یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
ماوەیەک بوو مەسەلەی ئاڵای شۆڕش کە هەڤاڵ مەلا بەختیار سەرپەرشتیی دەکرد، لەناو یەکێتیدا دروست بووبوو. بۆ ئه و مەسەلەیەش چەند جارێک لەگەڵ برادەرانی ئاڵای شۆڕش قسە کرا. لەناو یەکێتی و بەتایبەت کۆمەڵەدا شتێکی دیار بوو، دوای دانوستان هەستی پێدەکرا.
جارێکیان چەند هەڤاڵێک هاتن بۆ سیروان بۆ لای مام جەلال و لەوێشەوە چوون بۆ قەرەداغ بۆ لای کاک مەلا بەختیار. ئەوەی لەبیرم بێ، ئەم هەڤاڵانە بوون 1- ئازاد هەورامی 2- کاک وەهاب 3- مامۆستا موحسین 4- مامۆستا پشکۆ. خۆشیان هەندێکیان هەر ئاڵای شۆڕش بوون. من وردەکاریی قسەکان نازانم. لە ئەنجامدا وادەرکەوت لێی قبوڵ نەکرێت، بەتایبەتیش لەم وەزعەی یەکێتیدا. باشم لەبیرە لەگەڵ هەڤاڵەکان نامەیەکم نووسی بۆ کاک مەلا بەختیار، هەندێک شتم تێدا نووسی و داوام کردبوو وا برادەران هاتوون، چیتان پێدەکرێ بۆ خزمەتی یەکێتی، درێغی مەکەن، شتی تریشم نووسی بوو. پاش ئەوەش وابزانم جارێک مام جەلال کاک مەلا بەختیاری بینیبوو، زۆر شتیان باس کردبوو، ئەوانیش نیازی لەتکردنی یەکێتییان نەبوو، لە ڕاستیدا چەند تێبنییەکیان لەسەر هەندێک شت هەبوو.
من و ملازم عومەر لە بارەگای مەکتەبی سەربازی بووین
ماوەیەک بوو مام جەلال بارەگای خۆی گواستبۆوە بۆ دۆڵی جافایەتی و لە دێی یاخسەمەر بارەگای دانابوو. منیش چووبوومە ماڵەکەی ئەوەوه. ڕۆژێکیان ئه و پێشمەرگەیەی لەسەر جهازەکە بوو، هات. من و ملازم عومەر پێکەوە بووین. وتی بە بێسیمەکە گوێم لێبووە شتێک ڕووی داوە لە قەرەداغ، وتی وابزانم کاک مەلا بەختیاریان گرتووە و چەکیان کردوون. پێکەوە لەگەڵ کاک عومەر چووینە لای بێسیمەکە و گوێمان گرت، دەرکەوت کە هێزێکیان کۆکردۆتەوە بە سەرپەرشتیی هەڤاڵ جەبار فەرمان و شەوکەتی حاجی موشیر، چوونەتە سەریان و گرتویانن. کاک ڕۆستەمیشیان لەگەڵ بوو، نازانم کێی تریشیان لەگەڵ بوو لە لێپرسراوانی تیپەکان. کاک عومەر کە گوێی لە هەندێ قسە بوو، لێیان توڕە بوو و جیهازەکەی داخست. زۆر توڕە بوو لەوەی دژی مەلا بەختیار کردبوویان. بۆ مێژوو شاهیدم هەڵوێستێکی مەردانه و پیاوانەی هەبوو. بێسیمەکەی پێچایەوە و ناردیەوە بۆ لای مام جەلال. ئیتر کاک عومەر زویر بوو و لە ماڵەکەی خۆی دانیشت. بمانەوێ و نەماوێ به و هۆیەوە کارەکان تێک چوون، مەکتەبی سەربازییش نەما. پاش چەند ڕۆژێکی تر من و ملازم عومەر چووین بۆ لای مام جەلال لە یاخسەمەر. دوای ئەوە سەردانێکی مەلا بەختیارمان کرد لە زیندان. دوای ئەوەش سەرێکم لە کاک نەبەز دا، ئه و و مامۆستا پشکۆیان لەسەر ئه و مەسەلەیە زیندانی کردبوو. دوایی گەڕاینەوە بۆ لای مام جەلال. لەسەر ئەوەی ڕووی داوە، کاک عومەر قسەی لەگەڵ مام جەلال کرد، ئیتر پێکەوە گەڕاینەوە بۆ سیروان. هەردووکمان ماڵمان لەوێ بوو.