خەباتی هاوبەشی پلاتفۆڕمی زمانی کوردی، کە لە لایەن 9 پارتی باکوری کوردستان دامەزرێنراوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەنجامی خەباتی ئەو ماوەیەیان ڕاگەیەندرا.
پلاتفۆڕمی زمانی کوردی، کە لە پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، پارتی هەرێمەدیموکراتییەکان - دەبەپە، پارتی ئازادی و سۆسیالیزم- ئۆسەپە، پارتی دیموکراتی کوردستان – باکوور- پەدەکە-باکوور، پارتی دیموکراتی کوردستان - تورکیا - پەدەکە - تورکیا، پارتی سۆسیالیستی کوردستان - پەسەکە، پارتی ئازادیی کوردستان - پاک، پارتی ئازادی و مرۆڤ و حەرەکەتی ئازادی پێکهاتووە، ئەنجامی خەباتیان بۆ کاراکردنی زمانی کوردی لە کۆنگرەیەکی ڕۆنامەنووسیدا، کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی باشووری ڕۆژهەڵات، لە ئامەد سازکرا، نوێنەرانی هەر نۆ پارتە کوردییەکە و پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد ڕەمزیە تۆوسن ئامادە بوون.
جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان - پەسەکە، بایرام بۆزیەل ئەنجامنامەکەی خوێندەوە و وتی: بەشداربوانی خەباتەکە پێشنیاز و بۆچوونی خۆیان پێشکەشی پلاتفۆڕم کرد، خەباتەکەمان فرەڕەنگ و پڕدەنگ بوو، لە بواری زمان و بابەتە پەیوەندیدارەکاندا بەشداربوان بۆچوونی خۆیان خستەڕوو دەربارەی سیاسەتی زمان سەرنجی خۆیان دەربڕی و گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی خۆیان کرد.
پەروەردەی زمان مافێکی سرووشتییە
بۆزیەل گوتی: ئەمە باش دەزانرێت و ئاشکرایە، کە زمانی مرۆڤیش مافێکی مرۆیی، جڤاکی و سرووشتییە. پەروەردەبوون بە زمانی دایکیش هەروەها مافێکی مرۆیی، جڤاکی و سرووشتییە، مافەکانی مرۆڤ لە لایەن زۆر ڕێکخراوی نێونەتەوەییەوە پەسەند کراون، لەنێو بەڵگەنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا، جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، پەیمانە ئایینییەکان و قورئانی پیرۆزدا ئەم مافی زمانە بەڕوونی باس کراوە.
لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە: ئەمڕۆ لە دونیادا هەر نەتەوە، گرووپ و کەسایەتێک شانازی بە زمانی خۆی دەکات، بە زمانی خۆی بەرهەم دەئافرێنێت شانۆ، گۆرانی، سینەما، پەروەردە، وێژە، میدیا، لێکۆڵینەوە و خزمەتی ئایینی بە زمانی دایک واتایەکی نەتەوەیی وەردەگرن، ئەم بەرهەم و چالاکییانە دەبنە کولتووری نەتەوەیی و هاوبەشییەک لەنێو مرۆڤەکاندا دروست دەکەن، لەبەرئەوەی بەرهەمی زمانی، ناسنامە و هەبوونی مرۆڤەکانە، هەبوونی خودی نەتەوەکانیشە، کاتێک زمان لە دەستی مرۆڤەکان چوو و مرۆڤ ئاسمیلە بوو، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات نەتەوەبوونیش نامێنێت، ئەم ڕاستییە ئەمڕۆ بەشێوەیەکی ئاشکرا لە بەردەم کوردانی باکوور وەستاوە، یان دەبێت کوردان دەمودەست خاوەندارەتی لە زمان و کولتووری خۆیان بکەن، یانیش ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە، ئەگەر نامانەوێت ببینە بکوژی میللەتێکی دێرین لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، پێویستە خاوەندارەتی لە زمانی کوردی بکەین.
لە دریژەی ئەنجامنامەکەدا هاتووە: باش دەزانرێت، کە کوردان لە تورکیا وەک هاوڵاتی باج دەدەنە دەوڵەت، سەربازی بۆ دەوڵەت دەکەن، هەموو ئەرکەکانی هاوڵاتیبوون جێبەجێ دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئاشکرایە کە کورد چالاکانە بەشداری لە سیاسەت، ژیانی کولتووری و بەرهەمهێناندا دەکات. ئەمڕۆ لە تورکیا زیاتر لە 25 ملیۆن کورد هەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا کورد نەبووەتە خاوەنی مافە کۆلەکتیفەکان و زمانی کوردی (کورمانجی و کرمانجکی)یش لە فێرگەکان نەبووەتە زمانی پەروەرده، ئێمە داوا لە دەوڵەت دەکەین کە زمانی کوردی (کورمانجی، کرمانجکی) لە فێرگەکانی سەرەتایی تا زانکۆ ببێتە زمانی پەروەردە. چونکە ئەمە مافی هەموو کوردانە و تەواوی کوردان بەبێ جیاوازی لە ئامێزدەگرێت.
