خاوەن کێڵگەکانی پەلەوەر دەڵێن، لە وەرزی زستاندا تێچووی بەخێوکردنی مریشک زیاددەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگری لە چوونی بەرهەمەکانیان دەکرێت بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، بۆیە لە کارەکەیاندا زیانمەنددەبن و ناتوانن بەرهەمەکانیان بەو نرخەی دەیانەوێ ساخبکەنەوە.
خاوەن کێڵگەکان داوادەکەن نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان جێگیربکرێت، بە شێوەیەک کە ڕێگری لە گەیاندنی زیان بە کێڵگە پەلەوەرییەکان بکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە هەرێمی کوردستاندا هەزار و 300 کێڵگەی پەلەوەر هەن، لەگەڵ 15 پڕۆژەی بەخێوکرنی مریشکی دایکانە و 32 پڕۆژەی هەڵهێنەری جوجەڵه. بەشێک لە جوجەڵەش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردەدەکرێن وەک تورکیا و ئێران، کە لەم دواییانەدا بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک نیوکاسڵ، ئای بی، کۆسیدیا، به و هۆیەشەوە بەشێک لە جوجەڵەکان لەنێو کێلگەکان لەنێودەچن ق خاوەن کێڵگەکان زیاندەکەن.
تەنیا لە #گەرمیان# ڕۆژانە 10 هەزار مریشک لە کێڵگەکانەوە ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێن. کشتوکاڵی گەرمیان ناتوانێت قەرەبووی خاوەنی کێڵگە زیانلێکەوتووەکان بکاتەوه، بەڵام لە هەوڵدایە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی کێڵگەکان.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، پێویستی هەرێمی کوردستان بە گۆشتی مریشک لە ساڵی 2019 دەگاتە نزیکە 140 هەزار تۆن لە ساڵێکدا، ئێستاش پڕۆژە خۆماڵییەکان لە 75%ی پێداویستی ناوخۆ دابیندەکەن.[1]
#13-11-2018#