خوێندنەوەوبابەتی ڕۆشنبیری و باس و خواستی ڕۆژ بووە، بەکورتی یاری تاوڵە لەدەرەوەی دوکان کراوه و گفتوگۆی ڕۆشنبیری و بیرورا گۆڕینەوە لەناودوکانەکەدا کراوه و شوێنیک بووە جگە لەئیش و کارکردن تێیدا وەکو چایخانەی شەعبی ئێستا خەڵکە ڕۆشنیرو کەسایەتیەکان ڕوویان تێ کردووە.
(فازیلی خەیات 1920 - 13/11/2009) بۆ خۆی کەسێکی زمان زان بووە (کوردی : سۆرانی و هەورامی و خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی وراڤە کردنی بۆ هاوڕێیانی خولیای سەرەکی بووە.
عەرەبی : جڵفه و قەواعیدی و خوێندنەوەی ئەدەبیات، بەتایەتی ئەدەبیاتی کۆن.
فارسی : نوسین و قسەکردن و خوێندنەوەی ئەدەبیاتی فارسی کۆن بەتایبەتی حافز و سەعدی.
تورکی: قسەکردن و خوێندنەوە.
هاوکاتیش خاوەنی دەنگێکی خۆش بووە بەڵام گۆرانی تۆمار نەکردووە، یان زۆر بەکەمی و هاوڕێیانی بەدزییەوه و لە موناسەباتەکانداو بەکوالێتی خراپ تۆماریان کردووە. وەکو شاعیری بەناوبانگ (عەلی کەمال باپیر) لە دیوانەکەیدا لە لاپەڕە (53) لەم بارەیەوە دەڵێ:
(ئەبینێ دەستەیی سەرخۆش وبەزمی مەیخۆران
بەدەنگی خۆشەوە فازیل ئەڵێ مەقامی نەوا) 1.
لێرەدا هەر لەسەر شاعیری بەناوبانگ (کەمالی) و پەیوەندی بەدوکانەکەی کاک فازیلی خەیات و حیلمی شاعیرەوە ئەم مێژووە تۆمارئەکەین: کاتێک (کەمال)ی کوڕی شاعیر عەلی پاپیر ئاغا ناسراو بەکەمالی، نەقڵی کەرکووک دەبێت، کەمالی لەبەر کوڕەکەی ناچار دەبێت هەڵەبجە بەجێبهێڵێت و ڕووبکاتە کەرکووک، ئەوکاتە هەم کەمالی زۆر بیری هەڵەبجه و شاعیرو کەسایەتیەکان دەکات، هەم شاعیرو کەسایەتیەکان زۆر بیری کەمالی دەکەن، له و کاتانەدا کەمالی شاعیر تازە کۆمەڵە شیعری (دیاری شارەزوور) چاپدەکات و نوسخە بۆ کەسایەتیەکانی وەکو کاک فازیلی خەیات و حیلمی شاعیرو هتد.. دەنێرێ، حیلمی شاعیر بەم شیعرە سوپاسی دەکات وەڵامی دەداتەوه و داواشی لێی هەیه کە کتێبی دووەم ناو بنێت (باخی میر) :
مامەی خۆشەویست شاعیری مەشهوور
رووناکیت خستە دەشتی شارەزوور
لەگەوره و بچوک سەناخوانی تۆن
سوپاست ئەکەن لە نزیک و دوور
هۆنراوەکانت وەک گەوهەر وایە
دڵ ڕۆشن ئەکا هەروەک پارچەی نوور
(حیلمی) بەراستی بچووکی تۆیە
زۆر لای بەنرخە دیاری شارەزوور
(فازیلی خەیات) یادی تۆ ئەکات
پێت ئەڵێ مامەی دڵسۆزی جەسوور
ئومیدم وایە بۆ بەرگی دووەم
باخی میر بێتە سەر لەوحەی ستوور
چونکە بەشداری هونەری تۆیە
پێویستە مەدحی سایەی تووە سوور(2)
ئەم سیفەتانەی کە لە کاک فازیلی خەیاتدا بووە وای کردووە کە ساڵی 1967 کۆمەڵێک هونەرمەندی ناودار لە ئێوارەیەکدا کە بریتی بوون لە (حەسەن زیرەک، مەحمود تۆفیق شلک، شەوکەت ڕەشید، سەلاح ڕەشید.. هتد) ئاهەنگێکی قەشەنگیان تۆمارکردووە بە ئامادەبوونی کەسایەتیە ناودارەکانی هەڵەبجە، هەتا بەرەبەیان لەماڵی کاک (فازیلی خەیات) گۆرانیان وتووە، کە بۆ ئه و سەردەمە هەم شتێکی نوێ و ڕچە شکێنی بووە کە عەشاماتێک لە خەڵک تا بەرەبەیان هاتوچۆی ئه و ماڵه و بەشداری ئه و ئاهەنگەیان کردووە.
لە کۆتاییدا بۆیە ئەم سەرنجانەم نوسی چونکە لە کتێبەکەی پشکۆ نەجمەدین بەرگی 3 زۆرلامسەرلایی باسی (دوکانەکەی کاک فازیلی خەیاتی) کردبوو، هیوادارم لە چاپی ئایندەدا تیشک بخاتە سەر ئه و دوکانه و سوود لەم نوسینە وەربگرێ یان وەک خۆی لەبەرگی 4ی ئەزمون و یاد دا بڵاوی بکاتەوه و ئەم مێژووە جوانەی هەڵەبجه و کەسایەتیەکاتی لەبیر نەکات.
پەراوێز
1 لەدیوانەکەی کەمالیدا لە ساڵی 1986 نوسراوە: فازیل کوڕێکی بەرگ درووی دەنگ خۆش و ڕووخۆش و هۆشیارە لە هەڵەبجه.
2 دیوانی (حیلمی) لاپەڕە 29، کۆکردنەوه و ئامادەکردنی ئومێد کاکە ڕەش لە ساڵی 1985 چاپکراوە.
تێبینی / 1 بۆ ئەم نوسینە سوودم لە مامۆستا (شێرکۆی کوڕی کاک فازیلی خەیات و مامۆستا سەلاح حیلمی) وەرگرتووە، هەروەها سوودم لە کتێبی (نامەی ژیان) دوو نامەکەی کەمالی و ناتیق لە ژێر تیشکی دوو نامەکەی نالی و سالم لە نوسینی (ساجد ئاوارە) وەرگرتووە.
2 لەدوای بڵاوکردنەوەی ئه و شیعرەی (حیلمی)، کەمالی شاعیر، کتێبی دووەمی شیعریی خۆی ناو دەنێت (باخی میر) وەک وەفایەک بۆ هەڵەبجه و لەسەر داوای (حیلمی) و هاتنی ناوی کاک (فازیلی خەیات) لە شیعرەکەدا، کە هاوڕێیەتیەکی خۆش هەبووە لە نێوانیانداو هەمیشە بە (مامە) یان بە (عەلی ئەفەندی) بانگیان کردووه و دیارە لە شیعرەکە لەباتی کەمالی بە(مامە) ناوی هاتووە.
مەریوان سەلاح حیلمی