ئەو خانووانەی کە خاوەنی چەندین سەرگوزەشتەی فەرهەنگیی و ئەدەبیی و سیاسیی #سلێمانی#-ن و گەواهیدەری دێرینیی مێژووی ئەو شارەن، ئێستا هەندێکیان هیچ ئاسەوارێکیشیان نەماوە و هەندێکیشیان کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنیان بەسەردەبەن، ئەگەر هەر بەم پشتگوێخراوییەش بمێننەوە، پێدەچێت چەند ساڵێکی دیکە ئەوانیش ببنە بەشێک لە یادەوەریی و لەبەرچاو نەمێنن.
بەشێک لە خانووە دێرینەکانی گەڕەکی سابونکەرانی سلێمانی، بەهۆی نۆژەن نەکردنەوە و ئاوڕلێنەدانەوەیان، ڕووخاون و لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان، بەشێکی زۆریشیان ڕووخێندراون و بینای نوێ و گەراجی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە شوێنیاندا دروستکراوە.
ئەو خانووانە، کە وەک بەشێک لە مێژووی ئەدەبیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی سلێمانی هەژمار دەکرێن، هەریەکەیان خاوەن چەندین سەرگوزەشتە و چیرۆکی تایبەت بە خۆیانن، هەرچەندە بەشێکیشیان لەلایەن بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری سلێمانییەوە کڕدراون، بەڵام بەهۆی نۆژەن نەکردنەوەیانەوە، ڕۆژ بەڕۆژ هەڕەشەی لەناوچوویان زیاتر دەبێت.
فایەق حەمەساڵح، شارەزای مێژووی سلێمانی، کە کار لەسەر خانووە دێریەکانی سلێمانی دەکات، لەبارەی ئەو خانووانەوە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئەم خانووانە بایەخێکی سیاسیی، فەرهەنگیی، کۆمەڵایەتیی و مێژووییان هەیە لە سلێمانی، کە بەداخەوە ئەگەر نۆژەن نەکرێنەوە، ڕەنگە چەند ساڵێکی دیکە لەناوبچن و نەمێنن.
سابوونکەران، لەڕابردوودا ماڵی زۆرینەی ئەدیب و نووسەر و شاعیر و ڕووناکبیر و سیاسییەکانی باشوری کوردستانی لەخۆگرتووە، لە یەکێک لە کوچەکانی ئەم گەڕەکەدا ماڵی مێژوونووسی کورد ئەمین زەکی بەگ-مان دۆزییەوە، کە ئێستا هیچ ئاسەوارێکی نەماوە و شوێنەکەی کراوە بە گەراجی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل.
فایەق حەمەساڵح لەسەر ماڵەکەی ئەمین زەکی بەگ دەڵێت: ئەم خانووەی کە ئێستا بووەتە گەراج، ماڵی ئەمین زەکی بەگە، کە یەکێکە لە مێژوونووسە گەورەکانی گەلی کورد، تا ساڵی پاریش ئەم خانووە مابوو، ئەمین زەکی بەگ خولاسەی کورد و کوردستان-ی لەم خانووەدا نووسیوەتەوە، کە ئێستا بەداخەوە لەبری ئەوەی ببێتە مۆزەخانە، ڕووخێندراوە و کراوە بە گەراج.
یەکێکی دیکە لەو ماڵانە کە ئێستا کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنی بەسەر دەبات، ماڵی یەکێکە لە شاعیرە گەورەکانی گەلی کورد، کە ئەویش پیرەمێرد-ە، بۆ ئەوەی ئەو خانووە وەک یادگارییەکی ئەو شاعیرە و سامانێکی کەلەپووریش لە سلێمانیدا بەپێوە بمێنێتەوە، ئەو پیاوە 40 ساڵە ئەو ماڵەی کردووە بە شوێن ژیانی خۆی و خانەوادەکەی.
جەلال ئیبراهیم، کە 42 ساڵەی لە خانووەکەی پیرەمێرد-دا دەژی، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: تەنها بۆ ئەوەی کە ئەم خانووە لەناونەچێت، من لەناویدا ماومەتەوە، تاوەکو ئێستاش خۆم دووجار بەشێکی خانووەکەم نۆژەنکردووەتەوە و بەشەی دیکەشی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری سلێمانییەوە نۆژەنکراوەتەوە.
جەلال، باس لە هەندێک لە سەرگوزەشتەکانی ئەو خانووە دەکات و دەڵێت: لە حەوشەکەدا حەوز هەبووە، ئێواران کۆڕ و کۆبوونەوەی شاعیران و دۆستانی پیرەمێرد لێرە گێڕدراوە، پیرەمێرد خۆی لە سەربانەکەوە دانیشتووە و گوێی بۆ هەڵخستوون، ئەوانیش گفتوگۆی شیعر و ئەدەبی کوردییان کردووە.
گوزەرکردنێک بەناو کۆڵانە تەنگەبەرەکانی سابونکراندا، هاواری ئەوەت بەگوێدا دەدات، کە شوینەواری کەلتوریی و کەلەپووریی و مێژوویی ئەو شارە لە لێواری لەناوچووندایە و ئەگەر ئاوڕیان لێنەدرێتەوە، چارەنووسێکی باشتر لە ماڵەکەی ئەمین زەکی بەگیان نابێت و بۆ هەمیشە دەبنە دێڕ و تەنها لە یادەوەرییەکاندا دەردەبڕدرێن.[1]
#25-11-2018#