ئامادەکردنی: #زریان سەرچناری#
سلێمانی 2018
حاجی عبدلقادر قادری (هیوا)
چاری بێ چاری
بەنووری خوا ئەگەر ماڵی دڵم ڕووناک نەکەم، چبکەم
بە گرشەی شەوچرای وەحدەت دەروونم پاک نەکەم، چبکەم
بەهاری نامرادی گەر بە سەرماهات بە دووقۆڵی
ئەگەر بۆ خوا، بە بیری خوا، برینم چاک نەکەم، چبکەم
ئەوەی بوومە و هەچی دەمبێ، ئەگەر بڕوا بەجارێکی
بە سەبر و حەوسەڵه و هیوا، شوکر بۆ تاک نەکەم، چبکەم
لە زۆربەی زۆری بێداری زەمانە، گەر نەناڵێنم
برا و دۆست و ڕەفیق و خزم و کەس خەمناک نەکەم، چبکەم
ئەگەر نەفسم بکا زۆری و بە ناحەق لێم گڕو بگرێ
بەحەق، گەرنەیکوژم ئاخر، نەفس گەر خاک نەکەم، چبکەم
لەدنیای پڕ لە (هاڵۆز) ی ژیان سوڕما سەری حاجی
بە (هیوا) گەر سکاڵایە لەبەربێباک نەکەم، چبکەم
[1]