واتای تڕ لە (فەرهەنگی خاڵ) بایەکی بۆگەنە دێتە دەرێ لە قنگی گیاندار بە دەنگەوە.
تڕ: لە (هەنبانە بۆرینە) بای دەنگداری قوون.
ئەگەر نەڵێم لە هەموو، ئەوا لە زوربەی زمانەکاندا پەند و ئیدیۆم هەیە کە وشە و دەستەواژەی سەیروسەمەرەی تێدایە، بەتایبەتیی هەندێک وشە کە باسکردنیان لە کۆڕوکۆبونەوەکاندا گونجاو یا جواننییە!
با زیاتر بە پێشەکیەکەوە کاتتان نەگرم، وشەی (تڕ) لە پەندی کوردیدا زۆر بەکارهاتووە، لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەوەی توانیم بنووسم.
1-تڕی ڕۆیشتووە، تسی ماوە. (واتا: گەنجی ڕۆیشتووە پیری ماوە، یان تازەیی کاڵا ڕۆیشتووە تەنیا کۆنییەکەی ماوە.)
2-تا نەتڕێ چوارمشقی دانانیشێت. (واتا: تا هەڵە نەکات، خۆپارێزی ناکات.)
3-لە پاش تڕێ خەمشەی بڕێ. (واتا: لە دوای ڕوودانی هەڵەیەک، خۆپارێزی سوودی نییە.)
4-تڕ لە قنگیا ناوەستێ. (واتا: نهێنی لە دەمیا ناوەستێ.)
5-تڕبێت و دەم ڕەشەبا بکەوێت! (واتا: نهێنی بێت و بکەوێتە دەم کەسی نهێنی نەپارێز.)
6-حەمام بە تڕ گەرم نابێت. (واتا: هەر کارە و بە ئامراز یا بە هیمەتیی تایبەتیی خۆی ئەنجامدەدرێت.)
7-تڕی مێکوت نایشکێنێت! (واتا: کەسێکی بە فیز و خۆبەزلزانە.)
8-قوڵە وا تڕی، بەشی خۆی بڕی. یا تڕی وا دەکەنێ بە قنگیەوە ناچێ. (واتا: کەسێک کارێکی لە توانای خۆی زیاتر ئەنجامبدات، خۆی زەرەرمەند دەبێت.)
9-لە لێفەی بابی نەتڕیوە. (واتا: خۆی وا نیشان دەدات بە بنەماڵە و باو و باپیر هەر دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار بوون!)
10-زانیت کە حەریف لە خۆت زیاترە، شەڕی خۆ تڕێن نەکەیت چاترە. (واتا: شەڕێک کە دڵنیابیت تیایدا سەرکەوتوو نابیت، نەیکەیت چاکترە.)
11-بووە تڕی ناو شەرواڵ. (واتا: بوو بەشتێکی حەیا بەرە.)
12- دوا تڕێتی. (واتا: کۆتایی ژیانێتی.)
13-تێڵا(تڕێن)یان کرد. (واتا: زۆریان لێدا.)
14-دەڵێی کەرە دەتڕێت. (واتا: قسەی بێ مانا دەکات.)
15-لەگەڵ تڕی خۆی شەڕ دەکات. (واتا: کەسێکی کەم تەحەمولە.)
16-بیانوی تڕ نانی جۆیە. (واتا: بۆ هەموو هەڵەیەک بیانویەکی نا بەجێ دەهێنێتەوە.)
17-نانی بێ خوێ دەخوات، تڕی سوێر دەکەنێ. (مەبەست لە هەژاری فیززلە.)
18-وەک تڕی بن گۆم ڕۆیشت. (واتا: کەس نەیزانی بەچی مردووە و کێ بکووژەکەیەتی؟)
19-کەر ئەتڕێ و مانگا پێی پێ دەکەنێت. (واتا: کەسێک تووشی زیان ببێت و کەسێکی تر پێی پێبکەنێت)
20-ئەو تڕەی لە قنگتایە بیکەنە. (واتا: چی هەڕەشەیەک دەکەیت بیکە!)
21-بە نارێ و بە نێرگز پڕیانکرد لە تڕ و تس. (واتا: بە دوو کابان یەک خواردنیان درووستکرد ئەویش ناخۆش دەرچوو!)
22-تڕاندی یا تڕی بڕی. (واتا: بەسەریدا سەرکەوت.)
23-تڕ بەدەست خۆت نییە. (واتا: هەندێک کار بەرۆکت دەگرن بەبێ ئەوەی خۆت حەز بە ڕوودانی بکەیت.)
24-کە قوون فێربوو بە تڕین، تەرکی ناکات. (واتا: کارێک کە مرۆڤ خووی پێوەگرت، بە ئاسانی بۆی تەرک ناکرێت.)
جا جگە لە پەندەکان بە شێوەی تریش وشەی (تڕ) بەکار هێنراوە وەک: کابرایەکی تڕ زلە، تڕ و تەشقڵە، تڕ و تفاق، لە تڕی کەرەکەش نازانێت، بە تڕەتڕ کارەکەی ئەنجامدا. ئەم ئیشە کەر تڕێنە.