ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
نەکەم چی بکەم؟
کە من بۆم دەس نەدا ڕەندی دەسا تەقوا نەکەم چی بکەم؟
ئەسیری زولفی تاتانم، کە واوەیلا نەکەم چی بکەم؟
لە کونجی سۆمعەی زوهدم، هەزاران شێخ شاگردمە
لە شێخ بەدتر هەموو سەرفی قەدی تەرسا نەکەم چی بکەم؟
ئەڵێن مەجنوونی زوو شەیدا بە باڵای سەوڵی لەیلا بوو
منی شەیدا فیدای باڵات، ئەگەر لەیلا نەکەم چی بکەم؟
نە مەحویم تا کە مەحوۆ بم، نە نالیم تا بناڵێنم
بە شۆری شیعری شیرینم، فەلەک شەیدا نەکەم چی بکەم؟
لە ئەوسافی سەڵاحەددین قەڵەم ماندوو بووە ئەمجا
ئەگەر وەسفی خورافاتی کوڕی کیسرا نەکەم چی بکەم؟
خەیاڵم وایە بیری دڵ، لە عوودی سینەما دەرخەم
لە بۆ ئەم هۆزە جێماوە، دەنگێ بەرپا نەکەم چی بکەم؟
لە گۆشەی باخی کوردستان هەزار قانع بە بولبول بوو
لە باتی باخەوان ئەمڕۆ، کە خۆم ڕیسوا نەکەم چی بکەم؟
سۆزی عیشق
لە سۆزی عیشقدا سووتام کەسێ یارم نەبوو جارێ
قوڕی ئەم خاک و سەحرایە بەسەرخۆدا نەکەم چی بکەم؟
یاری دڵ ڕوبا
دڵم زنجیر ئەکەم ئەمما، لە یاری دڵ ڕوبا چی بکەم؟
ڕەگم وشکە وەکوو پووشە، لە قووەی کارەبا چی بکەم؟
کە من پێم پڕ لە خاری میحنەتە هەتاکوو بەر ئەژنۆم
قەدەم ئەنداز ئەکەم بۆ لات لەگەڵ کەوشی وەسا چی بکەم؟
لە ڕۆژ بێزارم و مەحرەم بە من هەر تاریکی شەو بوو
کە سێبەر هەر ڕەقیبم بێ، لە ڕۆژی ئاشکرا چی بکەم؟
سواری ڕەوڕەوەی مەرگم، ئەچم بۆ بەزمگاهی گۆڕ
ئولاخی عاریەم ناوێ، لە مەیدانی فەنا چی بکەم؟
دەمێ کوژراوی ئەبرۆتم، دەمێ خنکاوی ئەگریجەت
نەبێ تاوێ خەمێکم بێ، لە یاری بێ بەقا چی بکەم؟
بە ئاوی تێغی ئەبرۆت، شۆریا جەور و گوناحانم
لە ڕێوە جەننەتە جێگەم، لە دیوانی جەزای چی بکەم؟
خەیاڵم بوو لەسەر ئەمری برام تەرکی مەعاسی کەم
ئەبینم خۆی ڕیا بازە! لە تاعاتی ڕیا چی بکەم؟ [1]