وەرگێڕانی: سەباح ئیسماعیل
2016
سەبارەت بە زەنگەکانی ڕۆما
جان دۆست
لە گشت شوێنێک و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەمیشە ناسنامە گرفتی مرۆڤەکان بووە، گەلەک مخابن، دەبێت مرۆڤ چەندین ناسنامەی هەبێت، تاکو شێوازی بیرکردنەوەی دیاری بکات و شێوازی ژیان و ژینگەی تایبەتی ئه و بنەخشێنێت، وێڕای ئه و ژینگەیەی چەندێک بکۆشێت ناتوانێت لە دەستی قوتار بێت. مرۆڤ دوای ئەوەی چەندین قۆناغ لە ئاستی هۆشیاری دەبڕێت، دەخوازێت لە باری گرانی ناسنامەی ئایینی، یاخۆ ڕەگەزی یاخود مەزهەبی… هتد ڕزگاری ببێت، ئەوا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک لەمپەر دەبێتەوە دەیگەڕێننەوە و پەلکێشی ئه و بنەچە و ڕیشەیەی دەکەنەوە، کە لە دەوروبەرەکەیەوە وەری گرتوون و لە باوباپیرانییەوە بۆی ماونەتەوە.
کەسی موسڵمان، خودان ناسنامەیەکە جیای دەکاتەوە لە کرستیان و زەردەشتی و ئێزدی، ئەوانی تریش وێڕای ڕادەی پابەندبوونیان بە ئیسلامەوە وەکو ناسنامەی ئایینی و سرووتی خواپەرستی لێی دەڕوانن. هەمان شتیش لەگەڵ کرستیان و بووزی و … هتد پێڕه و دەکرێت. لە جەنگە ئایینییەکاندا سەرەڕای ئاستی پێوەندیی به و ناسنامەیەی دەیکات بە دوژمن، ئەوی تری جیاواز دەکوژرێت، لە جەنگە ئیتنییەکانیشدا ئەوی تری جیاواز دەکوژرێت وێڕای ڕادەی پابەندبوونی بە ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی لە نەتەوەکەی خۆی، ئا لێرەدا مەترسیی ئه و ناسنامانە دەردەکەوێت، کە ئەمین مەعلۆف ناوی ناون “ناسنامە کوشندەکان.”
لە سەرەتای لاویمەوە ئەم شتانە مژووڵیان کردبووم و کارم لەسەر دەکردن، تاکو درکم بەوە کرد هەر ناسنامەیەک ببێتە هۆی دوژمنداریی نێوان خەڵک، ناسنامەیەکی ئەپستمۆلۆژی نییە، بەڵکو هۆکارێکە لە هۆکارەکانی هەڵگیرساندنی جەنگ و لەسەرمانە کار بۆ ڕاستکردنەوەی بکەین، تاکو دەبێتە سەرچاوەی دەوڵەمەندیی ئەپستمۆلۆژی و زەنگینیی ناسنامەی هاوشان.
لە ڕۆمانەکانی پێشوومدا وەکو “مارتینی بەختەوەر” و “مژاباد”، بێ ئەوەی تێیدا قووڵببمەوە ئاماژەم بەم بابەتە داوە، لێ لەم ڕۆمانەدا ویستوومە بێژم؛ ناسنامەی ڕاستەقینە ئەوە نییه، لە باوباپیران و دەورووبەرە ئایینی و خێڵەکی و نەتەوەیییەکەمانەوە بۆمان ماوەتەوە، بەڵکو ئەوەیانە کە به هۆشیاریمان بۆ ئەوی تر و قبووڵکردنی بنیاتی دەنێین، ناسنامەی ڕاستەقینە مرۆڤ لە میانەی کاروانی ژیانییەوە پێکی دەهێنێت، دوای ئەوەی لە نێوان گوڵی باخچەکەی خۆی و گوڵی باخچەی ئەوانی تردا موتوربەی دەکات، لە ئەنجامدا جۆرێکی نوێ بە دەست دەهێنێت نە لەمیان دەکات و نەیش لەویان، بەڵکو له خۆی دەکات و سیفەتی گوڵەکانی پێشوو هەڵدەگرێت، بۆیە جوان و پاراوترە. کاراکتەری “عەشیقی وەرگێڕ” کە لە کتێبی یەکەمدا چەند بەشێک لەگەڵیدا ژیان، ئه و مرۆڤەیە چون به نێو کێڵگەی میندا بێت و بچێت، ئاوا بە نێو ناسنامەکاندا دێ و دەچێت، بەڵام لە کۆتاییدا ناسنامەی تایبەتی خۆی دەدۆزێتەوە.
