دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری #هەولێر# و تیمێکی زانکۆی میلانۆی ئیتالیا، باڵەخانەیەک و کۆمەڵێک پارچەی شوێنەواری زۆر گرنگ و دەگمەن دۆزرانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی دووەم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر و تیمێکی زانکۆی میلانۆی ئیتالیا ئەنجامی پشکینی شوێنەواری لەهەردوو گوندی عەلیاوە و هێڵەوەی باشووری ڕۆژئاوای هەولێریان ڕاگەیاند.
لە کۆنگرەکەدا، لوکا بیرونیل، مامۆستای شوێنەوای لە زانکۆی میلانۆ بەڕێوەبەری نێردراوی شوێنەواری ئیتالیا ڕایانگەیاند: ئێمە بڕیارماندا کار لەگوندی هێڵەوە بکەین، چونکە شوێنەکە دەوڵەمەندە بەشارستانییەتی مەزن وەکو کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بەشێوەیەکی پێشکەوتوو توانیویانە گوند بگۆڕن بۆ شارۆچکە و دانیشتوانەکەشی تایبەتمەند بوون بەکاری نەخش و دەستڕەنگینی و بواری بارزگانی.
لوکا بیرونیل، وتیشی: مێژووی هێڵەوە دەگەڕێتەوە بۆ 5 هەزار ساڵ پێش زایین لە شارستانەیەتی میزۆپۆتامیا لەسەردەمی حلف و عبید و بەگوێرەی کاری هەڵکۆڵینەکە بەدیارکەوتووە کە پێش 3500 ساڵ ئه و شوێنە چۆڵکراوە.
پسپۆڕە شوێنەوارەیەکەی ئیتالیا، ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ دەستکەوتنی چۆنیەتی ئه و شوێنەوارە بڕیارماندا بە پشکنین بە درێژایی گردەکە بەشێوەی سلۆپی بە بەرزی 23 مەتر، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە شوێنەوارەکە 23 مەتر چین چین لەسەریەکتر بووه و لەسەرووی شوێنەوارەکەوە باڵەخانەیەکی گشتیمان دۆزیەوە کە پێشبینی دەکرێت پەرستگا بووبێت، ئه و باڵەخانەیە پێش پێنج هەزار ساڵ دروستکراوه و لە یەک ژوور پێکهاتووه و مۆری قوڕی بچووکمان دۆزییەوە کە نەخش و نیگاری مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵی لەسەر نەخشێندراوە، ئەمیش بۆ داخستنی دەرگا وەکو قفڵی ئێستا بەکارهاتووە.
وتیشی: ئه و شێوازە مۆرە بەیەکەمین سیستمی ئیدارە دادەنرێت لە هەموو جیهان، هەروەها کۆمەڵێک قاپمان دۆزییەوە کە بەکارهاتووە بۆ پێدانی خواردن بە کرێکاران و خەڵکی شارەکە، جگە لەوە هەندێک کەلوپەل و شتی سەیرو دەگمەن و گرنگمان دۆزیەوە وەکو قاپی بەردین و شتی جوانکاریی و بەردی ئۆبسید، کە ئەو بەردە شووشەیەکی بورکانییە کە بۆ هێڵەوە نێردراوە کە سەرچاوەکەی ئەناتۆلیا بووە، ئه و شوێنە چەند کیلۆمەترێک لە هێڵەوە دوور بووە.
ئه و پسپۆڕە شوێنەوارییە، ڕاشیگەیاند: بەردەوامدەبن لەکاری کنەوپشکین لە گوندەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد[1]
#11-11-2018#