لە هەرێمی کوردستان، بە هۆی ئەوەی سووتەمەنی پێویست بەسەر هاوڵاتییانی نیشتەجێی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشناکرێت، بڕینی دار زیادی کردووە، ئەمەش کاریگەری لە سەر ژینگە دروستدەکات، بۆیە پۆلیسی دارستان، لەماوەی شەش مانگدا 35 هاوڵاتی لەسەر بڕینی دار دەستگیرکردووە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز-دا، بڕینی دار لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، لە وەرزی هاوین-یشدا، بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانەکانی ئێران و تورکیا، دارستانەکان دەسووتێن، ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە نەدۆزرێتەوە ئەوە کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر ژینگەی کوردستان دەبێت.
هێمن کەمەرخان، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستنەکانی سلێمانی، لە سەر زۆربوونی بڕینی دار لەلایەن هاوڵاتیانەوە و هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە بڕینی دار، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: ئێستا وەرزی زستانە و بە هۆی ئەوەی بە گوێرەی پێویست نەوت دابەش ناکرێت لە ناوچە کوێستانییەکان، بڕینی دارەکان دەستی پێکردووە، بەڵام ئێمەش وەک پۆلیسی دارستانەکان تیمەکانمان لەو ناوچانە زیاد کردووە، بۆ بڕینی دارەکان ڕێنماییمان هەیە، بەپێ پێوەرەکان پەلی دارەکان بۆ بڕینە، نەک دارەکە بە گشتی، چونکە ئەگەر دارەکە لە بنەوە ببڕدرێت، وشک دەبێت و ئیتر شین نابێت، بەڵام ئەگەر لق و پۆپی دارەکان ببڕدرێت، دەبێتە هۆی گەشەکردنی دارەکان.
هەورها ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، کە هەندێک کەس بۆ بەرژەوەند مادی دارەکان دەبڕن و وتی: ئێمە دەزانین دۆخی هاووڵاتیان لە ناوچە شاخاویەکان و شوێنە ساردەکان چۆنە، هاووڵاتیان دەتوانن بە پێ یاسا سوود لە دارستانەکان ببینن، بەو مەرجەی لەگەڵ ئەو لێژنانەی لەو ناوچانە داندراون پەیوەندی بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە، بەڵام هەندێک کەس بۆ بازرگانی کردن دارەکان دەبڕن و ئێمە قبوڵی ناکەین، ئێمە ئەوکەسانە دەستگیر دەکەین و تەسلیمی دادگایان دەکەین.
بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستانەکانی #سلێمانی#، ئاماژەی بەوەدا، کە لە ناو شەش مانگی دەستپێکی ئەماساڵدا بە هۆکاری بڕینی دارەکان 35 کەس دەستگیرکراون و بە پێ یاسا سزای مادی دراون، کە لە بڕەکەی لە 100 هەزارەوە دەستپێدەکات تا دوو ملیون دینار.[1]
#05-11-2018#