ئەم ڕۆمانەی له بەردەستتانە بەشی دووەم و کۆتاییی عەشیقی وەرگێڕە، تێیدا پاشماوەی چیرۆکی عەشیق و هاوەڵانی نەوجەوانی لە ڕۆما دەزانن.
سەرلەنوێ سوپاسی وەرگێڕی هێژا سەباح ئیسماعیل دەکەم، کە مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی لە گەشتە زانیاریخوازەکەیاندا هاوسەفەری ئه و نەوجەوانانە بێت. ئه و باشترین هاوڕێی ئەوان و من و بێگومان ئێوەش دەبێت.
پێشەکیی وەرگێڕ
سەبارەت بەم ڕۆمانە
ئەم ڕۆمانە کتێبی دووەم و تەواوکەری ڕۆمانی “عەشیقی وەرگێڕ”ە. لە بەشی یەکەمدا ڕووداوەکان لەناو نیشتماندا ڕوو دەدەن، لەم بەشەدا باس لە دەرچوونی عەشیق لە نیشتمان و ژیانی لە ڕۆما دەکات، ئیدی لێرەوە عەشیق لە بەراییی ڕۆمانەکەوە تا دوایییەکەی بە دەست کۆچی زۆرەملێ و دووریی لە نیشتمانەوە دەناڵێنێت، درەختێکی له بێخەوە هەڵکێشراو بوو و لەوێ شین نەبووەوە، لای ئه و نیشتمان زام و کۆچیش خوێ بوو، ئه و لە غوربەت هێندەی بیری نیشتمان دەکات، بیر لە نیشتمان ناکاتەوە، بۆ ئه و نیشتمان بریتی نییە لە خاکێکی بێهەست و بێڕۆح، ئەوە کەسەکان و یادەوەرییەکانن، نیشتمانی ئەون، بۆیە شتێک نییە ناوی تاسە بێت بۆ نیشتمان، بەڵکو ئەوە تاسەیە بۆ یادەوەرییەکان.
ئه و دوور لە ئیرادەی خۆی بۆ چوار ساڵ خوێندن دەڕوات، کەچی به ویستی خۆی پاش پەنجاوچوار ساڵ دەگەڕێتەوە، هەموو شتەکانی لە دەستداوە، هەموان نامۆن بەو، تەمەنی لاویی بەوێ بەخشی و پیرییەکەشی بۆ وڵات هێنایەوە، ئه و بە مەبەستی خوێندن بۆ فێربوونی زمانی لاتینی و ئیتاڵی دەڕوات، کەچی لەوێ کێشەی ئایینی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئه و دوای ئەوەی لە ژیانیدا هەست بە بۆشایییەکی گەورە دەکات و ئایینەکەی دەگۆڕێت، شتێک نابینێتەوە ناوی لێبوردەییی ئایینی بێت، هەست دەکات ئایینەکان وەڵام بە پرسیارەکانی ئه و نادەنەوە و پرسیارەکانی بێ وەڵام دەنێژرێن، کاتێکیش تووشی قەیرانی هزری دەبێت و خۆی ون دەکات، تاقە پەناگەیەک دەدۆزێتەوە، ئەویش پەناگەی وەرگێڕانە.
دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ جان دۆستدا لەسەر کتێبی یەکەم “عەشیقی وەرگێڕ”، به و پاساوەی ئەوە هونەری ڕۆمانە ڕووداوەکان به ناتەواوی بۆ خوێنەر جێدەهێڵێت، لەسەر پێداگریی من جان دۆست کتێبی دووەمی نووسی، ئەوه بوو بە دەستنووسی ئەم بەشەی بۆ ناردم، دوای ئەوەی خوێندمەوە هەندێ تێبینیم لەسەری هەبوو، جان بە دڵێکی فراوانەوە قبووڵی کردن، چاکی کردن و شتی تری خستەسەر، کە بەوە ڕۆمانەکەی دەوڵەمەندتر کرد، ئیدی منیش دەمودەست بەر لەوەی کتێبەکە به عەرەبی چاپ بکرێت، وەرم گێڕا.
ماوەتەوە لێرەدا پڕ بە دڵ، سوپاسی بێپایانی مامۆستا ئیبراهیم قادر و پارێزەر لوقمان حوسێن بکەم، بۆ ماندووبوونیان لە پێداچوونەوەی وەرگێڕانە کوردییەکە، به تێبینییەکانیان ڕۆمانەکەیان جوانتر و دەوڵەمەندتر کرد، منەتباریانم.
بڵاوکار: ناوەندی غەزەلنووس- بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە