لە پێنج ساڵی ڕابردوودا هەشت ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی دۆسیەی گەندەڵییان بۆ کراوەتەوە و بە گوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیش زۆرینەی ئه و ڕێکخراوانە لە #هەولێر#ن و قەبارەی گەندەڵییەکەشیان بە زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و ئێستا دۆسیەکانیان لە دادگایە.
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێم، لە ئێستادا 4 هەزار ڕێکخراو هەن لە هەرێمی کوردستان و ناویان لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا هەیە و تاکو ساڵی 2014 بودجەی ساڵانەیان هەبووە، لە دوای ئه و ساڵەشەوە کەم کەم ڕێکخراوەکان بودجەیان بە پێی پڕۆژە و ئیش وەرگرتووە، بەڵام هەندێکیان پارەکەیان وەرگرتووە و کارەکەیان نەکردووە.
ئەکرەم محەمەد، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێت: ئه و پێنج ڕێکخراوەی ئێستا دۆسیەیان هەیە، پارەیان بە ناوی پڕۆژەوە لە حکومەت وەرگرتووە نەیانکردووە، یان پارەکەیان بۆ شەخس بەکار هێناوە.
وتیشی: کەیسی 3ڕێکخراوی تر هەیە کە دوای قەیرانی دارایی و هاتنی ئاوارەکان بۆ هەرێم تۆمار کراون، ئەوان پارەی حکومەتیان وەرنەگرتووە، بەڵکو پارەی کەسانی سەرمایەدار یان ڕێکخراو و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بووە و لە جیاتی دابەشکردنی خواردوویانە.
ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە حکومەتی هەرێم و ناوەندە نێودەوڵتییەکان پشتگیریان دەکەن بە ڕێکخراوی قازانج نەویست خۆیان ناساندووە و کاریان لە بووارە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا بە ئاراستەی هاوکاری و هۆشیارکردنەوەیە.
زۆربەی ئه و ڕێکخراوانەی کە تێوە گلاون به و گەندەڵیانە لە هەولێردان هەرچەندە لە پارێزگاکانی تریش لقیان هەیه.
بە پێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەی ناو فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە دەستکەوتووە گەندەڵی ئه و ڕێکخراوانە بە زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی دەڵێت: دۆسیەی ئه و ڕێکخراوانە ماوەی دوو ساڵە لای ئەوانە و ئێستا دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگا کراوە بۆ ئەوەی دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.
وتیشی: ئه و ڕێکخراوانە لە هەولێر و #سلێمانی# و #دهۆک# و #گەرمیان# چالاکییان هەبووە، بەڵام زۆربەیان ئۆفیسی سەرەکییان لە هەولێردا بووە، پێویستیشە دادگا دوای بەدواداچوون بۆ بەڵگەکان بڕیاری خۆی بدات و ئه و ڕێکخراوانە سزا بدرێن.
دەستەی دەستپاکیی هەرێم سەدان دۆسییەی گەندەڵییان لایە، بەڵام وەک خۆیان ئاشکرای دەکەن دادگاکانی هەرێم لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکاندا خاون و لە کاتی خۆیدا بڕیار نادەن.
بەهزاد دەروێش، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵگای مەدەنی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: ئه و ڕێکخراوانە کە هەستاون به و گەندەڵیانە، ڕێکخراوی گەورەن و بەرپرس و کەسانی باڵادەستی حیزبییان له پشتەوەیە.
وتیشی: زۆرینەی ئیشی ئه و ڕێکخراوانەی کە دۆسیەی گەندەڵییان بۆ کراوەتەوە لە سنووری پارتیدا بوون.
بەشێک له و ڕێکخراوانە جگە لە وەرگرتنی پارە چەندان دۆنم زەوییان وەرگرتووە بە ناوی پڕۆژەوە، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکیان ئەنجام نەداوە و زەوییەکانیشیان فرۆشتوونەتەوە.
به داخەوە گەشبین نیم بە ئەنجامی ئه و دۆسیانەی کە ئێستا لە دەستەی دەستپاکی و دادگان، چونکە دادگا لەم وڵاتەدا سەربەخۆ نییە، ئه و ڕێکخراوانەش بەرپرسی گەورەیان له پشتە بۆیە پێم وایە ئه و دۆسیانە بە جۆرێک لە جۆرەکان دادەخرێن و کۆتاییان پێ دێت.[1]
#14-11-2018#