ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
هەژار 1921 - 1991
ئەگەر ئاوها نەکەم چ بکەم؟
لە کەرکووکم بە ئاب، ئارەق لەبەر گەرما نەکەم چ بکەم؟
کە بەرچایی بە ماستی شل، بە پیاڵێک چا نەکەم چ بکەم؟
هەموو ڕۆژێ سەعاتێ دوان نەبێ، ئاوی ئوتێل دەبڕن
ئەگەر تەرخی دەموچاو شتن و ئیستینجا نەکەم چ بکەم؟
لە حەوت و نیو دەبێ بۆ کار بچم، ڕێم چارەگێک دوورە
لە حەوت و چارەگێکڕا شانی بۆ پێدا نەکەم چ بکەم؟
لە (دارک ڕووم) ی پڕ هاڵاو و بێن ناخۆش و بێ مەنفەز
ئەگەر چەند تەبع و تەکبیرێکی بۆ (سۆنا) نەکەم چ بکەم؟
لە دوازدەی دێمەوە برسیمە ماندووم قڕقڕەی زگمە
کە ورگی لامەزەب تا مل پڕی شۆربا نەکەم چ بکەم؟
بە ماستاوێکی شین و تام نەدار، یان ئاوە بەفری زۆر
بە دوو هێشوو ترێ، یان گڕکە بۆرێ با نەکەم چ بکەم؟
ئیتر هەر بانگی تەنزیلاتە یان شەربەت بە دوو فلسە
لە جێگەی خەو جنێودان، داد و واوەیلا نەکەم چ بکەم؟
سەر ئێوارە دووبارە کارە تا شەو کاتی حەوت و نیو
لە باتی سینەما و گەردش بەرەو خەو ڕانەکەم چ بکەم؟
شمەک هەڵگرتنە بۆ بان و خۆدانە بەعەرزیدا
هەتا خەو دوو قسەی قۆڕیش دەگەڵ شوکرا نەکەم چ بکەم؟
تەخمیسی (بارگەی یاران)
هەژار هۆنراوەی مام هێمن ی تەخمیس کردووە
ژارگەی ماران
بەربەڕۆچکەش هەیە سەرمامە! شەوان من چ بکەم؟
ئەم منداڵانە کە بێ کراس و کەوان من چ بکەم؟
دڵی بردووم کچەتیوی کەرەوان من چ بکەم؟
دێت و ڕادەبرێ وەکوو سەروی ڕەوان من چ بکەم؟
کە بەقور بانی نەکەم ڕووحی ڕەوان من چ بکەم؟
من نەشەرقیم و نەغەربیم و نەئەمریکی، نەڕووس
نەموسوڵمانی بەڕاستم و نەجووم و نەمەجووس
پیر و زورهانم و خورپەی دێ دڵم بۆ کچی لووس
قەدی ئەو شۆخە وە کوو دووخ وخەدەنگە ئەفسووس
پشتەکەم کۆمە وەکوو ماڵی کەوان من چ بکەم؟
سەرە لەرزۆک و قۆڵ و چۆکە شل و زگ پەنەماو
لاملم خوارە پشوم سوارە پڕوش و کزە چاوم
چوار پەلم شل بوو لەشیشم بووەتە لانکە شکاو
تازە هەنگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆ شەوڕاو
جوانە زۆرجوانە بە ڵێ ڕەوتی کەوان من چ بکەم؟
بەزگی برسی خەوم نایە هەرچەندە وەرکەوم
ئارەزووم هەر ئەوەیە نانی گەرم بێتە خەوم
وەکی ڕەشکێکی ڕزیو پسپسە گش قوڵف و گەوم
زەبری ئاوزەنگی بڕا و شل بووە دەستی جڵەوم
دێ دەنا پڕمەیی بۆر و بدەوان من چ بکەم؟
دم دمی چی؟ ئەوە دوێنێ بوو ئەمن زۆر کەونم
دایکە وای ڕەحمەتی! ئەوسایە کوتابووی تەونم
وشک و ڕەق بومەوە تازە دەگەڕێم بۆ شەونم
ژوانی خۆشی هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم
کاتی ئاویلکە دەگەڵ زیندە خەوان من چ بکەم؟
خەڵکی پێی وایە لە خۆشیانە هەرا و گاڵەم دێ
نا براکەم لە دەستی زاڵمەکانە زاڵەم دێ
ورتەیی کۆنە برینانی دەم ئاواڵەم دێ
شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ
دێتە گوێم دەنگی گەلۆ نیوە شەوان من چ بکەم؟
لە چیایان و لە دەشتان و لە لادێ و شاران
هیچ شتێک ئێستە نەماوە وەکوو جاری جاران
دەوەرە سەیرێ بە ڕۆژی مژو گۆپاڵ باران
بارگە یان تێکەوە پێچاو بەڕێ بوون یاران
لە دنێ وا بە تەنێ پاشی ئەوان من چ بکەم؟
دە چمە لای هەرکەسێ بۆ کارێ دەڵێ کوێر و کەڕە
یە ک دەڵێ لاچۆ لەبەر چاو ئەوی تر ئێژێ هەڕە
ئەوی بۆم ماوەتەوە چاوی تەڕ و پێستی گەڕە
ژیانی من ئێستە وەکوو خۆری دەمی زەردە پەڕە
پێم نەما تین گوڕ و هێز و تەوان من چ بکەم؟
خۆم وەکوو زەڕنەقوتە و زاڕۆڵەکانیش ڕوتن
حەوتی وام هەن کە دەمی خواردنێ وەک حەو حوتن
دوێنێ ئێواری لە سەربانێ هەڵم خست توتن
(سروە) هات خونچە گوڵی باخی ئەدەب پشکووتن
باخەوانی گەرەکە تازە جەوان من چ بکەم؟
خاڵەباس یادی بەخێر ئەو دەمی داکی مردبوو
هەروەها وشک و برینگ نایە قەبر نەی یشت بوو
دێیەکەی ئێمە هەمووی دێم و تەلان و گرد بوو
ئاو نەبوو ئەودەمی (هێمن) مەلەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چ بکەم؟[1]