خەڵکی ناوچەی عەرە و ڕووا لە پارێزگای #ئیلام# جگە لە برنج و هەنار سەرچاوەی دیکەی داهاتیان نیە. ناوچەیەک کە لەسەر ڕووباری سەیمەرە لە نزیک شاری سیروان هەڵکەوتووە. لەو ناوچەیەدا یەکێک لە جۆرە هەرە باشەکانی برنج بەرهەمدێ، کە برنجی عەنبەربۆی پێدەگوترێت.
وشکەساڵییەکان بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ئەو بەرهەمە ناوازەیە. ئەمساڵ ڕێکخراوی کشتوکاڵی ئێران بڕیاریدا کە جگە لە پارێزگای باکوورییەکانی ئێران، برنج لە هیچ پارێزگایەکی دیکە نەچێندرێت، لەوانەش ئیلام. سەرەڕای ئەوەش جووتیارانی ئیلامی ئەمساڵیش برنجیان چاندەوە. ئەوان دەڵێن، جگە لەوە سەرچاوەی دیکەی داهات شکنابەن.
ساڵانە نزیکەی 3 هەزار هێکتار لە زەوییەکانی ناوچەی سیروان دەکرێتە برنج و 35 ملیار تمەن داهاتی بۆیان هەیە. برنجکارانی ئیلام دەڵێن، ئەگەر ڕێگەیان لێبگرن برنج بچێنن، داهاتیان نامێنێ و ناچار دەبن گوندەکانیان چۆڵبکەن.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، لە 30% سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگای ئیلام وشکبووە. حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و کەمئاوییەکان پلانی درێژخایەنی هەیە، بەنداو لەسەر ڕووبارەکان دروستدەکات، یان ڕێڕەوی ئاوەکان دەگۆڕێ و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەی دیکەی ڕادەگوێزێ. هەروەها چاندن و بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەش قەدەخەدەکات کە پێویستییان بە ئاوی زۆر هەیە، برنجیش یەکێک لەو بەرهەمانەیە.[1]
#13-11-2018#