ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتووچۆ
بەهۆی ئه و کاریگەرییە گەورەیەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەسەر گیان و ماڵی هاوڵاتیان هەیەتی لەپێناوی ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتان بۆ بایەخدان بە سێکتەری هاتوچۆ بەشێوەیەک کە سیستمێکی سەلامەتخوازانە بێت، نەتەوەیەکگرتووەکان سێهەمین یەکشەمەی مانگی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جیهانی یادکردنەوەی قوربانیانی هاتوچۆ دیاری کردووە.
مەترسیەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەجیهاندا هێندە زۆرن هەمووساڵێک زیاتر لە یەک ملیۆن و سێسەدهەزار هاوڵاتی گیان لەدەست ئەدەن، زیاتر لە پەنجا ملیۆن بریندار دەبن و ملیۆنانیش بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە دەبنە خاوەن پێداویستی تایبەت. زیانە ماددیەکانیشی بە ملیارات دۆلار مەزەندە دەکرێت، عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەڕیزی پێشەوەی وڵاتە مەترسیدارەکاندان لەڕووی هاتوچۆوه و ساڵانە نزیکەی هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بەڕووداوەکانی هاتووچۆ گیان لەدەست ئەدەن و هەزارانیش بریندار دەبن بەهۆی پابەند نەبوونی شۆفێران بە یاساو ڕێنماییەکانی هاتووچۆو خراپی بەشێکی زۆری ڕێگاوبانەکان و نەبوونی مەرجەکانی توندوتۆڵی ئوتومبیلەکانەوە.
نەبوونی گواستنەوەی بەکۆمەڵ و لاوازی گواستنەوەی گشتی وایکردووە کە هاوڵاتیان لەهەموو هاتووچۆیەکیاندا ئوتومبیل بەکار بهێنن، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای #سلێمانی# وێڕای نیگەرانی زۆری خۆمان بەرامبەر بە زیانە گیانی و ماددیەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ هاوخەمی خۆمان بۆهەموو کەسوکاری قوربانیان ڕادەگەیەنین. لەهەمانکاتدا داوا لە شۆفێران دەکەین پابەند بن بە یاساو ڕێساکانی هاتوچۆوه و گیانی خۆیان و ئەوانی تریش لە ڕووداوەکان بپارێزن. هەرلەم بۆنەیەدا داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین پشتیوان و هاوکارمان بن لەلێپرسینەوەی سەرپێچیەکان چونکە ئێمە وەک لەدرووشمی یەک مانگی ڕابردووی هەڵمەتی هوشیاری بۆشۆفێرانداڕامانگەیاندبوو (ئامانجمان سزادانیان نیە، پەرۆشی سەلامەتیتانین) هەروەها داوا لە #وەزارەتی ناوخۆ# دەکەین هاوکارمان بن لە دابینکردنی پێداویستیەکانی شەقام و ڕێگاوبانەکان بۆ هێڵکاریکردن و دانانی هێماو تابلۆکانی هاتووچۆو باشکردنی ژێرخانی هاتووچۆ، هەروەها داوا لەحکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و وەزارەتی گواستنەوە دەکەین کەرتی گواستنەوەی گشتی چالاک بکەن و هۆکارەکانی گواستنەوەی بەکۆمەڵی خەڵک دابین بکەن. داوا لە هەموو دامو دەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی دەکەین هەموومان با پێکەوە دژی تیرۆری سپی ڕاوەستین و با پلانی ساڵانەمان هەبێت بۆ کەمکردنەوەی قوربانیەکان.
هەرلەم بۆنە جیهانیەدا بەڕێوەبەرایەتیمان ئەمڕۆ یەکەم دیداری هاتوچۆ ڕێکدەخات لەژێر دروشمی (بەره و پێشخستنی سیستمی هاتوچۆ) بەبەشداری دامو دەزگا پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵێک کەسایەتی و شارەزاو خەمخۆری بواری هاتووچۆ، هەرهەنگاوێک بۆ پێشخستنی سیستمی هاتووچۆ لەپێناوی کەمکردنەوەی قوربانییەکان و باشتر ڕێکخستنی هاتووچۆی سەر شەقام و ڕێگەوبانەکان و بەرزکردنەوە کوالێتی خزمەتگوزاریەکانی هاتووچۆدایە.
باهەموومان لە خەمی پاراستنی گیانی هاوڵاتیاندا بین لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ
باهەموومان بەڕووی سەرپێچیەکانی هاتووچۆدا بوەستینەوه و ڕێگەنەدەین کەسانی سەرپێچیکار ببنەهۆی لەناوبردنی ئەوانی تر باهەموومان پێکەوە کار بۆ هاتووچۆیەکی باشترو پێشکەوتووتر بکەین.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی
#18-11-2018#