یادەوەرییەکان
مستەفا چاوڕەش
بێجگە لەوەی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتەکانی تر دەوریان هەبوو، یەکێکی تر لە هۆیەکانی سەرکەوتنی ڕاپەڕین بەرەی کوردستانی بوو، کە پێکەوە مژدەیان دا بە خەڵکی کوردستان کە هەموو هێزە سیاسییەکان پێکەوە بەرنامەیان داناوه و هاتوونەتە خوارەوە. ئەمەش زیاتر خەڵکی کوردستانی دڵخۆش کرد. هەر قۆڵەش لای خۆیەوە. یەکێتیی نیشتمانی بۆ ئەم ڕاپەڕینە بێبەرنامە نەبوو، هەر لە ڕۆژی یەکەمی پەلاماری سەدام حسێن بۆ کوێت یەکێتی خۆی بۆ ڕووداوەکان ساز کرد. من لەسەر کارە سەربازییەکانی پێشمەرگە قسە دەکەم. لە #05-03-1991# شاری ڕانییە ئازاد کرا، ئەمەش یەکڕیزیی کۆمەڵانی خەڵک و هێزە سیاسییەکان بوو، هەروەها هاوکاریی ئه و دۆستانەی کە لەناو ڕژێم چەکیان هەڵگرتبوو. خەڵکی سنووری ڕانیە و دەوروبەری باش دەزانن و شاهیدی ئەوەن لە پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین ڕاستییە کان باش دەزانم و ئاگادارم هەر لە ناردنەوەی بێسیمی گەورە کە مامۆستا باپیر هێنایەوە لەگەڵ عەزیز بەگ و کوردەی کوڕی، لە دۆڵی شاورێ دایان نابوو بۆ پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتی پێش ئەوەی ڕاپەڕین بەرپا ببێ. هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ ئه و هێزانەی لای ڕژێم چەکدار بوون. هەندێکی لە ڕابوردوودا لای خۆمان پێشمەرگه بوون، دیار بوون و پەیوەندییان هەبوو. بە یەکەم تەقەی شەهید عەلی نەبی بڵێسەی ڕاپەڕین دەستی پێکرد. خۆشبەختانە ڕانیە ئازاد کرا، ئەنجا شوێنەکانی تر، لە ڕۆژی #07-03-1991# لە شاری سلێمانی و ڕۆژی 11/3/1991 لە شاری هەولێر ڕژێم بەدەرنرا لە کوردستان. بۆ یەکەم جار لە ڕێکەوتی 20\21/3/1991 شاری کەرکووک ڕزگار کرا و ماوەی چەند ڕۆژێک هەوای ئازادیی هەڵمژی. [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 11,239 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!