منداڵانی کورد بە زمانی بیانی پەروەردە دەکرێن
ئاشکرایە، کە منداڵانی کورد ئەمڕۆ بە زمانێکی بیانی پەروەردە دەکرێن، هەرچەندە زمانی تورکی زمانی فەرمیش بێت، دیسانیش بۆ مندالانی کورد تورکی زمانێکی بیانییە، کوردان دەیانەوێت بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن، ئەمە بە هەموو شێوەیەک مافێکی مرۆیی، جڤاکی و سرووشتییە، بۆ ئەوەی مافی زمانی کوردی ئاسایی بکرێت و ترس و ڕێگرییەکان لە بەردەم زمانی کورد لاببرێن، پێویستە زمانی کوردی لە تەک زمانی تورکی لە شارەکانی کوردان ببێتە زمانی فەرمی.
ئێمە وەک کورد داوا لە دەوڵەت دەکەین، کە زمانی کوردی (کورمانجی و کرمانجکی) ببێتە زمانی پەروەردە و زمانی فەرمی، هەر وەک چۆن دامودەزگەکانی دەوڵەت لە کاتێکدا TRT Kurdîییان کردەوە، هەروەها لە زانکۆکان بەشی وێژە و زمانی کوردییان کردەوە و ئەمڕۆ سەرەڕای کەموکوڕییەکان چالاکە و کوردی لە فێرگەکان بووەتە وانەیەکی بژاردە، لە هەمان کاتێدا پێویستە زمانی کوردی ببێتە زمانی پەروەردە و زمانی فەرمی لە قانوونی بنەڕەتیدا بچەسپێت، ئەمە مافی هەموو کوردانە و پێویستە بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت.
پێویستە پشتگیریی خەباتکارانی زمان بکرێت
لە لایەکی دیکەوە پێویستە کوردانیش بەوریاییەوە خاوەندارەتی لە زمانی خۆیان بکەن و بە هەموو شێوەیەک زمانی خۆیان بکەنە بەشێک لە ناسنامەیان، زمانی کوردی لەنێو کۆمەڵگەی کورداندا پێویستە ببێتە زمانی هەموو جۆرە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، زمانی کوردی پێویستە لە هەموو پەیوەندییەکانی ڕۆژانەدا بەکاربهێنرێت و قسەی پێبکرێت، کوردان پێویستە بە زمانی خۆیان بازرگانی و سیاسەت بکەن و چالاکیی کولتووری ساز بکەن و کاری ڕۆشنبیری بە کوردی بکەن. خاوەندارەتی لە کولتووری خۆیان بکەن، بەها بدەن بە خەباتکارانی زمانی کوردی، کورد بە کوردی قسە بکەن و بە کوردی دانوستان بکەن.
پێویستە شارەوانییەکانمان بەوریاییەوە ڕێ لە بەردەم گەشەپێدانی زمانی کوردی بکەنەوە و پشتگیریی خەباتکارانی زمانی کوردی بکەن
لەبەر ئەم هۆکارانە، ئێمە وەک پارتی و ڕێکخراوە کوردستانییەکان دەستمان بە پلاتفۆڕمی زمانی کوردی کرد، ئەم خەباتە پێویستە لەگەڵ کات بەرفرەوان ببێت، ئێمە ویستمان کە ئەم خەباتە سەرەتا لە دیاربەکر دەستپێبکات و دواتریش لە هەموو شارەکانی کوردان و شارە ناوەندییەکان، بە هەمان ئامانج بەرفرەوانتر ببێت، ئەم بزووتنەوەیە با لەنێو کورداندا ببێتە بزووتنەوەیەکی گەلێر، بۆ ئه و ئامانجە ئێمە لە دیاربەکر خەباتێکی هاوبەشمان ساز کرد، لە ئەمڕۆ بەدواوە پێویستە گەلەکەمان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕۆشنبیر، میدیا و پارتەسیاسییەکان هەموو پێکەوە خاوەندارەتی لەم خەباتە بکەن، ئێمە وەک کورد پێویستە پرسی زمانی کوردی بەوریایی بخەینە ڕۆژەڤی کۆمەڵگەی کورد.[1]
#13-11-2018#