ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
(1) مەحوی (1836-1906)
بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم؟
بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم؟
لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە، هەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم؟
لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زولفی یار
وەکو (شێخ) ئیختیاری مەزهەبی (تەرسا) نەکەم، چ بکەم؟
لە ڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما
دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم، چ بکەم؟
دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم؟
لە چاوا، نم نەما بۆ گریە، نۆبەی سوجدە بەردەریە
سیا ساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم؟
لە سەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم (مانع الجمع)ە
کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم، چ بکەم؟
بەجێ ماوم لە یاران، نابەجی ماوم، ئەجەل! زوو بە
بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم؟
ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا (مەحوی)!
هەتا قامی قیامەت، ئاە و واوەیلا نەکەم، چ بکەم؟
....
ئەری دڵ بێ شەرابی لەعلی گوڵڕەنگت لە گوڵ چ بکا؟!
کە جیلوەی گوڵ لە گوڵشەندا نەبێ، بولبول لە چڵ چ بکا؟
کە هەڵگیرسا لە نووری بادە شەمعی حوسنی جانانە
نەچێتە سەر تەریقەی حەزرەتی پەروانە، دڵ، چ بکا؟!
بە ئاهم گەر ڕەقیبانت بسووتێن ئەی گوڵی ڕەعنا
مەڕەنجە، تو خوا شوعلە لە ئاقاری چقڵ چ بکا؟!
هەتاماوە دەبێ ئەشکی نەدامەت داوەرێنێ چاو
عەرەق ڕیتن نەبێ، شەخسی لە کاری خۆ خەجەل چ بکا؟!
سەفەر جائیز نییە، با بۆ حەرەم بێ، لەو بەروبوومە
فەقەت مەجزووبی زنجیری نەسیبی ئاو و گڵ چ بکا؟!
فەلەک هەرگا کەسێکی هەڵبڕی، وەقتی هیلاکەتییە
کە سەر بۆ گەیینە پەت بێ، پێ لە کوورسی و ئەسکەمل چ بکا؟!
لە عوششاق و ڕەقیب ئەو شۆخە چاوی لوتفی وەرگێڕا
کە ئاسک ئادەمی یا سەگ ببینێ، غەیری سڵ چ بکا؟!
چ حاجەت نەرگسی مەستت بکەم وەسفی بە مەخمووری
کە چاوێ سوورمە کێشراوی خودایی بێ، لە کل چ بکا؟!
لە هەر جێیەک هەڵێ خورشیدی عیشقی گوڵڕووخان (مەحوی)
ئەگەر عەقڵی ببێ، لەو جێگە ئاونگی عەقڵ چ بکا؟! [1]