سەبارەت بە کۆبونەوەی بەشێک لەهاودیدان لە #هەولێر#
ڕونکردنەوەیەک لە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، بۆ ڕای گشتی.
ئەمڕۆ لەشاری هەولێر، بەئامادەبونی تەنها 3 سێ کەس، لەکۆی 14 چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەهاوبەشی تەنها 2 دووکەس لە کۆی 15 پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و کەمایەتیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی هاوپەیمانی و بەدەر لە ڕێکارە سیاسی و یاساییە ڕەواکان کە ئایندە و چارەنووسی هێزە سیاسییەکانی پێ دیاری دەکرێت، کۆبوونەوەیەکی نادەستووری، بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا.
ئێمە وەکو زۆرینەی ڕەهای دەستەی دامەزرێنەر و ئەنجوومەنەکانی بەڕێوەبردن و گشتی هاوپەیمانی ڕایدەگەیەنین:-
1 - چارەنوس و ئایندەی هاوپەیمانی، بەگوێرەی ڕیکارە حزبی و بڕیاڕە یاساییەکانی یاسای ژمارە 36 ساڵی 2015 پارتە سیاسیەکان لە عێراق کە هاوپەیمانی لەسەر دامەزراوە، دیاریدەکرێت و لەم ڕووەوە هەنگاوی سیاسی و یاسایی ڕاست و دروست، بە بڕیاری زۆرینەی هاوپەیمانی، بۆ زۆرینەی ئۆرگانە گرنگەکانی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی دەستیپێکردوە و هەرئەوەش دواتر دەبێتە بڕیاڕی فەرمی و دەستووری هاوپەیمانی.
2 - بەگوێرەی نەریت و پەیڕەوە باوەکانی حیزبایەتی، بڕیاری گۆڕینی ناو و بەرنامە و سەرکردایەتی و ستراکچەری هاوپەیمانی، وەک هەر پارتێکی سیاسی، لەدەستی زۆرینەی دامەزرێنەران و ئەنجوومەنەکانی بەڕێوەبردن و گشتی دایە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەهەولێر ئەنجامدرا، تەنها پەرچەکردارێکی نایاسایی و ناحزبیە و هیچ کاریگەریەکی لەسەر بڕیاڕی زۆرینەی هاوپەیمانی نابێت، کە پێشووتر دەستیکردوە بەوەرگرتنی ڕێوڕەسمە سیاسی و یاسایی و دەستووریەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هاوپەیمانی کەهەڵوەشاندنەوەیەتی، بەگوێرەی ڕێکارە داواکراوە حیزبی و یاساییەکان لەیاسای دامەزراندنی پارتە سیاسییەکانی عێراق.
3- ئەو 3 سێ ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەران، کەدیارە ڕێگای جیاوازیان هەڵبژاردوە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و بەڕێز و پێزانینەوە هاوکاریانین، بەڵام دەبوو ئەوان وەک زۆرینەی موتڵەق بڕیاریان لەچارەنووسی هاوپەیمانی نەدایە و لەچوارچێوەی مافی خۆیان دەستیان ببردایە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی نوێ کە ئەوکات دەیانتوانی پشتیوانی ئەوانە بەدەستبهێنن، کە لە هاوپەیمانی خوازیاری درێژەپێدەری کاری سیاسین لەگەڵ ئەوان، نەک بەم جۆرە ئەوان مافی زۆرینە بەخۆیان بدەن، بۆیە داواکاریشین بەزوویی ئەو پێشێلکاریە ڕاست بکەنەوە، کە لە کۆبوونەوەی هەولێر تێیکەوتن و ڕێز لەبڕیاری زۆرینەی هاوپەیمانی بگرن و دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی ناو و لۆگۆی هاوپەیمانی، کەپێشوتر بەزۆرینە و کەمینە، یەکلایی کراوەتەوە.
4- بەڕێزگرتن لە بنەماکانی هاودیدبوون و هاوڕێیەتیمان، هیوای سەرکەوتن بۆ (هاوپەیمانی نیشتیمانی) وەک حیزبێکی سیاسی نوێ دەخوازین و بەڕوونی ڕایدەگەیەنین: کەو ئەو حزبە نوێیە، درێژکراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری نییە، ئێمە لەو بارەوە بەگوێرەی دەستوری هاوپەیمانی و یاسای ژمارە 36 پارتە سیاسیەکانی عێراق، پێشوتر بەزۆرینە بڕیاڕمانداوە کە هاوپەیمانی وەک ڕەوتێکی سیاسی هەڵدەوەشێنینەوە بۆیە لەو بارەوە هەر هەنگاو و کردار و گوفتارێک بەپێچەوانەی ئەوەوە پەسندکراو نابێت و ڕێکاری یاسایی و سیاسی بنەبڕی بەدوادا دێت.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
#10-11-2018#