هەردوو کۆمپانیای دانە گاز و نەوتی هیلال ڕایانگەیاند، کە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 30% زیادیکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-11-2018، کۆمپانیای دانە گاز و کۆمپانیای نەوتی هیلال ڕاگەیێندراوێکیان لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان (کە لەلایەن هەردوو کۆمپانیاوە سەرپەرشتی دەکرێت) بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، ئاستی وەبەرەهێنان لە پرۆژەی گازی کوردستان تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار، بەمەش کۆی گشتی بەرهەمهێنانی هاوتای نەوت گەیشتە (250) ملیۆن بەرمیل کە بەمەش توانرا زیاتر لە (20) ملیار دۆلار پاشەکەوت بکرێت بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کە دەبوو لە کڕینی سووتەمەنی سەرفبکرێت.
دانە گاز و کۆمپانیای نەوتی هیلال ئاماژە بەوەش دەکەن، کە وەبەرهێنانی زیاتر بەڕێوەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ڕۆژانە بۆ 900 ملیۆن پێ سێجا لە سێ ساڵی داهاتوو، هاوشان لەگەڵ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی شل.
د. پاتریک ئەڵمان وارد، بەڕێوەبەری جیبەجێکاری کۆمپانیای دانە غاز ڕایگەیاند: سەرەڕای بوونی ئاستەنگ و بەربەستی زۆر لە (10) ساڵی ڕابردوو، مایەی شانازییە بۆ ئێمە کە توانیمان ڕێژەی بەرهەمهێنان و بەکاربردنمان لە ئاستی خۆیدا بهێڵینەوە و ئێستا دوابەدوای وەرگرتنەوەی گشت شایستە داراییەکانمان لە هاوینی ڕابردوو، بە پەرۆشین بۆ فراوانکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆ دابینکردنی غازی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
دەقی ڕاگەیێندراوەکە..
دانەغاز، کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی غازی سرووشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ هاوبەشەکەی کە کۆمپانیای (نەوتی هیلال)ە ڕایانگەیاند، کە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێژەی 30% زیادیکردووە، شایانە باسە ئەم کێڵگەیە لە لایەن هەردوو کۆمپانیای ناوبراوەوە سەرپەرشتی دەکرێت لە بری (پێرڵ پترۆلیۆم). ئەم زیادبوونەش بووە هۆی دابینکردنی سووتەمەنی زیاتر بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێم، هەروەها وەرچەرخانێکی سەرەکیان تۆمارکرد بەوەی کە هەردوو کۆمپانیاکە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان یادی (10) ساڵەی بەردەوام بەرهەمهێنانی غازیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
فراوانبوونی وێستگەی چارەسەری غازی کۆرمۆر زنجیرەیەک کاری زیادکردن و گۆڕینی کارگەکەی لەخۆ گرتبوو لە پێناو نەهێشتنی بەربەست لەبەردەم غاز ڕۆیشتن، و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لە 305 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا لەگەڵ بەرهەمهێنانی کۆندێنسەیت کە ڕۆژانە بڕەکەی لە 15 هەزار بەرمیل تێدەپەڕێت. وێستگەکە کە لە ساڵی 2008 خرایە بەرکار بۆ دابینکردنی غازی سرووشتی لە وێستگەی (کۆرمۆر)ەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە #چەمچەماڵ# و #هەولێر# لە ڕێگەی هێڵی بۆریەوە و بەم زووانە غاز بۆ وێستگەی کارەبای (بازیان) یش دابین دەکات. هەروەها وێستگەی کۆرمۆر غازی شل (LPG) و شلەکانی غازی سروشتی (NGL) یش بەرهەم دەهێنێت کە لە بازاڕی ناوخۆ دەفرۆشرێت.
بە پێی ڕێککەوتنێک بۆ فرۆشتنی غاز کە لە کانونی دووەمی 2018 لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان واژوو کرا، پێرڵ پترۆلیۆم هەڵدەستێت بە فرۆشتنی غازی زیاتر بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تێچوویەکی کەم، کە لە ڕووی ژینگەیشەوە بە باشترین سەرچاوەی سووتەمەنی هەژمار دەکرێت و بەمەش ڕەوشی کارەبا باشتردەبێت.
فراوانکردنی وێستگەکە لە کاتێکدا دێت کە (پێرڵ) یادی (10) ساڵەی بەرهەمهێنانی غاز دەکاتەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە ڕێوڕەسم و ئێوارەخوانێکدا لە هەولێر و بە ئامادەبوونی #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان و چەندین بەرپرسی باڵای تر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسانی باڵای هەردوو کۆمپانیاکە یادی شەراکەتی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرایەوە کە بووەتە هۆی پێشکەوتن و خزمەتگوزاری زیاتر و باشتر بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوو.
