لە نوێترین هەنگاویدا ڕاکان سەعید جبووری، پارێزگاری #کەرکووک# بەوەکالەت بڕیاریداوە هەزار و 600 پارچە زەوی لەسەر ڕێگەی بەغدا و لەناو کەرکووک بەسەر هێزەکانی حەشدی عەشایەری دابەشبکات.
بەشێک لەو زەویانە لە خوارووی گەڕەکی عەسکەرین و بەشێکیشیان زەوی کشتوکاڵین. ئەو کەسانەی زەوییەکانیان وەرگرتووە سەرجەمیان خەڵکی حەویجەن و نزیکن لە ڕاکان سەعید.
ئیسماعیل حەدیدی، ئەندامی ئەنجومەنی عەرەبی نایشارێتەوە دیاردەی زێدەڕۆیی لەسەر زەویی لە کەرکووک زۆر لە جاران زیاتر ڕوودەدات.
ئیسماعیل حەدیدی بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند هەڵمەتێکی گەورەی زێدەڕۆیی هەیە، بەپێچەوانەوە زۆر زیاتر لە ڕابردوو دەکرێت. پێشتر لیژنە پێکدەهێنرا؛ بە ئەندازەیی دەکرا و هەندێک ڕێوشوێن هەبوون. هەموو ئەو زێدەڕۆییانەی ئێستا لە نەبوونی دەسەڵات و یاسا دەکرێن، یاسایەک نییە ڕێگری لە خەڵک بکات لەسەر ئەو زێدەڕۆییانە، بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی هێزی دەسەڵاتدار.
لایەنە کوردستانییەکان لە بەرامبەر کارەکانی ڕاکان سەعید کاردانەوەیان نییە. بەبڕوای یەکێتی ئەو پرۆسەیەی پارێزگاری بەوەکالەت لەسەر هەمان پرۆسەی تەعریبە کە پێشتر ڕژێمی سەددام حوسێن هەوڵی بۆ دەدا.
#مەریوان# نادر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند ڕاکان سەعید تەواوکەری پڕۆژەی تەعریبی دەستپێکردووە. کاردەکات لەسەر تەعریبکردنەوەیەکی نوێ لە کەرکووک. ئێمە لەسەر کۆی ئەم کێشانە ڕاکان سەعید خوڵقاندوویەتی لە پەرلەمان و هەم لەگەڵ هێزە بڕیار بەدەستەکانی پارتە عێراقییەکان قسەمان کردووە و پێمانگوتوون پارێزگار بەخراپی کاردەکات.
مانەوەی ڕاکان جبووری لە پۆستی پارێزگار بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بووە هۆی چەندین گۆڕانکاری، کە بەبڕوای لایەنە کوردستانییەکان کۆی هەنگاوەکانی پارێزگاری بەوەکالەت دژی کورد بوون. لەو ماوەیەشدا چەندین هەوڵدراون بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد بەڵام بەبێ ئەنجام ماونەتەوە.
راکان جبووری کە بڕیاروایە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا سوێندی یاسایی لە پەرلەمان بخوات، پۆستەکەی بە بەتاڵی دەمێنێتەوە. بەپێی یاسا تاوەکو ماوەی 15 ڕۆژ قایمقامی کەرکووک بەوەکالەت پۆستە بەڕێوەدەبات، ئەگەر تاوەکو ئەوکات ئەنجوومەن پارێزگارێک دیارینەکات، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەتوانێ کەسێک بە دامەزراندن لەو پۆستە دابنێت.
محەممەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەو هەنگاوەی پارێزگاری کەرکووک بە تەعریبی نوێ ناودەبات و بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، دابەشکردنی زەوی بەسەر حەشدی عەشایەری لە کەرکووک تەعریبێکی ئاشکرایە و پێشتریش زەوی بەسەر #حەشدی شەعبی# دابەشکراوە.
محەممەد کەمال باسی لەوەکرد، لەو کاتەی ڕاکان سەعید بووەتە پارێزگار بەشێکی زۆری زەوی نیشتەجێبوونی لە کەرکووک بەسەر عەرەبە هاوردەکاندا دابەشکردووە، چەند جارێکیش زەوی بەسەر تورکمانە شیعەکاندا دابەشکردووە.
لەبارەی کاریگەری دەستبەکاربوونی پارێزگارێکی کورد بۆ ڕێگری لە کارەکانی ڕاکان سەعید، محەممەد کەمال گوتی تاوەکو سوپا و حەشدی شەعبی لە کەرکووک نەچنە دەرەوە و بارودۆخ ئاسایی نەکرێتەوە دانانی پارێزگار هیچ سوودێکی نابێت، چونکە ئێستا لە کەرکووک بەشێوەیەکی سەربازی حوکم دەکرێت نەک مەدەنی.
ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی سەر بە یەکێتی بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، لەدوای دەستبەکاربوونی ڕاکان سەعید چەندینجار زەوی بە نایاسایی دابەشکراوە. ڕاشیگەیاند، دابەشکردنی زەوی لەدەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگادایە، هەر زەوییەک بەبێ ئاگاداری ئەنجوومەنی پارێزگا دابەشبکرێت وەک زەوی زێدەڕۆ ئەژماردەکرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا ئاماژەی بەوەکرد، بە هیچ شێوەیەک ئەنجوومەنی پارێزگا ڕەزامەندی لەسەر پێدانی زەوی بە حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری نەداوە، بەڵکو بە نایاسایی پێیاندراوە و زیاتر لەلایەن دەسەڵاتی سەربازییەوە لە کەرکووک پێیاندراوە.
جگە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر عەرەبەکانی دەرەوەی کەرکووک، ڕاکان سەعید لەماوەی ڕابردوودا بڕیاری وەرگرتنەوەی زەوی چەند گوندێکی کوردنشینی سنووری پارێزگاکەی دەرکرد بۆ ئەوەی بدرێنەوە عەرەبە هاوردەکان، هەروەها بەڕێوەبەرە کوردەکانی سنوورەکە لە پۆستەکانیان لابران.[1]
#14-11-2018#