لە سنووری شارۆچکەی دووبز بە بڕیارێکی ڕاکان سەعید، پارێزگاری #کەرکووک# بەوەکالەت عەرەبە هاوردەکان دەستیانبەسەر زیاتر لە حەوت هەزار و 500 دۆنم زەوی کورددا گرتووە، چاویان لە 11 هەزار دۆنمی دیکەش بڕیووە.
زەوییەکان دەکەونە گوندەکانی #تەقتەق#، شیرینا، نادراوە و عەمشه، بەگوتەی کوردانی ناوچەکە پشتئەستوور بە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان زەوییەکان لە کورد دەسەنرێنەوە و ڕێگەی چوونیشیان بۆ سەر زەوییەکانیان لێ داخراوە.
سیروان محەممەد، جووتیار بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، لە کۆی دوو هەزار دۆنم زەوی هەزار و 500 دۆنمی لەلایەن عەرەبەکانەوە دەستیبەسەردا گیراوە و تەنیا 500 دۆنم زەوی بۆ خەڵکی گوندەکە ماوەتەوە، بەوەشەوە نەوەستاون هەوڵی لێسەندنی ئەو 500 دۆنمەش داگیربکەن.
ئەو زەویانە کە بەپێی مادەی 140 بۆ خاوەنە کوردەکانیان گەڕێنراوەتەوە، عەرەبە هاوردەکان جگە لە دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان، گوشاریان لە دانیشتووانی گوندە کوردنشینەکانیش کردووە زێدی خۆیان چۆڵبکە و سنوورەکەش جێبهێڵن.
لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 380 هەزار دۆنم زەوی لە ڕۆژئاوای کەرکووک هەڕەشەی تەعریبکردنیان لەسەره، خەڵکی ئەو سنوورە چاویان لەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردستانییەکان فریای ئەو ناوچانە بکەون.[1]
#14-11-2018#