لە شاری #کەرکووک#، ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی ژنان و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هیچ ئامارێکی توندوتیژی ژنانیان لە بەردەست نیە، چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنانیش دەڵێت، لە کەرکووک هیچ ڕێکخراوێک نیە بەرگری لە ژنان بکات.
لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی پەیوەست بە پێشلێکاری و توندوتیژی دژ بە ژنان لە شاری کەرکووک بڵاونەکراتەوە، هەر بۆیە ڕوون نیە لە شاری کەرکووک، دۆخی ژنان و پێشلکاریەکان بەرامبەریان لە چ ئاستێکدایە.
ماوی زیاتر لە ساڵێکە لە شاری کەرکووک چەندین ڕێکخراو لە سەرجەم بوارەکاندا، ڕێگە بە کارکردنیان نادرێت، بە بیانوی ئەوەی کە ئه و ڕێکخراوانە مۆڵەتیان لە عێراق وەرنەگرتووە، ئەمەش وایکردووە چەندین ڕێکخراوی بواری مافەکانی ژنان لە کەرکووک نەتوانن کار بکەن و چالاکی ئەنجامبدەن، ئەمەش بە هۆکارێک دادەندرێت بۆ نەزانینی ئاماری توندوتیژی دژ بە ژنان.
نێرگز قادر، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، له و بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە دوای ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی ژنان پێی ناوەتە قۆناغێکەوه، کە کەس سەری لێدەرناکات، چونکە بیانوی جۆراو جۆر هەیە، پێشتر 23 ڕێکخراوی بواری مافەکانی ژنان و منداڵانمان هەبوو لە شارەکە، ئێستا بیانوی ئەوەیان هەیە کە یەکەم مۆڵەتیان نیە و دووەم بوجەی تایبەتیان بۆ خەرج ناکرێت، ئەمە وایکردووە ئەو ڕێکخراوانەی ئه و بوار وەک پێویست نەبن، هەروەها بێ سەروبەریەک هەیە لە کەرکووکدا، دۆخە سیاسی و ئابوریەکە خاوەنی نیە جا چجای بگاتە ئاستی ژنان.
دەشڵێت: دۆخی کەرکووک وایکردووە، کە کەس ئاگاداری کەیسی ئه و ژنانە نەبێت کە توندوتیژی بەرامبەرایان دەکرێت، لە شارەکە هیچ ئامارێکی دروست پەیوەست به و بابەتە لە بەردەست نیە، پۆلیس ئامار نادات، ئێمە چەندین جار لەگەڵ پۆلیس قسەمان کردوە، ئەوان ئاماری ورد و دورستیان لەبەردەستدا نیە، هەندێ جار ئه و ژمارەیانە کە پێتی دەدەن ناڕاستن، زۆر جار ئه و ئامارانەی کە لای ئەوانە لەگەڵ ئاماری بنکەی پۆلیسی گەڕەکان یەکناگرێت، پۆلیس پشت به و ئامارانە نابەستێت کە دوور لە پۆلیس ڕوویداوە، تەنها پشت بەوە دەبەستن کە سکاڵایان لا تۆمارکراوە.
دەربارەی کە ئێستا لە کەرکووک، کێ بەرگری لە مافەکان ژنان دەکات، نێرگز قادر، دەڵێت: لە شارەکە هیچ کەس و لایەن و ڕێکخراوێک نیە بەرگری لە ژنان بکات و داکۆکی لە مافەکانیان بکات، ئێستا ژنان خۆیان خۆیان دەپارێزن، نە دادگا بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت، پۆلیسش تەنها داکۆکارێکی کاتی بووە نەیتوانیەوە بەرگریکار بێت لە ژنان.
جوان حەسەن، سەرۆکی لیژنەی ژنان و منداڵان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەسەر هەمان پرس، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە گۆڕانکاریەکی زۆر لە ڕێکخراوەکان کرا کە تایبەت بوون بە ژنان، پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک بڕیاردا ئه و ڕێکخراوەنەی کە مۆڵەتی هەرێمی کوردستانیان هەیە مافی کارکردنیان نیە لە شارەکە، ئەمەش وایکردووە کە بەدواداچوون بۆ کەیسی ژنان لاوز بێت، وە توندتیژەکان-یش له و وڵاتێکی وەکو عێراق، بە بەردەوام لە هەڵکشاندایە، هەروەها نەبوونی دادگایەکی باش و تا ئەوەی کەیسەکان بەیەکسانی یەکلای بکاتەوە هۆکارێکی تر.
ڕوونیشکردووە: لە شاری کەرکووک عەقڵیەتی عەشارەیەری زۆر جار لەسەروی دادگاوەیە، هیچ کات دادگا پشتی ژنانی نەگرتووە و هەمیشە هاوسەنگی لەدەسداوە، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی نەتوانرێ کەیسی ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان یەکلایی بێبێتەوە، ئەمە وایکردووە کە نەتوانین ئاماری ورد بەدەست بخەین.
دەشڵێت: بە پێی ئه و بەدواداچوون و کەیسانەی لای ئێمە هەیە، ژمارەی توندوتیژی دژ بەژنان زیادی کردووە، جا ئامارەکان جیاوازن لە ڕووی شێوەیەی، حاڵەتی کوشتن و فڕێدانی لاشەی ژنان و توندوتیژی جەستەیی و جۆرەها شێوەی تر.
سەرۆکی لیژنەی ژنان و منداڵان لە ئەنجوومەنی پارێزگا، هێمای بۆ ئەوەشکرد: پێشتر بە وەردی وردبینی بۆ ئه و کەیسانە دەکرا، بەڵام ئێستا ئەمە ناکرێت، ئێستا بۆشایەکی زۆر هەیە بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژنان، ژنان نازانن سکاڵا لای کێ بکەن، بۆیە لەوانەیە زۆر حاڵەتی توندتیژی هەبێت و کەس ئاگاداری نەبێت.
ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنی ئامار لە بەرێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک چەندین جار پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی شارەکەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکانی نەدایەوە.[1]
#24-11-2018#