ئاستی وەبەرەهێنان لە پرۆژەی غازی کوردستان تا ئەمڕۆ گەیشتۆتە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار بەمەش کۆی گشتی بەهەمهێنانی هاوتای نەوت گەیشتە (250) ملیۆن بەرمیل کە بەمەش توانرا زیاتر لە (20) ملیار دۆلار پاشەکەوت بکرێت بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی کە دەبوو لە کڕینی سووتەمەنی سەرف بکرێت. هەروەها وەبەرهێنانی زیاتر بەڕێوەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ڕۆژانە بۆ 900 ملیۆن پێ سێجا لە (3) ساڵی داهاتوو هاوشان لەگەڵ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی شل.
بەڕێز مجید جعفر (بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی هیلال و سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی کۆمپانیای دانەغاز) ووتی: ئەم زیادبوونە لە بەرهەم وەرچەرخانێکی گرنگە بە تایبەتیش کە ئێمە یادی (10) ساڵەی بەرهەمهێنانی بەردەوامی غاز دەکەینەوە، و هەروەها دەستپێکی قۆناغێکی نوێی فراوانکردنی پرۆژەکەیە لە کارکردن و بەرهەمهێنان کە لە چەند ساڵی ئایندەدا پتر لە 600 ملیۆن دۆلاری تری تێدا وەبەردەهێنرێت و دەبێتە زیاتر لە دوو ئەوەندە کردنی ئاستی بەرهەمهێنان. ئەو غازەی ئێمە بەرهەممان هێناوە، بووە هۆی پاشەکەوت کردنێکی زۆری بودجەی تەرخانکراو بۆ سووتەمەنی و بەرزکردنەوەی بەهای ئابوری و کۆمەڵایەتی، وە هیوادارین کە بتوانین بەردەوام بین لەو بەرەو پێشەوە چوونە لە چەند ساڵی ئایندە لەو کێڵگانە کە لە ئاستی جیهاندا کەم وێنەن لە پێناو بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق.
د. پاتریک ئەڵمان وارد (بەڕێوەبەری جیبەجێکاری کۆمپانیای دانەغاز) ڕایگەیاند:
سەرەڕای بوونی ئاستەنگ و بەربەستی زۆر لە (10) ساڵی ڕابردوو، مایەی شانازیە بۆ ئێمە کە توانیمان ڕێژەی بەرهەمهێنان و بەکاربردنمان لە ئاستی خۆیدا بهێڵینەوە و لە ئێستادا دوابەدوای وەرگرتنەوەی گشت شایستە داراییەکانمان لە هاوینی ڕابردوو بە پەرۆشین بۆ فراوانکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆ دابینکردنی غازی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
لە ئابی ساڵی 2017، پێرڵ پترۆلیۆم گشت کێشەکانی پەیوەست بە کەیسی ناوبژیوانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلاکردەوە لە نێوانیاندا وەرگرتنی (1 ملیار دۆلار) یەک ملیار دۆلار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کاش لەبری شایستە داراییە کەڵەکە بووەکانی کۆمپانیاکە و دواتر پابەندبوونی کۆمپانیاکە بە فراوانکردنی پرۆژەکانیان و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێم. ئەم پلانی فراوانکردنەش لێدانی چەند بیرێک لەخۆ دەگرێت کە لە ئێستادا کۆمپانیاکە سەرقاڵی ئەنجامدانێتی لە هەردوو کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ، هەروەها هەڵبەستنی ژمارەیەک دەزگاگەلی شیکردنەوە و دەرهێنانی شلەی غاز.
ستافی هەمیشەیی کارکردنی کۆمپانیاکە کە زیاتر لە 600 کارمەند لەخۆ دەگرێت و پتر لە 80% یان کارمەندی خۆماڵین و پرۆگرامی ڕاهێنان لە ئارادایە بۆ زیادکردنی ئەو ڕێژەیە. جگە لەوەش، هەردوو کۆمپانیاکە بەشدار بوون لە سوودگەیاندن بە کۆمەڵگا لە ڕێگەی پشتگیری کردنی کەرتەکانی کارەبا و خوێندن و تەندروستی، هەروەها بەرنامەی پشتگیری بۆ دەربەدەرەکانی ناوخۆی عێراق.
پرۆژەی غازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا کاتێک کۆمپانیاکانی دانەغاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆرکرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بۆ خەمڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوت و غاز لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر) و (چەمچەماڵ) لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
بەرهەمهێنان لەو وێستگەیە کە تازە دروستکرابوو، تەنها لە دوای (15) مانگ لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 دەستی پێکرد کە ئەمەش لە کەرتی پیشەسازی بە کاتێکی پێوانەیی هەژمار دەکرێت. لە ساڵی 2009 کۆنسۆرتیۆمی (پێرڵ پترۆلیۆم) پێک هێنرا بە هاوبەشی هەردوو کۆمپانیای (دانەغاز) و (نەوتی هیلال) وەک هاوپشک و دواتریش یەک لە دوای یەک کۆمپانیاکانی OMV و MOL و RWE بە پشکی (10%)بۆ هەریەکەیان.[1]
#21-11-2018#