دوای 81 ساڵ لە سێدارەدانی (#سەید ڕەزا#) بە نەمری مایەوەو شۆڕشی گەلی کوردستانیش بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەردەوامە
- جەماوەری وڵاتپارێزی کوردستان...
- کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان...
81 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە 15 / 11 / 1937، تورکە تۆرانییەکان لە تاوانێکی بێوێنەو وەحشیگەرانەدا شۆڕشگێڕی مەزنی کوردستان (سەید ڕەزای دێرسم)یان لە سێدارەدا، تەنیا تاوانی شەهید (سەید ڕەزا) ئەوە بوو کەوا داوایدەکرد گەلی کوردستانیش وەکو گەلانی دیکە بە ئازادی بژین، تورکیای فاشی کەوا لەسەر بنەمای فاشییەت دامەزراوە لەجیاتی وەڵامدانەوەی (سەید ڕەزا) بە شێوەیەکی سەردەمییانە، (سەید ڕەزا)یان گرت و بە تەمەنی 80 ساڵییەوە لە سێدارەیاندا، ئێستاش دوای 81 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر لە سێدارەدانی (سەید ڕەزا)؛ دەسەڵاتدارانی تورکیا بە هەمان عەقلییەت مامەڵە لەگەڵ پرسی گەلی کوردستان دەکەن، کە عەقلییەتی ڕەتکردنەوە و نەهێشتنی گەلی کوردستانە بە خاک و خەڵکەوە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانن کەوا دوای 81 ساڵ لە سێدارەدانی؛ (سەید ڕەزا) بە نەمری مایەوەو شۆڕشی گەلی کوردستانیش بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەردەوامە و بەردەوام دەبێت تا وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان.
دەبێ تورکیا ئەوە بزانێت کەوا (گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و لە سێدارەدان) چارەسەری پرسی گەلی کوردستان ناکەن و تا خاوەنی ئەو لۆژیکە بێت شۆڕشی کوردستان بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە تورکیا بەرنامەیەکی سەردەمییانەی بۆ چارەسەری پرسی گەلی کوردستان هەبێت و ڕێگەی دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن هەڵبژێرێت نەک ڕێگەی شەڕ و ڕەتکردنەوە، دەبێ تورکیا ئەوە بزانێت کەوا نزیکەی 100 ساڵە شەڕی گەلی کوردستان دەکات هیچ ئەنجامێکی نەچنیوەتەوە، بۆیە پێویستە ڕێگە چارەی ئاشتیش تاقیبکاتەوە، لەبەرئەوەی دەبێ ئەوە بزانێت کەوا سەردەم سەردەمی دیالۆگ و لەیەکترگەیشتنە نەک شەڕ و یەکتر ڕەتکردنەوە.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهید (سەید ڕەزا) و تەواوی شەهیدانی ڕێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.
- مردن و ڕووڕەشی بۆ دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان.
#غەفوور مەخمووری#
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
#15-11-2018#